جۆكۆڤیچ بەشداریی ماستەرزی مۆنتیکارلۆ دەكات

01:07 - 2022-04-11
وەرزش
161 جار خوێندراوەتەوە

نۆڤاك جۆكۆڤیچی سربی جارێكی تر دەگەڕێتەوە نێو یاریگاكان و بەشداری ماستەرزی مۆنتیكارلۆ دەكات.
جۆكۆڤیچ بەهۆی ئەوەوە كە ڤاكسینی دژی كۆرۆنای وەرنەگرتووە، لە هەرسێ پاڵەوانێتییەكانی گراندسلامی ئوستورالیا و ماستەرزەكانی ئیندیانا وێڵز و میامیدا نەبینرا و رێگەی پێنەدرا لەو سێ پاڵەوانێتییەدا بەشدار بێت، بەڵام وا لە ماستەرزی مۆنتیكارلۆدا جارێكی تر دەبینرێتەوەو دێتەوە نێو یاریگاكان و  یاریزانی پلە یەكی پاڵەوانێتییەكەشە.
هەر لەم ماستەرزەدا كە تایبەتە بە كوڕان، دیارترین ئەو یاریزانانەی بەشداریی ناكەن، یەكەمیان رافائێل نادالە كە بەهۆی ئەو پێكانەوە توشی پەراسوی بووە، ناتوانێت بەشداریی بكات، میدڤیدیێڤی روسیش دووەم دیارترین ئەو یاریزانە جیهانییەیە كە ئەمیش بەهۆی پێكانەوە ناتوانێت بەشداریی بكات.
جگەلە جۆكۆڤیچ كە یاریزانی ژمارە یەكی پاڵەوانێتییەكەیە، هەریەكە لە زڤیریڤ و تسیتسیباس و رۆدۆ و ئۆگێر و نۆریس و ئەلكاراز دیارتین یاریزانە بەشدارەكانن.
ماستەرز و گراند سلامەكانی ئەمساڵ چەند هەنگاوێكی باشیان ناوە و تا ئێستا گراندسلامێك و 2 ماستەرز كراوەن، بەم نزیكانەش سێ ماستەرز و گراند سلامێكی تریش دەستپێدەكەن كە یەكەمینیان ماستەرزی رۆمایە و تەنیا بۆ كوڕانە كە لە 10/4/2022 –ەوە دەستپێكردووە.
بەرنامەی دانراو بۆ پاڵەوانێتییەكانی تێنسی سەرزەوی چڕو پڕە، چەندان پاڵەوانێتیی (250 خاڵ) و (500 خاڵ) و ماستەرزی (1000 خاڵ) كە 9 ماسترزن و گراندسلامی (2000 خاڵ) كە 4 گراند سلامن لەخۆ دەگرێت، دیارە جیاوازیش هەیە لەبەشدارییكردنی یاریزاناندا، ماستەرزەكان و خولەكانی( 250 و 500) خاڵیش هێندێكیان بۆ كوڕان و كچانەو هێندێكی تریشیان تەنیا بۆ كوڕان یان کچانە، تەنیا هەرچوار گراند سلامەكە نەبێت كە هەر چواریان بۆ كوڕان و كچانە .

ئەوانەی تائێستا كراون
ئەوەی ئێمە مەبەستمانە ئەوەیە تیشكێك بخەینە سەر گراند سلام و ماستەرزەكان، ئەو ماستەرز و گراند سلامانەش كە تائێستا كراون ئەمانەی خوارەوەن:

ئوستورالیا ئۆپن
ئەمە یەكەمین گراند سلام بوو لە ئوستورالیا كرا، رۆژی 17/1 تا 30/1 بەردەوام بوو، یاریی كۆتایی هەردوو خولی كوڕان و كچان بەمشێوەیە بوون:

كوڕان
*رافائێل نادال × دانیێل میدڤیدییڤ (3-2).

كچان
*ئاشلی بارتی × دانیێلا كولینز(2-0).

قەتەر تۆتال
ئەگەر چی ئەم پاڵەوانێتییەی قەتەر كە تەنیا بۆ كچانە، ناچێتە چوارچێوەی بەرنامەی ماستەرزەكان هەرچەندە براوە 1000 خاڵیش وەردەگرێت، بەڵام پاڵەوانێتییەكە گرنگی خۆی هەیە، یاریی كۆتایی ئەم پاڵەوانێتیەش بەمشێوەیە بوو:
* ئیگا شیڤیۆنتیك ×ئانیت كۆنتاڤیت (2-0).

ماستەرزی ئیندیانا وێڵز
ئەمە یەكەم ماستەرز بوو بكرێت، 9/3 تا 20/3/2022 ی خایاند، یاریی كۆتایی هەردوو خولی كوڕان و كچان بەمشێوەیەی لای خوارەوە بوون:

كوڕان 
*تایلۆر فریتز ×                        رافائێل نادال(2-0).

كچان
*ئیگا شیڤیۆنتیك ×ماریا ساكاری (2-0).

ماستەرزی میامی ئۆپن
ئەم ماستەرزە دووەمین ماستەرز و سێیەمین خولی 1000 خاڵی بووە ساڵی 2022 بكرێت، 23/3 دەستیپێكردو 4/4 كۆتاییهات، یاریی كۆتایی هەردوو خولەكە بەمشێوەیە كران:

كوڕان
*كارلۆس ئالكاراز × كاسپەر رۆند (2-0).

كچان
*ئیگا شیڤیۆنتیك × ناوۆمی ئۆساكا(2-0).

ئەوانەی بەم نزیكانە دەستپێدەكەن
بڕیار وایە تا كۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئایندە ئەم پاڵەوانێتییانەی تریش بكرێن:
*ماستەرزی مۆنتیكارلۆ (كوڕان)، 10/4 تا 17/4/2022.
*ماستەرزی مەدرید (كوڕان و كچان)،    28/4 تا 7/5/2022.
*ماستەرزی رۆما(كوڕان و كچان)،               9/5 تا 15/5/2022.
*گراند سلامی رۆڵاند گارۆس،                          22/5 تا 5/6/2022.

بابەتە پەیوەندیدارەکان