یادەوەریی وەرزشی

01:17 - 2022-04-11
وەرزش
304 جار خوێندراوەتەوە
مامۆستا ئازاد وەهاب

خەسرەو گورون

پاش ئەوەی یارییەكانمان لە خولی جامی یانەكانی عیراقدا بۆ وەرزی 1987-1988 كۆتاییهات و یانەی ئەمانە گەیشتە قۆناغی داهاتووی ئەو خولە، بەوە سلێمانی لەو خولە ئاوت بوو، ئیتر تیپی یانەی سلێمانی خۆی بۆ خولی پلە دووی یانەكانی عیراق تەرخان كرد.
ئەو وەرزە خولی پلە دووی یانەكانی عیراق (16) یانەی  سەرتاسەریی عیراق بەشدارییان تیادا كردبوو، كرابوون بە چوار گروپی چوار یانەییەوە، ئێمە وەك یانەی سلێمانی لە گروپی باكووردا بووین و گروپەكەشمان ئەم یانانەی لەخۆ گرتبوو: (یانەی سلێمانی، یانەی برایەتی هەولێر، یانەی 1 ی حوزەیرانی كركوك، یانەی سامەڕا).
مەرجەكانی خولەكە بەوشێوەیە بوون كە پاڵەوانی هەرچوار گروپەكە دەگەنە قۆناغی دووەم و چوار گۆشەی زێڕین، یارییەكانیش بە سیستمی خولێكی دوو قۆناغ بوو.
یەكەم یاریی ئێمە بەرامبەر یانەی 1 ی حوزەیرانی كەركوك بوو، رۆژی هەینی 2/10/1987 لە یاریگای سلێمانی كرا، تیمێكی ناوبژیوانی لە شاری هەولێرەوە هاتبوون بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە، سلێمانی بە درێسی سوور و سپییەوە و كەركوكیش بە درێسی شینەوە یارییان كرد، هاندەرێكی زۆر ئامادەی بینینی یارییەكە بوون، ئەنجامی یارییەكەش 1-1 بۆ هەردوولا كۆتاییهات، بەختیار رەشید بەسەر گۆڵەكەی سلێمانی لە دەقیقەی 62 دا كرد، گۆڵی یەكسانبوونی 1 ی حوزەیرانیش  یاریزانی ناوداری كوردی شاری كەركوك شیروان ناسراو  بە (شێرە) لە دەقیقەی 77 دا كردی.
هەردوو راهێنەری ئێمە حەمە بچكۆل و ئازاد وەهاب بەم پێكهاتەیەوە یارییان كرد:
*گۆڵچی (رەفیق عەلی).
*بەرگری (خەسرەو گورون، شەهید ئامانج عومەر ئیسماعیل، حەمەی حاجی واحید، تەنیا حەسەن).
*ناوەند (فەرەیدون ساڵح-نێرە، ئامانجی سەید برایم-كاپتنی تیپ، جەعفەر تۆفیق).
*هێرشبەر (حەمەی كەریم، بەختیار رەشید، سەڵاحی شێخ ئەمین).
هەردوو راهێنەر ئەم گۆڕانكارییانەشیان كرد: فەرەیدون كەمال بۆ شوێنی جەعفەر، ئومێدی شێخ حسێن بۆ شوێنی سەڵاح، بەمەش ئێمە و 1 ی حوزەیران بووین بە خاوەنی یەكەم خاڵی خولەكە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان