سەرۆكایەتیی فەرەنسا لە نێوان ماكرۆن ‌و لوپان-دا

09:56 - 2022-04-12
ڕاپۆرت
397 جار خوێندراوەتەوە

ئا/ دیاری سابیر

دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی خولی یەكەمی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی فەرەنسا، كە رۆژی یەكشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، لە نێو 12 كاندیدی سەرۆكایەتیدا، هەریەك لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە ‌و مارین لوپان كاندیدی حزبی چەپی پێشكەوتنخوازەكان سەركەوتنیان بۆ خولی دووەمی پڕۆسەكە مسۆگەركردووە. 

بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، ماكرۆن رێژەی %27.85ی دەنگەكانی بەدەستهێنا ‌و لە بەرامبەریشدا، لوپان رێژەی %23.15ی دەنگەكانی مسۆگەركردووە ‌و دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی پڕۆسەكە لە پێنجشەممەی داهاتوودا، ئەگەر هیچ كام لە كاندیدەكان رێژەی  %50ی دەنگەكانیان بەدەستنەهێنا، ئەوا لە 24ی مانگدا خولی دووەمی هەڵبژاردنەكە بەڕێوەدەچێت ‌و پۆستی سەرۆكی فەرەنسا لە نێوان ئیمانوێل ماكرۆن و مارین لوپان-دا یەكلایی دەبێتەوە.

بەبۆچوونی چاودێرانی سیاسی، لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2017شدا، ماكرۆن ‌و لوپان لە خولی دووەمدا ركابەری یەكتربوون ‌و دواجار ماكرۆن سەركەوتوو بوو، بەڵام كێبڕكێی ئەمجارەی نێوانیان لەوەی پێشوو سەختتر دەبێت ‌و هەموو ئەگەرەكان كراوەن، چونكە كاندیدی حزبە سەرنەكەوتووەكان دابەش دەبن بەسەر دوو بەرەدا ‌و دەنگدانی ئەوان لە خولی دووەمدا، چارەنووسی سەرۆكی نوێی فەرەنسا یەكلایی دەكاتەوە، ئەوەش هەمان سیناریۆیە كە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی فەرەنسا لە ساڵی 2017 بەڕێوەچوو.

لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، هیچ سەرۆكێكی فەرەنسا نەیتوانیوە بۆ دوو خولی سەرۆکایەتی ببێتەوە بە سەرۆك، بەڵام نزیكەی مانگێك لەمەوبەر، ئیمانوێل ماکرۆن لە بەدیهێنانی ئەوە نزیكبوو، چونكە بەهۆی گەشەی بەهێزی ئابووری ‌و رۆڵی گەورەی لە بەرگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگ لە بەری خۆرهەڵاتی ئەوروپا ‌و هەروەها پەرتبوونی ئۆپۆزسیۆنەوە، لە راپرسییەكاندا لە پلەی پێشەوە دەهات، بەڵام درەنگ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن ‌و بەسەرنەكردنەوەی زۆرێك لە ناوچەكانی وڵاتەكەی، لە بەرژەوەندیی لوپان دەبێت، لەبەرئەوەی بۆ چەند مانگێك زۆربەی ناوچەكانی بەسەركردەوە ‌و بابەتی بژێوی ‌و تووڕەیی هاووڵاتیان لە دەستەبژێری سیاسی، بابەتی گەرمی هەڵمەتی بانگەشەكەی بوون.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

#سەرۆكایەتیی فەرەنسا

بابەتە پەیوەندیدارەکان