بابلییەکان یەکەم کەس بوون هەوڵی دۆزینەوەی کارەبایان داوە

10:31 - 2023-01-15
هەمەرەنگ
395 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 میزۆپۆتامیا لانکەی کۆمەڵێک شارستانی مەزن بووە لە جیهاندا بەتایبەتی بابلیی و ئەکەدیی و سۆمەریی و ئاشووریی و کلدانی. شارستانی بابلیش یەکێکە لە شارستانییە مەزنەکانی عیراق و جیهانیش، ئەم شارستانییە لە رووی داهێنانی زانستی و فیکری و ئەدەبی و فەرهەنگییەوە، کاریگەری گەورەی هەبووە، لە رێگەی کۆمەڵێک  داهێنانی مەزنەوە، جیهانی سەرسامی کردووە، بەداخەوە ئێمە زۆر کەم زانیاریمان لەبارەی ئەم شارستانییە مەزنەوە نووسیووە و هەیە، لەکاتێکدا خۆمان بەشێکی گرنگی ئەم شارستانیەتە بووین. 
لە ماوەی پێشوودا بۆ کارێکی دیکۆمێنتاری  تەلەفزیۆن، سەردانی ئەم شارە مەزنەم کرد، سەردانی شوێنەوارە جوان و مەزنەکانیم کرد، لەهەمانکاتیشدا چەند مێژوونووس و شوێنەوارناسێکی بەتوانای شارەکەم ناسی، بەداخەوە ئێمە ئاگاداری کار و بەرهەمەکانیان نین. یەکێکیش لەو مێژوونوسانە د. محەمەد تاهیر بابلییە، کە یەکێکە لە شوێنەوارناس و مێژوونووسە ناودارەکانی بابل.
یەکێک لەو داهێنانە مەزنانەی بابلییەکان کردوویانە، هەوڵدانە بۆ دروستکردنی پاتری کارەبا، ئەمەش لە رێگەی دۆزینەوەی کووپەیەک کە مێژووەکەی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە، مێژوونووسان پێیان وایە، ئەمە یەکەمین پاتری کارەباییە، هەربۆیە بە پاتری بابلی یان بەغدادی ناسراوە، ئەم پاتریەش خاوەنی حکایەتێکی سەیرە. 
لەمبارەیەوە د. موحەمەد تاهیر بابلی شوێنەوارناسی عیراقی  دەڵێت:  ئەم گۆزەیە ساڵی 1935 لەلایەن شوێنەوارناسی نەمساویی « ولیەم کوینک» دۆزراوەتەوە، لەو کاتەدا ئەو لەگەڵ شاندێکی شوێنەوارناسی ئەڵمانیا هاتوونەتە عیراق بە دوای شوێنەوارەکانی بابلی کۆندا گەڕاون، کاتێک ئەم گۆزەیەی بینیووە سەیری کردووە، ناوی لێناوە  «پاتری بابلی» ئەمەش بەهۆی شێوازی دەرەکی و ئەو مادانەی ناو گۆزەکەوە.
دەشڵێت: پاتری بەغدادی یان بابلی، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دووی پێش زایین، ئەمیش بریتییە لە گۆزەیەکی فەخفوریی  کە قەبارەیەکی مامناوەند و شێوەیەکی بازنییەیی هەیە، هەرچەندە بەداخەوە سەرەکەی دیار نییە، لەناو ئەم گۆزەیەدا دەفرێکی ستوونی هەیە لە مس دروستکراوە و دەوروبەری بە قوڕقشم پێچراوە، لەناو ئەم دەفرەشدا چەقۆیەکی ئاسن هەیە، لەسەری گۆزەکەوە بە قیر بەستراوەتەوە، کاتێکیش سەیری ناو گۆزەکە دەکەیت، ئاسەواری ژەنگ و شتی تر دەبینیت، ئەمەش گوزارشت لەوە دەکات، لەناو گۆزەکەدا گیراوەی ترش هەبووە، ئەمەش هەموو گۆزەکەی پڕکردووە و وەکو تاقیگەیەکی بچووک وابووە بۆ دروستکردنی کارەبا کە وامەزندە دەکرێت بڕی 1.0 ڤۆڵت کارەبای دروستکردبێت.
جێگەی ئاماژەیە ئەم پاترییە لە جیهاندا بە سەرەتاکانی هەوڵدانی مرۆڤ دادەنرێت بۆ دروستکردنی کارەبا.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان