د. لەمیس شەعبان، یاسایەکی دادوەرانە نییە خەڵکی نووسیبێتی

10:26 - 2023-01-15
هەمەرەنگ
369 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

د. لەمیس شەعبان راوێژکاری دەروونی و راهێنەری ژیان و لێکۆڵەر و میدیاکارە و بەرەگەز لوبنانییە، بڕوانامەی دبلۆمی هەیە لە زانستی دەروونی کلینکیدا و دکتۆرای لە گەشەپێدانی مرۆیی نێودەوڵەتیدا هەیە بە ڤیدیۆکانی لە یوتیوب دەربارەی بابەتە دەروونییەکان و چارەسەرکردنی واقیعی ژیانی رۆژانە بە ناوبانگ بووە.
بۆیە ئێستا یەکێکە لە کاراکتەرە دیارەکانی کاریگەرییان هەیە لە کۆمەڵگە عەرەبییەکاندا و لە ماوەیەکی کەمدا توانیوێتی ژمارەیەکی زۆر فۆڵۆوەر بۆ خۆی کۆبکاتەوە و تەنیا لە ماوەی دوو ساڵدا 200 ملیۆن تەماشاکردن و زیاتر لە ملیۆن و نیوێک فۆڵۆوەری هەیە.
سەرەتای کارکردنی
د. لەمیس سەرەتاکانی لە ساڵی 2015 بوو کاتێک پێشکەشی کرد بۆ کارکردن لە بەرنامەیەکی رادیۆیدا، بەڵام ئەوەندەی نەبرد بەرنامەیەکی تایبەت بە خۆی پێشکەش کرد کە سی هەڵقە دەبوو دەربارەی زانستی Physiognomy فسیۆنۆمی و زمانی جەستە لە رادیۆیەکی ناوخۆیی شارەکەی و کاردانەوەیەکی باشی هەبوو.
لە ماوەی دوو مانگدا لە بەرنامەی بەیانیاندا بووە خاوەنی بەشێکی تایبەت بەخۆی بۆ ماوەی 10 دەقیقە دەربارەی زانستی فیسیۆنۆمی و زمانی جەستە، بەڵام لەبەرئەوەی ئاستی گوێگرانی د. لەمیس لە زیادبووندا بوو بەرنامەیەکی یەک سەعاتیان پێدا هەفتانە پاشان بوو بە دوو سەعات لە هەفتەیەکدا، جەماوەری د. لەمیس زیادی کرد دوای ئەوەی لە رێی ئەکاونتی خۆیەوە لە فەیسبووک لایڤی پێشکەش دەکرد و ژمارەی تەماشاکەر و فۆڵۆوەرەکانی لە زیادبووندا بوو.
ساڵی 2017 د. لەمیس ئۆفیسێکی تایبەت بە خۆی کردەوە و لە ئۆفیسەکەیەوە دەستیکرد بە تۆمارکردنی ئەو ڤیدیۆیانەی تایبەتن بە راوێژکاری دەروونی و زمانی جەستە و گەشەپێدانی مرۆیی لەسەر ئەکاونتەکانی لە فەیسبووک و یوتیوب پەخشی دەکردن.
لە ساڵی 2020 ەوە دوای ئەوەی کارەکانی د. لەمیس فراوانبوون پیشەکەی گەورەتر بوو کارەکەی گواستەوە بۆ کۆمەڵێک ئۆفیس و ستۆدیۆی تایبەت تاوەکو بەشێوەیەکی باشتر بابەتەکانی پێشکەش بکات.
د. لەمیس دەربارەی خۆی دەڵێت: «من کەسێکی سادەی لوبنانم، کاتێک ئامادەییم تەواوکرد هەندێک ئامۆژگارییان کردم یاسا لە زانکۆ بخوێنم، بەڵام لەبەرئەوەی بڕوام وایە یاسایەکی دادوەرانە نییە خەڵکی نووسیبێتی، رەنگە لە نووسراو و تەشریعاتەکاندا دادوەرانە بن، بەڵام لەبەرئەوەی بە یەکسانی بەسەر هەمواندا جێبەجێ ناکرێت هێشتا نا دادوەرییان تێدایە، بۆیە پێم باشتر بوو پسپۆری زانستی دەروونی و پاشان گەشەپێدانی مرۆیی بخوێنم، بۆئەوەی هیچ نەبێت هەوڵبدەم بە بەزەیی مرۆڤانە چارەسەری ئەوە بکەم کە یاساکان شێواندویانە».
د. لەمیس کتێبێکی هەیە بە ناوی « فن العلاقات ؛ أربعون درسا في تطوير علاقاتك العاطفية والعملية» تێیدا شێوازێکی پراکتیکی دەخاتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەندییە سۆزداری و پیشەییەکان و تێیدا گرنگی گەشەپێدانی خود و پارێزگاریکردن لە کەرامەتی مرۆڤ باس دەکات، هەروەها شیکردنەوەیەکی زانستی کەسێتییەکان دەکات و کەرەستەی جۆراوجۆر پێشکەش دەکات بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ مرۆڤەکان بە جیاوازی سروشت و کەسێتییانەوە.
سەرچاوە: nojomy.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان