رەوشی بازاڕی نەوت لە 2023دا

09:28 - 2023-01-09
ئابووری
401 جار خوێندراوەتەوە
#لەوانەیە ئەمساڵ خواست لەسەر نەوت زیاد بکات

فەیسەڵ عەلی


ساڵی 2022، بۆ بازاڕی نەوت ساڵێکی تەواو جیاواز بوو، کە خۆی لە زیادبوونی بارگۆڕان و تۆمارکردنی ئاستی پێوانەیی نرخدا بینییەوە، کە بازاڕی نەوت لە 2013وە بەخۆوەی نەدیبوو، بە جۆرێک کە نێوەنجی نرخی نەوتی خاوی برنت بۆ یەک بەرمیل گەیشتە 100 دۆلار، لە کاتێکدا بەرزترینی گەیشتە 137 دۆلار. پێشبینی دەکرێت، لە 2023دا چەند ئاراستەیەکی پێچەوانە لە هەردوو لای خواست و خستنەڕوو بەخۆیەوە ببینێت، کە خۆی لە پوکانەوەی ئابووری، کەمی گەیاندنی نەوت بە بازاڕەکان، بەردەوامی قەیرانی ئۆکرایین – روسیا، دەبینێتەوە.
 لە رووی خستنەڕووی نەوتەوە ئۆپیک بە رێژەی %30 و ئەمریکا %12 و روسیا %10و %11 بە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە جیهاندا دادەنرێن. بەڵام تەنها ئەمریکا پلان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت دادەنێت، لە کاتێکدا ئۆپیک وەک بەرهەمهێنێک هەوڵی جێگیرکردنی هاوسەنگیی بازاڕی نەوت دەدات، روسیا بەهۆی ئەو سەقفی نرخەی خۆرئاوا و بەتایبەتیش ئەوروپا کە بەسەریدا سەپاندوویانە، بە ناچاری ئاستی بەرهەمهێنانی کەم کردۆتەوە.
لە دەرەوەی ئەو سێ هێزەی نەوت، ناتوانرێ پشت بە نەوتی دەوڵەتانی تر ببەسترێت تا پێداویستییەکانی بازاڕی نەوت پڕبکەنەوە، ئەویش بەهۆی کەمیی وەبەرهێنانی جیهانی لە پیشەسازیی نەوتدا، کە هەنگاونانی جیهان لەم چەند ساڵەی دواییدا بە ئاراستەی وزەی ئەڵتەرناتیف بووە، داشکانی وەبەرهێنان لە بەرهەمهێنانی نەوت و غازی سروشتی لێکەوتەوە، بەمەش ژمارەیەکی باشی پڕۆژە نوێیەکانی بواری نەوت بەبێ تەمویل ماونەتەوە. پسپۆڕانیش دەڵێن: رنگە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە سێ بۆ پێنج ساڵ بخایەنێت.

ئۆپیک پڵەس نرخ کۆنترۆڵ دەکات
لە تشرینی یەکەمی 2022دا ئۆپیک ئاستی بەرهەمهێنانی بە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل تا کۆتایی 2023 داشکاندووە، بە هیچ جۆرێک باسیان لە زیادکردنی بەرهەم نەکردووە، بە پێچەوانەشەوە، ئەو هاوپەیمانێتییە (ئۆپیک پڵەس) جەختی لەسەر مەترسییەکانی پوکانەوەی ئابووری کردۆتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ داشکاندنی زیاتری بەرهەمهێنان پیشانداوە.
هەرچەندە زۆر قورسە بەردەوامبوونی توانای ئۆپیک پڵەس لەسەر ئەو رەوتەی دیاری بکرێت، بەڵام تا ئێستا لەلایەن ژمارەیەکی کەمی بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی ئەو گروپەوە ئاستی بەرهەمهێنانیان کۆنتڕۆڵ کراوە، لەکاتێکدا دەوڵەتانی تری ئەو هاوپەیمانییە هێشتا نەیانتوانیوە ئەو بەرکەوتەیەی بۆیان دیاریکراوە وەک خۆی جێبەجێ بکەن. چونکە لە بەرژەوەندیی ئەو هاوپەیمانییەیە پارێزگاری لە جێگیریی بازاڕی نەوت و نرخەکەی بکەن.
روسیا یەکێکە لە ئەندامانی ئۆپیک پڵەس، بەڵام بەرهەمهێنانی ئێستای پەیوەست نییە بە بەرکەوتی لە بەرهەمهێنانی نەوتەوە، بەڵکو بەندە بە توانای خۆی لە هەناردەکردنی نەوت و سوتەمەنی. بازاڕی یەکێتیی ئەوروپا بە رووی نەوتی خاوی روسیا داخراوە، کە زیاتر لە نیوەی هەناردەکەی روو لەو بازاڕە بووە، لە شوباتی ئەمساڵیشدا ئەو بازاڕە بە رووی هەموو جۆرە سوتەمەنییەکی روسیادا دادەخرێت. لەگەڵ ئەوەشدا نەوتی خاوی روسیا لە رێی (لولەی درۆگبا)وە، رۆژانە 250 هەزار بەرمیل بە لقی باشووری ئەو لولەیە و نزیکەی 500 هەزار بەرمیل بە لقی باکووری ئەو لولەیە بەرەو بازاڕی ئەوروپا هەناردە دەکرێت، هەروەها تا کۆتایی 2024 رۆژانە نزیکەی 130 هەزار بەرمیل نەوت لە رێی دەریاوە رەوانەی بولگاریا دەکات.

زیانەکانی بۆ روسیا
لە بەرامبەردا، زۆربەی ئەو نەوتەی کە پێشتر رووەو بازاڕی یەكێتیی ئەوروپا بوو، ئێستا رووەو ئاسیایە، بەتایبەتیش بۆ هیندستان، هەروەها هەریەک لە چین و تورکیا هاوردەی نەوتیان لە روسیا زیادکردووە.
بەڵام هێشتا هەندێک لە پرۆسەی گەیاندنی نەوت هەڵپەسێردراوە، رەنگە فرۆشتنی ئەو نەوتە بەهۆی گرفتی نرخاندنییەوە قورس بێت، رەنگە زیانەکانی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی روسیا لە 2023دا لە نێوان0.5 بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل بێت، ئەمەش تا گرفتی میکانیزمی نرخاندنی نەوتەکەی لە بازاڕ چارەسەر نەکرێت، بەردەوامی دەبێت.
لە ئەمریکا بەدرێژای ساڵی رابردوو پەرچەکرداری کۆمپانیاکانی نەوتی بەردین بەرامبەر بە هەڵكشانی نرخ خاو بوو. ئاستی رۆژانەی بەرهەمهێنانی نەوتیان بە نزیکەی 400 هەزار بەرمیل بۆ 12.1 ملیۆن بەرمیل زیاد کرد. بۆ 2023، بەپێی پێشبینی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا بە هەمان ئاستی لە نێوان (400) بۆ (500) زیاد بکات. 
هێشتا ئەو بڕیارە سیاسییە دوور مەودایانەی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی وزە دراون، وەک خۆی پەیڕەو دەکرێن، لەسەر ئاستی کورت مەوداش، مەترسی پوکانەوەی ئابووری، بەرهەمهێنەران ناچار دەکات خۆیان لە وەبەرهێنانی فراوان لە پڕۆژەی نوێدا بەدوور بگرن، بەتایبەتی کە زۆربەی ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین، پێشتر پەرەپێدانیان تێدا کراوە.

ئاژانسی وزە پێشتر رەشبین بوو
لەسایەی ئەو پێدراوانەدا، رەنگە گەیاندنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان لە 2023دا وەک خۆی بێت، بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی نەوت نزیکەی 770 هەزار بەرمیل زیاد بکات، بەڵام ئەمە پێشبینی داشکانی بەرهەمی نەوتی روسیای بەبڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لەبەرچاو گرتووە، لە ساڵی 2022دا ئەو ئاژانسە بەردەوام رەشبینی زۆری بەرامبەر بە گەیاندنی نەوتی روسیا بۆ بازاڕەکان پیشان داوە، لەبەر ئەوە باشتر وایە ئەو ژمارانەی ئەو ئاژانسە دەیخاتەڕوو، کەمێک هەموار بکرێتەوە، تا مەزندەیەکی تر بۆ گەشەی گەیاندنی جیهانی بە بڕی  11بۆ 12 ملیۆن بەرمیل بە دەستبهێنرێت. 
لەسەر ئاستی خواست، جەخت لەسەر دوو ئاراستەی سەرەکی دەکرێتەوە، ئەگەری پوکانەوەی ئابووری، بەهۆی هەڵكشانی نرخی سوود و سوککردنی داخستنەکانی چین بەهۆی تەشەنەکردنی پەتاوە.
لەهەموو ناوچەکانی جیهان نرخی سود رووی لە هەڵكشانە، ئەمەش گوشارێکی زۆری لەسەر ئابووریی جیهان و خواست لەسەر نەوت دروست کردووە.

خواست بە جێگیری دەمێنێتەوە
لە 2022 یەدەکی فیدراڵی ئەمریکا نرخی سەرەکیی سوودی بەبڕی 425 خاڵ بۆ 4.25 بەرزکردەوە، رەنگە لە چارەکی دووەمی 2023دا بگاتە ترۆپک بۆ نزیکەی %5، دەشێ لە چارەکی چوارەمدا بەرەبەرە روو لە داشکان بکات. سیناریۆیەکی لەمجۆرە، ئەگەر بۆ خۆ بەدوورگرتن لە پوکانەوەی ئابووری و کێشەکانی بازاڕی قەرزەکان بێت، بەڵام تا رادەیەک خواست لەسەر کەرەستەی خاو بە جێگیری دەمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم جۆرە پێشبینیانە، زامنی دروست نەبوونی کێشە ناکات، رەنگە زێدەڕۆیی لە گەشبینی پێوە دیار بێت. لەبەرئەوە بازاڕ بەردەوام چاودێریی ئەو مەترسییانە دەکات، کە دەشێ ئابووریی جیهان و خواست لەسەر نەوت رووبەڕووی ببنەوە.
خواستی چین لەسەر نەوت، لە مەودای نزیکدا، کە بەهۆی تەشەنەکردنی تەوژمێکی تری پەتای کۆرۆناوە روو لە داشکانە لەسەر ئاستی مەودای دوور ئەگەری بوژانەوەی لێدەکرێت، چونکە حکومەتی چین پابەندە بە هاندانی بوژانەوەی بەکاربردن، ئاسۆی خواستی چین لەسەر نەوت بەندە بە ئاستی خێرایی بەهێزکردنی سیستمی چاودێریی تەندروستی و ئاستی خراپی ئەو تەوژمی پەتایەوە.

مەزەندەکردنێکی گەشبینانە
رەنگە لە 2023دا پشتیوانی خواست لەسەر نەوت بکرێت، ئەویش بە هەڵگرتنی تەواوی کەرەنتینەی تەندروستی لە چین، لەکاتێکدا ئابووریی جیهان رووی لە خاوبوونەوەیە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە و ئۆپیک پڵەس، پێشبینی گەشەی خواستی جیهانی لەسەر نەوت، بە نزیکەی 1.7 بۆ 2.25 ملیۆن بەرمیل بەدوای یەکدا دەکەن، ئەم مەزندەکردنە تاڕادەیەک پشت بە پێشبینی گەشبینانەی گەشەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهان دەبەستێت، بەڵام لەواقیعدا، مەترسییەکان وا دەکەن چاو بە پێشبینییەکاندا بخشێندرێتەوە بە ئاراستەی کەمکردنەوە.
رەنگە لە 2023دا خواست لەسەر نەوت بەبڕی 0.2 - 0.4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە خستنەڕووی نەوت زیاتر بێت، ئەمەش یارمەتیدەری هێشتنەوەی نرخی نەوتە بە بەرزی. رەنگە لە شوبات و ئاداری ئەمساڵدا، نرخ زۆر بەرزبێتەوە، کاتێک چین کۆتوبەندەکانی پەتا سوک دەکات و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی روسیا کەمدەبێتەوە بە پراکتیزەکردنی گەمارۆدانی بەرهەمهێنانی نەوتی روسیا. ئەوکات رەنگە نرخی نەوت بگاتە 100دۆلار، بەڵام مەرج نییە بە جێگیری بمێنێتەوە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان