كچێكی بە توانا لە هەردوو بواری وەرزش و هونەردا جێ دەستی دیارە

01:01 - 2022-04-11
وەرزش
627 جار خوێندراوەتەوە

نەبەز محەمەد عەلی

هاوژین سەردار كچێكی وەرزشكاری شاری هەولێرە، لە هەردوو بواری وەرزش و هونەریشدا لێهاتووانە جێگەی شیاوی بۆ خۆی گرتووە، لە قۆناغی سەرەتایی خوێندنییەوە حەزی بەوەرزش كردووە، سەرەتا بەیارییەكانی گۆڕەپان مەیدان و راكردنەكانی 100 مەتر و 200 مەتر دەستی بەوەرزشكردن كردووە، لەبەر ئەوەی سەرتا هیچ دەزگایەكی وەرزشی گرنگی پێنەدا، ناچار بواری هونەری هەڵبژارد و تا ئێستاش لە بواری هونەر و وەرزشیشدا بەردەوامە.
هاوژین دوای ساڵی 2016 كاتێك یانەی هەولێر تیپی تۆپی دەستی كچان دروستدەكات، ئەم جارێكی تر هەلی بۆ دەڕەخسێت بێتەوە بواری وەرزش و لەو یانەیە دەست بە یاریی تۆپی دەست دەكات، وەك راهێنەر و گۆڵچییەكی لێهاتوو ئێستا بەردەوامە، بۆ بەسەر كردنەوەی ئەم كچە هونەرمەند و یاریزانەی یانەی هەولێر، ئەم پرسیارانەمان لێكرد و ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی داینەوە.
*بەڕای تۆ چی بكرێت بۆ وەرزشی كچان؟
-ئێستا تا ڕادەیەك گرنگی بە وەرزشی كچان دەدرێت، بەڵام وەك پێویست نییە، بۆیە دەبێت زیاتر پاڵپشتی تیپەكان بكرێت و یانەكانی كوردستان تیپە جیاجیاكانی كچان دروستبكەن و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كەرتی تایبەتیش هاندەر و پشتگیرییان بكەن.
لەسەر یەكێتییە وەرزشییەكانیش پێویستە خولی بەردەوام و درێژخایەن رێكبخەن بۆ ئەوەی كچان و خانمان بەوەرزشەوە زیاتر خەریك بن.
*بە گشتی لە هەردوو بواری وەرزش و هونەردا گرفتی كچان و ژنان چییە؟
-گرفتەكان جۆراو جۆرن و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، گرفتی سەرەكی خێزانەكانن كە رێگرن لەوەی كچەكانیان وەرزش و هونەر بكەن، جگەلەوەش ئەوانەی شویان كردووە و منداڵیان هەیە و هیچ گرفتێكیان نییە بەڵام بارو دۆخی خێزانی و منداڵەكانیان دەبنە رێگر بۆ بەشدارییكردن لە هەردوو بوارەكەدا.
زۆرجاریش ناوەندی وەرزشیش خۆی بۆ خۆی بووەتە هۆی درووستبوونی گرفت و رێگری و كێشە، ئەوانەش وادەكەن كچان لە  وەرزش دووربكەونەوە، بەڵام پێویستە خۆمان بەسەر ئەم كێشانەدا زاڵبین.
*تۆ لە هەردوو بواری ورزش و هونەریشدا خۆت بینیوەتەوە، لەكامیاندا سەركەوتوو تربوویت؟
-ئەگەر چی كۆمەڵگای ئێمە هاندەر نین بۆ ئەوەی كچان و ژنان وەرزش و هونەر بكەن، بەڵام من گوێم بە هیچ كام لەو كێشانە نەداوەو لە هەردووكیاندا بەردەوامم.
لە بورای هونەردا كاری ئەكتەریم هەڵبژاردووە و تا ئێستاش لە چەندین كاری كۆمێدی و كۆمەڵایەتیشدا بەشدارییم كردووە، لە چەند كارێكی سینەماشدا رۆڵی سەرەكیم هەبووە، لە شانۆشدا بەشداریم هەیە، وەك ئەندامی تیپی نەتەوەییش بۆ هونەرە میللییەكانیش بەردەوامم، لە بواری وەرزشیشدا ئێستا راهێنەری تیپی تۆپی دەستی كچانی یانەی هەولێرم.
*وەك گۆڵپارێزێك لەگەڵ هەڵبژاردەی عیراقدا بەشداربوویت، ئەوە چۆن بوو؟
-وەك گۆڵپارێزێكی كورد من بۆ هەڵبژاردەی عیراق دەستنیشانكرام، بەشداریشم لەپاڵەوانێتی وڵاتانی عەرەبدا كردو لە چەند یارییەكیشدا گۆڵچی سەرەكی تیپەكەش بووم، ئەمەش مایەی شانازییە بۆ خۆم و وەرزشی كوردستانیش.
*لەو پاڵەوانێتییەدا جیاوازی ئێوە و كچەكانی تیپەكانی تری وڵاتانی عەرەبی چی بوو؟
-ئێمە لەچاو ئەواندا زۆر هەژار بووین، ئەوان تەنیا بەو پارەیەی لە وەرزشدا وەریدەگرن دەتوانن بە باشی خۆیان بژیەنن، دەتوانن ژیانێكی شایستە بۆخۆیان فەراهەم بكەن، بەڵام ئێمە نە خاوەنی موچەیەكین لە وەرزشدا نە دەتوانین بەوەرزش خۆمان بژیەنین، بۆیە لەو رووەوە جیاوازییەكی زۆرمان هەبوو.

*گلەیی تۆ لە كەناڵەكانی راگەیاندن چییە؟
-زۆر بەداخەوەم كە زۆربەی كەناڵەكانی راگەیاندن و رۆژنامە نووسە وەرزشییەكان كار بۆ ئەو وەرزشكارانە دەكەن كەلە نزیكەوە دەیانناسن، چاویان لە هەموو وەرزشكارانی كوردستان نییە، هیوادارم لەم رووەوە پرۆفیشناڵانە تر كاربكەن و هیچ جیاوازییەك لەو رووەوە نەكەن،  بۆیە لێرەدا من سوپاسی ئێوەدەكەم بۆ ئەم بەسەر كردنەوەیە و هیوادارم سەركەوتووبن.



بابەتە پەیوەندیدارەکان