چی بكەین بۆ ئەوەی گوێمان لێبگرن؟

11:15 - 2023-01-11
کەلتور
658 جار خوێندراوەتەوە

لە فارسییەوە: جەواد حەیدەری 

هەموان پێیانخۆشە قسەكانیان ببیسترێت و لەبەرچاوان بن و سەرنجی ئەوانی دیكە بۆ لای خۆیان رابكێشن. هەندێكجار لە شوێنی كار یان لە ماڵەوە یان لە شوێنانی دیكە ئەمە روو نادات. لەوە دەچێت بە رادەی پێویست خەڵكی گوێت لێنەگرن و سەرنجت نەدەنێ. ئەمەش هەستێكی ناخۆشە. دەبێت ئەوەت لەبیر بێت پەیوەندی دەبێ دوو لایەنە بێت، یانی تۆ بە شێوەیەك هەڵسووكەوت بكەیت بەرامبەرەكەت گوێ لە قسەكانت بگرێت و هاوكاتیش تۆش بە هەمان شێوە گوێ لە بەرامبەرەكەت بگریت. بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵێك رێگەچارە هەیە پێویستە لەبەرچاوی بگریت. 

گوێگرێكی باش بە
زۆربەی مرۆڤەكان بە مەبەستی بیستنی قسە گوێ لە خەڵكی ناگرن، بەڵكو بە رەواڵەت گوێ دەگرن و لە دەرفەتێك دەگەڕێن لە زووترین كاتدا وەڵامی بەرامبەرەكەیان بدەنەوە. نابێت بەمشێوەیە هەڵسوكەوت بكەیت و دەبێت زۆر بەوردی گوێ بگریت و گوێگرێكی باش بیت و سەرنجی بەرامبەرەكەت بەشێوەیەكی جدی بۆ لای خۆت رابكێشیت بۆ ئەوەی گوێت لێبگرێن. هەوڵبدە هیچ دادوەرییەك سەبارەت بە بەرامبەرەكەت نەكەیت و هۆش بدەیتە قسەكانی و قسەی پێنەبڕیت، مەگەر ئەوەی زۆر پێویست بكات. 

 هەمیشە باسی خۆت مەكە
زۆر لەبارەی خۆتەوە قسە مەكە و باسی خۆت مەكە، چونكە لەوانەیە بەرامبەرەكەت زۆری پێخۆش نەبێت تۆ بە بەردەوامی باسی خۆت بكەیت. كەواتە هەوڵبدە هەمیشە زانیارییەكانت بەوردی و بە كورتی بە بەرامبەرەكەت بگەیەنیت، ئەمە لە شوێنی كارەكەت زۆر پێویستە. هەوڵبدە زۆر نەچیتە پەراوێز و وردەكارییەكانەوە و درێژەدادڕی نەكەیت. ئەگەر لە شوێنی كارەكەت ویستت قسەیەك بكەیت هەوڵبدە زیاتر بۆچوونە گرنگەكانت بە كورتی و وردی بخەیتە روو و رێگەچارەی گونجاو بدۆزیتەوە. تێبكۆشە قسە و وەڵامەكانت زۆر دوور و درێژ نەبن و كورتكراوە بن، وەڵامی كورت و پوخت بدەنەوە. بە راشكاوی قسە بكە و هەوڵبدە وەرگر بۆ راڤەكردنی مەبەستت نەكەوێتە دۆخێكی نالەبارەوە. 

كەڵك لە زمانی جەستە وەربگرە
هەندێكجار دروستكردنی پەیوەندی لە سەرووی ئەو وشانەوەیە کە بە كاریان دێنی. كەوابوو بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی دروستكەر و زۆر باش گرنگ ئەوەیە كەڵك لە زمانی جەستە وەربگری. بە تایبەتی لە روخسار و گوێ و چاو. بۆ ئەو مەبەستە، هەوڵبدە بە شێوەیەكی پتەو و راوەستاو قسە بكەیت. خۆت لە دووبارەكردنەوەی قسە بە دوور بگرە. لە رێگەی چاوەوە پەیوەندی دروست بكە و هەمیشە بە سەربەرزییەوە قسە بكە و خۆت مەچەمێنەوە. بەوردی سەیری بەرامبەرەكەت بكە. سەیرنەكردنی بەرامبەرەكەت وا دەردەخات تۆ گرنگی بە قسەكانی نادەی یان ئەوەی قسەكانی بە لاتەوە گرنگ نییە. سەربادان و ملبادان لەكاتی گوێگرتن لە بەرامبەرەكەت شتێكی جوان و باش نییە و بێمەیلی تۆ بۆ بەرامبەرەكەت دەردەخات. 

هاوڕێ و پەیوەندی زیاتر بۆ خۆت مسۆگەر بكە
مرۆڤ زیاتر گوێ لە قسەی ئەو كەسانە دەگرێت کە متمانەیان پێدەكات و رێز لە قسەكانی دەگرێت، كەوا بوو هەوڵبدە هاوڕێی زیاتر بۆ خۆت پەیدا بكەی و پەیوەندی زیاتر دروست بكەی. بەرفراوانكردنی بازنەی پەیوەندییەكان دەبنە هۆی ئەوەی لە ژیاندا كەسانێكی زۆر بە دەوروبەری خۆتەوە ببینیت و دۆستایەتییەكی زیاتر بۆ خۆت پەیدا بكەی و گوێگر و وەرگری زیاتر بۆ خۆت بدۆزیتەوە. 

وەرگرەكانی خۆت بناسە 
كاتێك بازنەی پەیوەندییەكانت بەرفراوان بوو ئەوكاتە كەسانی زیاتر دەناسی و هاوكات ئاشنای هەڵسووكەوت و سروشت و ناخی ئەوانی دیكە دەبیت و ئەو كاتەیە خەڵكی گرنگی زیاترت پێدەدەن و گوێت لێدەگرن. لەوەها دۆخێكدا هەوڵبدە وەرگر و بەرامبەرەكەی خۆت بناسی و گرنگیان پێبدەی، دەروون و رۆح و كەسایەتی بەرامبەرەكەت بناسە و هەوڵبدە زیاتر ئەوان درك بكەی بۆ ئەوەی هاوڕێت بن. 

 هەناسەدان لە بیر مەكە
سەیركە كاتێك تووشی دڵەڕاوكێ دەبی توندتر هەناسە هەڵدەكێشی. بۆ ئەوەی بەسەر دۆخەكەدا زاڵ بی و سەرنجی بەرامبەرەكەت رابكێشیت، ئاگات لە هەناسەدانی خۆت بێت و هەوڵبدە بە ئارامی و لەسەرخۆ هەناسەی قووڵ هەڵبكێشیت، ئەم كارە یارمەتیت دەدات باشتر قسە بكەیت و باشتریش گوێ بگریت. 

لەگەڵ وەرگرەكەت  هەڵسوكەوتت باش بێت
هیچ كەس حەز ناكات بێدەنگ دانیشێت و بەرامبەرەكەی بەردەوام قسەی بۆ بكات، كەوابوو گرنگی بە وەرگرەكانت بدە و لەكاتی قسەكردنیاندا سەرنجیان رابكێشە و را و بۆچوونی بەرامبەرەكەت وەربگرە و هەوڵبدە گفتوگۆیەكی دوولایەنە دروست بكەیت، بە جۆرێك هەڵسووكەوت بكەیت بەرامبەرەكەت هەست بكات تۆ گرنگی پێدەدەیت. 

رەشبین و دەمڕەش مەبە
ئەم پێشنیازە پێویستی بە هەندێك روونكردنەوە هەیە، مەبەست لە رەشبینی چییە؟ رەشبینی یانی باسكردنی شتە ناخۆشەكان، نموونەیەك لە رەشبینی غەیبەت كردن و پاشملە قسەی خراپكردن سەبارەت بە كەسێك یان كەسانێكی دیكەیە. پاشملە باسكردنی خەڵكی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەهای مرۆڤ دێنێتە خوارەوە بەشێوەیەك ئیتر خەڵكی متمانەت پێناكات. 
 هەر كاتێك متمانە لەناو پەیوەندییەكاندا نەما ئیتر ئەوانی تر گرنگی بە قسەكانت نادەن و چیرۆكی رەشبینی تۆش لەوێوە دەستپێدەكات كە تۆ بە بەردەوامی باس لە هەلومەرج و دۆخی خراپ بكەیت و گلەیی و گازەندەت لە زەوی و زەمان و ئاسمان هەبێت. ئەوەشت لە بیر بێت خەڵكی حەز ناكەن لەگەڵ وەها كەسانێك هەڵسوكەوت بكەن و تێكەڵاوییان هەبێت. لەبری ئەوەی بۆڵەبۆڵ بكەیت و هەمیشە لە بەر خۆتەوە پرتەوبۆڵە بێت باشتر وایە گەشبین بیت و قسەكانت زیاتر ئەرێنی بن و گلەیی و گازەندە وەلاوە بنێیت. یەكێك لە هۆكارەكانی رەشبینی دەمارگرژییە، كەسانێك هەن زۆر لە سەر قسەی خۆیان سوورن و دەمارگرژن. هەرچەند زۆرجار باسكردن لە بابەتێكی سیاسی یان كۆمەڵایەتی وەك هەژاری و نەداری پێویستە، بەڵام دەبێت وریا بیت نەكەویتە ناو بازنەی كەسانی رەشبین و باشتر وایە لە شوێن و كاتی گونجاو باس لەو بابەتانە بكەیت. 

ئاگاداری قسەكردنی خۆت بە  
 بۆ ئەوەی بتوانیت سەرنجی ئەوانی دیكە بۆ لای خۆت رابكێشیت پێویستە لە هەڵبژاردنی وشە و رستەكان وریا بیت. دەبێت بە شێوەیەك قسە بكەیت دەنگتان نە بەرز بێت و نە نزم، بەڵكو بە شێوەیەك بێت سەرنجی بەرامبەرەكەت رابكێشیت . 

 زیادەڕۆیی مەكە
لەكاتی قسەكردندا زیادەڕۆیی مەكە، چونكە خەڵكی حەزیان لە زیادەڕۆیی نییە و زیادەڕۆیی زۆرجار دەبێتە كەرەستەیەك بۆ دەمارگرژی لە قسەكردندا. كەسانی دەمارگرژ زۆر سەرنجڕاكێش و خۆشەویست نین و قسەكانیان بە هەند وەرناگیرێت. هەوڵبدە هەمیشە خۆت لە دوو وشەی» هەرگیز، هەمیشە» بە دوور بگریت. هەر كاتێك ویستت لەسەر شتێك قسە بكەیت و رای خۆت دەربڕیت هەوڵبدە زیادەڕۆیی نەكەیت و بە پێی قورسایی و گرنگی بابەتەكە قسەی لەسەر بكەیت. بۆ نموونە ئەگەر رۆژێك هاوڕێیەكتان چەند خولەكێك دوا كەوت قەت مەڵێ فڵان كەس هەمیشە دوا دەكەوێت. وەها رستە و قسەیەك دەبێتە هۆی تووڕەبوونی بەرامبەرەكەت و ناخۆشی لێدەكەوێتەوە. زیادەڕۆیی مەكە تا ئەوانی دیكە تێنگەن تۆ بێسوود و دەمارگرژانە قسە دەكەیت. 

فرەچەشنی و سەرنجڕاكێشانە قسە بكە
 یەكێك لە رێكارەكانی راكێشانی سەرنجی ئەوانی دیكە بۆ لای خۆت ئەوەیە فرەچەشنی و سەرنجڕاكێشانە قسە بكەیت و لە شێوازە باشەكانی قسەكردن كەڵك وەربگریت. سەبارەت بە بابەتەكان بە جدی قسە بكە و لە شوێنی پێویستدا دەتوانیت لە گاڵتە و گەپیش سوود وەربگریت. كەڵك وەرگرتن لە تەنز و گاڵتە و گەپ زۆر باشە بە مەرجێك لە شوێنی خۆیدا بەكاری بهێنیت. 
 لە كۆتاییدا هەمیشە هەوڵبدە قسەكانت شیرین و خۆش و سەرنجڕاكێش بن، ئەوەشت لە بیر بێت هەموومان مرۆڤین و زۆر جار ئەگەر لە جێی خۆیدا قسە نەكەیت و رێكارە باشەكان بەكار نەهێنیت لەوەدەچێت ببیتە بێزاركەر و خەڵكی لێت دوور بكەونەوە. 

سەرچاوە/ ماڵپەڕی «چطور» 

بابەتە پەیوەندیدارەکان