سیروانی نوێ چۆن سەركەوتوو بوو؟

01:11 - 2022-04-11
وەرزش
164 جار خوێندراوەتەوە

خولی نایابی تۆپی پێی یانەكانی كوردستان تەنیا سێ هەفتە لە یارییەكانی ماون بكرێن، دەبێت دوێنێ یەكشەممە یارییەكانی هەفتەی 28 كرابن، كە رەنگە لێیانەوە نازناوی پاڵەوانیش یەكلایی بووبێتەوە.
تیپی یانەی سیروانی نوێ زۆر نزیك بۆتەوە لەوەی نازناوی پاڵەوان بۆخۆی یەكلایی بكاتەوە، لەو سێ هەفتەیە و لە كۆی 9 خاڵ كە ماوە كۆیان بكاتەوە تەنیا یەك خاڵی بەسە تا بۆ یەكەمین جار لە مێژووی خۆیدا ببێتە پاڵەوانی ئەم خولەی كوردستان و جامی كوردستان بهێنێتەوە بۆ سلێمانی ئەگەر دوێنێ بەرامبەر شیروانە لانی كەم یەكسان بووبێت.
ئەمساڵ هەردوو یانەی سیروانی نوێ و هەندرێن لە سەختترین ململانێدا بوون بۆ بردنەوەی نازناوی پاڵەوانی ئەمساڵ، بەزۆریش هەندرێن لەپلەی یەكەمی و سیروانی نوێ لە پلەی دووەمیدا دەبوون، بەڵام لە هەفتەی 21 –ە مەوە ئەوەی باسكرا پێچەوانە بووەوە، لە هەفتەی 21 ی یارییەكاندا یەكەم گورز بەر هەندرێن كەوت كاتێك 0-1 بە سۆران دۆڕا و ئەو هەفتەیە جیاوازی خاڵی نێوان هەندرێن و سیروان بوو بە 3 خاڵ (هەندرێن 40 خاڵ) (نەورۆز 37 خاڵ)، ئەو هەفتەیەش سیروان ئەو دۆڕاندنەی هەندرێنی قۆستەوە و 1-0 لە ئاراراتی بردەوە.
هەفتەی 22 هەندرێن چاوەڕوان بوو، بەڵام سیروان لە دەرەوەی یاریگای خۆی 3-2 لە چەمچەماڵی بردەوە، بەمەش هەردوو یانە لەكۆی یاریی و خاڵەكانیشدا وەكو یەكیان لێهات و هەریەكەیان بوون بە خاوەنی 40 خاڵ.
هەفتەی 23 هەفتەیەكی چارە نووسساز بوو بۆ هەردوولایان بەوەی هەردووكیان لە سلێمانی یاریی ئەو هەفتەیەی خولەكەیان كرد، سیروانیش لە ئاستی لێپرسراوێتیدا بوو بەوەی یاریگا و هاندەرانی خۆی لەكیس نەداو لەكەشێكی باراناوییدا توانی بەرەسمی بگاتە پلەی یەكەمی و ئەو خانەیەی لە دەستی هەندرێن دەرهێنا پاش ئەوەی 1-0 لێی بردەوە و بە كۆی 43 خاڵ بوو بە یەكەمی خولەكەو هەندرێن بە 40 خاڵەوە بۆ پلەی دووەمی دابەزی.
ئیتر هەفتە لەدوای هەفتە سیروان ئەم شوێنەی باشتر قایم دەكرد، هەفتەی 24 هەندرێن گورزێكی تریشی بەركەوتو 0-1 بە پێشمەرگەی هەولێر دۆڕا، سیروانیش لەدەرەوەی یاریگای خۆیدا 2-1 لە هەولێری بردەوە و جیاوازییەكە بوو بە 6 خاڵ (سیروانی نوێ - 46خاڵ) (هەندرێن - 40 خاڵ). 
هەفتەی 25 هەردوولا بەیەك ئەنجامی هاوشێوە 0-0  یەكسانبوون، سیروان لەگەڵ زاخۆ و هەندرێن لەگەڵ دەربەندیخان و جیوازییەكە وەك خۆی بە 6 خاڵ مایەوە(سیروانی نوێ-47 خاڵ)(هەندرێن 41 خاڵ).
لەهەفتەی 26 دا لەو كاتە ناسكەدا، دهۆك گورزێكی لە سیروان وەشاند و لە یاریگای خۆیدا 2-1 لێی بردەوە، بەڵام هەندرێن نەیتوانی لە یاریگای خۆیدا لە ئارارات بباتەوەو 0-0 یەكسان بوو، بەوەش جیاوازییەكە بۆ 5 خاڵ كەم بۆوە (سیروانی نوێ-47 خاڵ)(هەندرێن 42 خاڵ).
بەڵام هەفتەی 27  هەفتەیەكی سەخت بوو بۆ هەندرێن و بەپێچەوانەشەوە هەفتەیەكی مژدە بەخش بوو بۆ سیروانی نوێ، كاتێك سیروان لە یارییەكی تاڕادەیەك قورسدا رووبەڕووی سەید سادق بۆوە، سەید سادق هەمیشە  ركابەری هەردوو یانە و بەربەستێكی سەختیش بووە بۆ سەرجەم یانەكانی تریش، بەڵام سیروان توانی یارییەكەی 1-0 لێبباتەوە و كۆی خاڵەكانی گەیاندە 50 خاڵ، بەپێچەوانەوە هەندرێن سێ خاڵی تری لەم هەفتە گرنگ و هەستیارەدا لەدەستداو لە یاریگای چەمچەماڵ 1-2 بە تیپی یانەی ئەو شارە دۆڕا و جیاوازی خاڵی نێوان سیروان و هەندرێن بۆ 8 خاڵ زیادی كرد.
 ئێستا سێ هەفتە لە یارییەكانی خولەكە ماون بكرێن، سیروانی نوێ ئەو سێ هەفتەیە یارییەكانی بەمشێوەیەن:
هەفتەی 28
*شیروانە × سیروانی نوێ – كەدەبێت دوێنێ ئەم یارییە كرابێت.
هەفتەی 29
سیروانی نوێ  × برایەتی. 
هەفتەی 30
نەورۆز × سیروانی نوێ.
ئەگەر هەندرێن ئەو سێ یارییە بباتەوە كە بەرامبەر شەقڵاوە و هەولێر و زاخۆیە ماویەتی بیانكات، ئەوا سیروانی نوێ لەو سێ یارییەی كە ماویەتی بیانكات تەنیا یەك یەكسانی بەسە تا نازناوی پاڵەوانی ئەمساڵ دەستەبەر بكات و دەبێتە پاڵەوانی خولەكە.
بەپێی خشتەی دانراو بۆ یارییەكان دەبێت دوێنێ یەكشەممە 10/4 یارییەكانی هەفتەی 28 بەمشێوەیە كرابن و ئەو مەسەلەیەش یەكلایی بووبێتەوە و یارییەكانیش بەمشێوەیە دەبن:
*شێروانە × سیروانی نوێ.
*شەقڵاوە × هەندرێن.
*نەورۆز × سۆران.
*سەید سادق × پ.هەولێر.
*زاخۆ × ئارارات.
*دهۆك × دەربەندیخان.
*هەولێر × چەمچەماڵ.

بابەتە پەیوەندیدارەکان