ژنە قژ درێژەکان بە ئاوی برنج قژیان دەشۆن

11:07 - 2023-01-08
هەمەرەنگ
386 جار خوێندراوەتەوە

لە ناوچە شاخاویەکانی هەرێمی جوانچی وڵاتی چین گوندێکی بچووک هەیە بەناوی  Huangluo ژمارەی دانیشتوانەکەی 600 کەسن و هەمویان 70 خێزانن لە یەک بنەماڵە، ئەو گوندە بەهۆی درێژی لەرادەبەدەری قژی ژن و کچەکانی ناوی کەوتۆتە کتێبی گینیس و بۆتە بە ناوبانگترین گوندی دونیا لە قژ درێژی، خەڵکی ئەو گوندە سەربە تیرەی « یاو» ن ژنەکانیان زۆر بایەخ بە جوانی و درێژی قژی خۆیان دەدەن و ژمارەی قژ درێژەکانیان نزیکەی 100 کەس دەبن، زۆربەیان قژیان لە مەترێک بۆ دوومەتر زیاتریش دەبێت، هەمیشە خزمەتی دەکەن و نایەڵن تاڵێکی لێ بکەوێت، ئەوەی سەیرە تا پیریش دەبن رەنگی قژیان هەر بە رەشی دەمێنیتەوە و سپی نابێت.

بێگانە نابێت قژیان ببینێت

لەوەش سەیرتر ئەوەیە هەر لە منداڵییەوە فێربوون قژیان بە ئاوی برنج بشۆن، کە شلەیەکی سپییە و پڕە لە ڤیتامین E و دژە ئۆکسانە و ڤیتامینی تری بەسودی تێدایە، ئەوە وادەکات قژیان نەکەوێ و هەر بە جوان و بەڕەونەق بمێنێتەوە، قژ لەو گوندە پیرۆزە و بەهای تایبەتی خۆی هەیە، جگە لە باوان و مێرد و خوشک و براو ئەندامانی خێزان کەسی تر بۆی نییە قژی ژنەکانیان ببینێت، خۆ ئەگەر بەڕێکەوت پیاوێک قژی یەکێک لەو ژنانەی بینی ئەوا رووداوێکی گەورەیە و دەبێتە کێشە و قسەوباس لەناو گوند، بۆیە کلتوری کۆنی هەزار ساڵ لەمەوبەریان  ئەوەبووە کاتێک ئەمە روویدابا نە پیاوە دەبوو بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ خانەوادەی ژنەکە بمابایەوە، تا بینینی قژی ژنەکەی لێ حەڵاڵ دەبوو واتە دەبوو ئەو ماوەیە ببوایە بە ئەندامێک لە خێزانی ژنە و نمەکی بکردنایە، بەمجۆرە وەزعەکە ئاسایی دەبۆوە، بەڵام  چوار دەیە دەبێت وازیان لەو نەریتە هێناوە و رێکارەکانی جێبەجێ ناکەن، کەچی تا ئێستاش هەر نایەڵن بێگانە قژیان ببینێت.

فێستیڤاڵی نمایشی قژ
خەڵکی گوندی هوانگلۆ لەسەر کشتوکاڵ دەژین و بەهۆی جوانی ودڵڕفێنی دیمەنی ئەو گوندە شاخاویە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن و خەڵکەکەی کەلوپەلی جۆراوجۆری وەک گەڵای چا و داوودەرمانی سروشتی و کەلوپەلی دەستکردی خۆیان و برنج و بیبەری تونیان پێ  دەفرۆشن و ساڵی جارێکیش لەناو گوند فێستیڤاڵێکی گەورە سازدەکەن، ژنەکان بە کۆمەڵ قژی خۆیان دادێنن و بۆ خەڵکی ئاوایی نمایش دەکەن، سەرنج بۆ خۆیان رادەکێشن، ئەو جەژنەیان دەرفەتێکیشە بۆ شوکردن و دروستکردنی خێزان، هەموو جارێکیش لەدوای رێوڕەسمی فێستیڤاڵەکە زەماوەند لە گوند سازدەکرێ و بەرهەمی فێستیڤاڵەکەش بەدیار دەکەوێت. 

سەرچاوە: CRL Online

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان