ماسولکەیەکی دەستکرد وەکو هی مرۆڤ دەجووڵێت

10:33 - 2023-01-15
هەمەرەنگ
439 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

تۆڕی ئیزگەی «کەی بی ئێس وۆرڵد»ی کۆریای باشوور رایگەیاند تیمێکی زانستی کۆری، سەرکەوتوو بوون لە پەرەپێدانی ماسولکەیەکی دەستکرد بەشێوەیەک 17 ئەوەندە لە ماسولکەی سروشتی مرۆڤ بەهێزترە، ئەوەش لە رێگەی بەکارهێنانی ریشاڵی دروستکراو لە مادەیەکی نوێ.

جۆرەها پیشەسازی نوێ
واچاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا ئەو ماسولکە نوێیە لە جۆرەها پیشەسازیدا بەکاربهێنرێت وەکو دروستکردنی رۆبوتەکان یان بۆ دروستکردنی ئەندامی جەستەی دەستکردی مرۆڤ بەکاربێت.
شایەنی باسە لە ئێستادا رۆبوتەکان لە ئامێری میکانیکی پێکدێن ئەوەش وادەکات جووڵەیان ناسروشتی بێت و لە جووڵەی مرۆڤ جیاواز بێت، بۆیە چەندین ساڵە زانایان هەوڵدەدەن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و لەسەر ئاستی دنیا چەندین تاقیکردنەوە کراوە بۆ دروستکردنی مادەی جۆراوجۆر تاوەکو رۆبوتەکان بەشێوەی سروشتی بجووڵێن، لەبەرئەوە داهێنانی ئەمجۆرە ماسولکە دەستکردە وادەکات زانایان بتوانن لە داهاتوودا رۆبوتێک دروستبکەن جووڵەی وەکو مرۆڤ بێت.

پێویستی بە وزە نییە
تائێستا ئەو ماسولکە دەستکردانەی هەبوون پێوستیان بە ئامێری تایبەتی هەبووە بۆ خەزنکردنی وزەی پێویست تاوەکو بتوانرێت جووڵەی پێبکرێت، بەڵام ئەم تیمەی کۆریای باشوور لە پەیمانگەی کۆریای پێشەکەوتوو بۆ زانست و تەکنەلۆجیا بە هاوکاری لەگەڵ زانکۆی بوسان-ی کۆریا سەرکەوتوو بوون لە پەرەپێدانی ماسولکەیەکی دەستکرد وەکو ماسولکەی مرۆڤ و 17 ئەوەندە لە ماسولکەی سروشتی بەهێزتر بێت.

بە گەرما و رووناکی گرژ دەبێت
ئەم ماسولکە نوێیە ریشاڵی دروستکراوە لە مادەی گرافین و مادەی کریستاڵی شل لە شێوەی جەلاتیندا بەشێوەیەک دروستکراوە وەکو ماسولکەی مرۆڤ لەگەڵ گۆڕانی پلەکانی گەرمادا گرژ دەبن و خاودەبنەوە بەبێ ئەوەی بۆ ئەو کردارە پێویستی بەهیچ وزەیەکی دیکە هەبێت.
لەو بارەیەوە کیم جون تیه لێکۆڵەر لە پەیمانگەی کۆریای پێشکەوتوو بۆ زانست و تەکنەلۆجیا دەڵێت: جووڵەی ماسولکە دەستکردە نوێیەکە بە گرژبوونی پێکهاتەی خانەیی رێکخراو بەشێوەیەکی ناڕێک دروست دەبێت کاتێک بەر گەرما یان رووناکی دەکەوێت، بۆیە 1000 هێڵی زۆر باریک لە پێکهاتەی ئەو ماسولکە دەستکردە ئەستورییەکەی بەرامبەر دوو ئەوەندە ئەستووریی قژی مرۆڤ زیاترە و کێشی یەک کیلۆ گرام دەبێت.
سەرچاوە: الأمارات الیوم

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان