مۆبایل مەخەنە بەردەستی منداڵ

10:37 - 2023-01-15
هەمەرەنگ
302 جار خوێندراوەتەوە

دیارە داهێنانی مۆبایلی زیرەک خزمەتێکی زۆری بەمرۆڤایەتی گەیاندووە و کارئاسانی زۆر بۆ ژیانی رۆژانەی خەڵکی دەکات، بەڵام زۆر بەکارهێنانی بەتایبەتی لەلایەن منداڵان کاریگەری نەرێنی بەجێدیڵێ و بۆ داهاتووی تەندروستیان زۆر خراپە.

خانە زیرەکەکان دەکوژێت
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ زانایانی نەخۆشخانەی  Cincinnati ئەمریکی ئەگەر منداڵ لەیەک سەعات زیاتر مۆبایل بەکاربێنێت و بە بەردەوامی تەماشای شاشەکەی بکات ئەوا راستەوخۆ وردە وردە خانە سپیەکانی ناو مێشکی لاوازدەبن و لە ئەنجامدا دەپووکێنەوە، ئەو خانانەش ئاستی زیرەکی و وریایی مێشکی کەسەکە دیاری دەکەن، ئەو زانایانە توێژینەوەیان لەسەر 47 منداڵی تەمەن 3 - 6 ساڵ کردووە و بۆ ماوەیەک لەکاتی بەکارهێنانی ماوەیەکی دیاریکراو لەلایەن منداڵەکانەوە بەتیشکی سەروو وەنەوشەیی چاودێری ناوەوەی خانەکانی مێشکی منداڵەکانیان کردووە و بۆیان سەلماوە هەرچەندە ماوەی بەکارهێنانەکانیان زیاتر بێت ئەوەندە خانەکان لاوازتر دەبن و کاتێک بۆ ماوەیەک وازیلێدێنن گەشەدەکەنەوە، بەڵام ئەگەر لە سەعاتێک زیاتر بخایەنێت ئەوا بەتەواوی دەپووکێنەوە و ئیدی ناژێنەوە.

هۆکاری تەمبەڵییە
لە دیدارێکی تایبەتی رۆژنامەی Neue Osnabrcker Zeitung ی ئەڵمانی لەگەڵ پرۆفیسۆر» تۆمکاس فیشباخ» سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی منداڵان لە ئەڵمانیا هۆشداری دایە دایک و باوکان لە خستنە بەردەستی مۆبایل بۆ منداڵەکانیان و وتی: زۆرێک لەمنداڵان زوو شتیان لەبیردەچێتەوە یان مێشکیان تەمبەڵە و بێ ئاگا دیارن، هۆکارەکەی روونە و زۆر بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەکە بۆ ماوەیەکی زۆر یاری پێدەکەن یان لەڕێی شاشەکەیەوە سەیری فیلم و فۆتۆ و ڤیدیۆ دەکەن تا تامەزرۆییان پێ بشکێت، بۆیە داوای لە خێزانەکان کرد مۆبایل لە منداڵی پارچەڵكە 7-6 ساڵان قەدەغە بکەن دەنا لە ئایندەدا باجی خراپی ئەوە دەدەنەوە.
بێهودەیی و بێ مروەتی
رۆژنامەی The Times ی بەریتانیش لەسەر ئەم بابەتە باسی توێژینەوەیەکی گۆڤاری  Jama Pediatrics دەکات کە ئەزمونیان لەسەر 500 منداڵ کردووە و روونبۆتەوە لەدوای بەکارهێنانی زۆری مۆبایل منداڵەکان رەوشتیان بەرەو خەراپ گۆڕاوە، لەو لێکۆڵینەوەیەشدا سەلماوە لەدوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر ئەو خوەدا منداڵەکان ژیانیان بەتەواوی تێکچووە و توڕەو توند و بێ مروەت و بێ زەوق و سەلیقە دەرچوون، هەمیشە خەواڵو و زۆر کەم حەزیان لە خواردن و کۆنتاکی تاکەکانی خێزانەکەیان بووە، هەندێکیان بە تەواوی لە دەست دەرچوون، هۆکارەکەشی هەمووی زۆر بەکارهێنانی مۆبایلی زیرەک بووە.
منداڵ فێری هونەر و یاری بکەن
توێژینەوەیەکی تری زانکۆی میشیگانی ئەمریکیش هەمان ئەو ئەنجامەی بەدەستهێناوە و تێیدا دەڵێت: ئەگەر منداڵێک حەزی بە یاری و سەما و گاڵتە و گەپ و گەڕان و سوڕان و میوزیک و گۆرانی و ئارەزووی تری نەبوو ئەوا دڵنیابن ئەوە زۆر مۆبایل بەکاردێنێ و حەزی هەموو شتێکی لێسەندۆتەوەJeni Rasiski  خاوەنی توێژینەوەکە دەڵێت: بە ئەزموونەکەمان بۆمان دەرکەوتووە هەرچەندە منداڵ خوبداتە ئەو مۆبایلانە تەمبەڵتر دەبێت و ئەو شاشانە هیچ داهێنانێک فێری منداڵ ناکات و بگرە بە زیانی زۆر دەکەوێتەوە، بەپێچەوانەوە منداڵ ئەگەر فێری میوزیک و گۆرانی و یاری جۆراوجۆر و ئارەزووی تری وەک وەرزش و هونەر و پیاسە و گەڕان بکرێت بەدڵنیاییەوە مێشکی زیرەک دەبێ خانەکانی گەشەدەکەن، لایەنە تەندروستیەکانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ئامۆژگاری دایک و باوکان دەکەن نەهێڵن منداڵەکانیان لە سەعاتێک زیاتر مۆبایل بەکاربێنن.

سەرچاوە: گۆڤاری  FOCUS ی ئەڵمانی

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان