باشترین گرتووخانە

10:41 - 2023-01-15
هەمەرەنگ
244 جار خوێندراوەتەوە

گرتووخانەی «هالدن» لە وڵاتی نەرویج لەڕووی دیزاینەوە خزمەت و بەهای مرۆڤایەتی و پێوەرەکانی مافەکانی مافی زیندانیان لەسەر ئاستی هەموو جیهان بە باشترین دادەنرێت، ئەو گرتووخانەیە لەسەر شێوازی هۆتێل لەناو دارستانێکی سەوز و جوان دروستکراوە، ئەگەرچی سەدان زیندانی تاوانبار و بازرگانانی مادەی هۆشبەر و بکوژ و دز و جەردەی تێدایە، بەڵام وەک تاوانبار رەفتاریان لەگەڵ ناکرێ و کردوویانە بە بنکەیەکی چاودێری و چاکردنەوە و راهێنانەوەی ئەو خەڵکەی لاڕێ براوانە لە ناو کۆمەڵگە و چارەسەرکردنیان لەڕێی پزیشک و خەڵکانی شارەزا و پسپۆر لە بواری دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستییەوە.
ساڵی 2010 ئەو گرتووخانەیە لەلایەن پادشای نەوریج» هارلدی پێنجەم» لەسەر رووبەری 300 هەزار مەتر چوارگۆشە و بە کوژمەی 250 ملیۆن دۆلار کرایەوە و ئێستا سەدان کەسی تێدایە کە بە سزای هەمیشەیی حوکمدراون و 20 ساڵ زیندانیەکەیان تەواوکردووە و لەوێ هەوڵیان لەگەڵ دەدرێت بیانخەنەوە سەر رێی راست و بچنەوە نێو کۆمەڵگە، ئەو گرتووخانەیە پاسەوانی چەکداری نییە و پەنجەرەی ژوورەکان کراوەن و تەلبەند و دیواری بەرز و کامێرای چاودێری نییە، هەرچەندە زیندانی دەتوانێت بەئاسانی رابکات، بەڵام بەهۆی خۆشی شوێنەکەیان و مەیلی چاکبوونەوەیان هەوڵی راکردن نادەن، کەمیش کێشە و ئاژاوەی تێدا دروست دەبێت.
بەیانیان لەژێر باڵی سنەوبەرەکانی گۆڕەپانی گرتووخانەکەدا تیشکی هەتاوی زێڕێن بەناو ژوورەکانی بڵاودەبێتەوە و و جریوە جریوی باڵندە و دەنگ و شنەی گەڵای درەختەکان سەمفۆنیایەکی هێمن دەچرپێننە بناگوێی خەڵکەکە، لەسەر دارو دیوارەکانی دەرەوەی هۆڵی باڵەخانەکەدا دەیان تابلۆی رەنگاوڕەنگی موژدەبەخش نەخشێندراوە، هۆڵ و یانەی تایبەتی هەیە کە زیندانییەکان دەتوانن ئارەزوو و بەهرەکانیان پەرەپێبدەن وداهێنان بکەن، ئەو سیستەمەی نەوریج لە مەشقپێکردنی زیندانی و تاوانبارەکان و خستنەوەیان بۆ نێو ژیانی ئاسایی سەرکەوتنی باشی بەدەستهێناوە، بۆیە ئەو گرتووخانەیە لەسەر ئاستی هەموو جیهان باشترین و دەگمەنترینە.

سەرچاوە: رۆژنامەی Bild  

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان