سۆمۆ: هەرێم كۆی بەرهەمی نەوت رادەستی بەغدا بكات

10:14 - 2022-04-12
عیراق
534 جار خوێندراوەتەوە

PUKmedia

كۆمپانیای سۆمۆ، ئاشكرایدەكات كە «وەزارەتی نەوتی عیراق سەرجەم رێكارەكانی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوت و غازی هەرێم دەستپێكردووەو دەبێت حكومەتی هەرێم پابەندبێت بە رادەستكردنی سەرجەمی بەرهەمی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم و ناوچەكانی تر كە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمەوە دەردەهێنرێت».

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەسەر نەوت و غازی هەرێم، ئەوەشی راگەیاندووە: بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكانی حكومەتی هەرێم هەڵدەوەشێنرێنەوە، چونكە ئەو گرێبەستانە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی عیراق كراون و وەك دادگاش بە نادەستووری لەقەڵەمیداوە و دەبێت هەڵبوەشێنرێنەوە.

لە وەڵامی ئاژانسی رۆیتەرزدا، دەڵێت: ئێستا وەزارەتی نەوت سەرجەم رێكارە پێویستەكانی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی نەوت و غازی هەرێم دەستپێكردووە، كە لە 15ی شوبات لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە، دەرچووە. ئەوەشی ئاشكراكردووە كە بەپێی بڕیارەكە، «بەڕێوەبردنی كێڵگەكانی نەوت و غازی هەرێم دەبێت لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی نەوتی عیراقدا بن بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێم، كە ئەوەش دەگونجێت لەگەڵ ناوەرۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیدا و دەبێت هەرێم پێیەوە پابەندبێت و كۆی بەرهەمە نەوتییەكان رادەستی حكومەتی عیراق بكات.

ئەوەش خراوەتەڕوو كە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی ئەوەیە دەسەڵاتی تەواوی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی كێڵگە نەوتی و غازییەكانی هەرێم و بەبازاڕكردنیان لەدەست حكومەتی عیراقدا دەبێت و هەڵوێستی كۆمپانیای سۆمۆش ئەوەیە كە رێز لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەگرێت، كە لایەنێكی رەسمییە بۆ بەبازاڕكردن و فرۆشتنی نەوتی عیراق و دەشڵێت: هەر لە سەرەتاوە هۆشداریمانداوەتە ئەو كۆمپانیانەی نەوت كە بەبێ رەزامەندیی حكومەتی عیراق و وەزارەتی نەوت مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمدا كردووە، كە سەرجەمیان پێچەوانەی دەستوورن.

#سۆمۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان