لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆ نمایشكرا

فیلمی لالش پەرستگای ئێزیدییەكان

10:12 - 2023-01-18
کەلتور
329 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە کۆڕەکە

هەولێر – راهێن نەوزاد

پێش نیوەڕۆی 7/1/2023 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان فیلمی (لاش پەرستگای ئێزیدییەكان) لە ئامادەكردن و سیناریۆ و دەرهێنانی هونەرمەند تەنیا كەریم و وێنەگرتنی هونەرمەندی سینەماكار عەدنان عوسمان شاناز نمایشكرا.
لە سەرەتای مەڕاسیمەكەدا فیلمەكە نمایشكرا، فیلمێكی دیكۆدرامیە و باس لەمێژوو و ئایین و كەلتوری ئێزدییەكان دەكات كە لەناو پەرستگای لالش و ئەو كەشوهەوا ئایینیەی پەیڕەوانی ئایینی ئێزیدی لە هەرێمی كوردستان تێیدا پەیڕەوی دەكەن بۆ ئەمەش دوو ئەكتەر وەكو كاری نواندن تێیدا بەشداربوون، ئەوانیش ئیبراهیم رەمەزان كاریتانی و كچە هونەرمەند كەنار ستارن كە چوونەتە ناو پەرستگای لالش و گفتوگۆ لەگەڵ چەندین كەسایەتی ئایینی ئێزدی دەكەن.
پاشان تەنیا كەریم دەرهێنەری فیلمەكە وتەیەكی پێشكەش كرد و وتی: ئەم فیلمە بەرهەمی دە ساڵ لەمەوبەرە، كۆمەڵێك كەسی جوان كاریان تێداكردووە، سەرەڕای ئەوەش لێكۆڵینەوەیەكیشە دوو نامەی ماستەر و نامەیەكی دكتۆرا سوودیان لە ناوەرۆكی فیلمەكە وەرگرتووە و لە سێ وڵات نمایش كراوە و چەند خەڵاتیشی پێبەخشراوە كە ئەویش بە هەوڵی كۆمەڵێك برادەری خۆم بووە وەكو مامۆستا عەدنان عوسمان وەكو وێنەگر و ئیبراهیم رەمەزان و خاتوو كەنار ستار ئەوانیش وەكو ئەكتەر تێیدا بەشداربوون.

پشتمان بە كۆمەڵێك سەرچاوە بەست
تەنیا كەریم ئەوەشی ئاشكراكرد ماوەی وێنەگرتنی فیلمەكە یەك ساڵی تەواوی پێچووە كە لەهەر چوار وەرزەكەی ساڵ وێنەی بۆ گیراوە و وتی: ئەركێكی زۆرمان بۆ فیلمەكە كێشا، چونكە فیلمی دیكۆمێنتاری و دیكۆدرامی ئەركیان زۆر قوڕسە و بەرپرسیاریەتی زۆری هەیە لەڕووی ناوەرۆك و بابەتەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئێمە تەنیا پشتمان بە كۆمەڵێك سەرچاوە بەست بۆ فیلمەكە كە لەلایەن ئێزیدییەكان خۆیانەوە دوو كتێبی سەردەمی خۆیان هەبووە (جلوە) و (موسحەفا رەش) بوون، هەردووكیان لەپێشوودا ئێزیدییەكان ناوچەكەیان داگیركراوە ئەو دوو كتێبەیان شاردۆتەوە ئیتر ئایینەكەیان بەوە دەستیپێكردووە كە لە باوكەوە بۆ كوڕ و لە كوڕەوە بۆ ئەوانی تر گێڕدراوەتەوە یەعنی لە دڵەوە باسكراوە ئەوەی پێمان كرابێت لەو فیلمە كردوومانە.
راشیگەیاند: ئامانجمان لەو فیلمە ئەوەبوو زیاتر ئەو شتانەی لەلای ئێمەوە نامۆ بوون بۆ ئایینی ئێزیدی شاراوەن ئێمە دەریبخەین و بە خەڵكانی تر ئاشنای بكەین بۆ دەرهێنانی ئەو فیلمەش رێز و سوپاسم بۆ كۆمەڵێك برادەر هەیە یەكێك لەوانە ستار محەمەد ئەمین كە زۆر هاوكاری كردین هەروەك برادەرانی كەناڵی گەلی كوردستانیش لەو سەردەمە هاوكاریان كردوین و سەری رێزو نەوازیش بۆ جوانە مەرگ محیەدین رەزا كە كاری مۆنتاژی بۆ ئەو فیلمە کرد لەشاری كۆیە ئەو و كۆمەڵێك خەڵكی تریش ئەركێكی زۆریان كێشا. وتیشی: ئەو فیلمەش بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێری سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەكاتی خۆیدا بودجەیان بۆ تەرخانكرد.

میللەتێك رۆمان و سینەمای نەبێت لە شارستانییەت بە دوورە
پاشان عەدنان عوسمان شاناز وێنەگری فیلمەكە وتەیەكی سەبارەت بە فیلمەكە پێشكەش كرد و وتی: زۆر سوپاسی ساڵۆنی لاپەڕە نۆ و ئەو دۆست و خۆشەویستانەی گرنگی بە سینەما دەدەن دەكەم، مەراسیمێكی باش و زۆر تایبەتیان بۆ نمایشكردنی فیلمەكە ساز دا، چونكە لێرە چالاكی سینەمایی كەم دەكرێت، من داوا و تكاتان لێدەكەم چالاكی سینەمایی زۆر بکەن، چونكە یەڵماز گۆنای مەزن دەڵێت هەر میللەتێك رۆمان و سینەمای نەبێت لە شارستانییەت بە دوورە، بۆیە ئەگەر میللەتی كوردیش سینەما و رۆمانی نەبێت، ئەوا بەڕاستی میللەتێكی خاوەن شارستانیەت نیە.

زۆر هاوڕێی هونەرن
سەبارەت بە فیلمەكەی لالش عەدنان عوسمان شاناز وتی: رۆژانێكی زۆر سەختمان بۆ دەرهێنانی ئەو فیلمە بەسەربرد بە تایبەتی من وەكو وێنەگری ئەو فیلمە زەحمەتێكی زۆرم بینی ئەویش لەبەرئەوەی هەندێكجار مەراسیمی ئایینەكە دەكرا دەبوایە بە سێ كامێرا وێنەی بگرین، كەچی تەنیا من وێنەگر بووم، هەوڵمدەدا شوێنی سێ كامێرامان بگرمەوە، هەندێكجار شت بەسەرمدا تێدەپەڕی، بەڵام هەوڵماندا زۆر بەجدی كار بكەین، راستە ستافێكی زۆر بچووكیش بووین و ژمارەمان زۆر كەم بوو، بەڵام ستافێكی زۆر جدی بووین هەر كەسێك بە دوو هێند و سێ هێند بە توانای خۆی كاری دەكرد ئەوەی زۆر سەرنجی راكێشام لەو فیلمەدا لەو كەشوهەوایەی لالش كە ئێزیدیەكان زۆر تایبەت بیردەكەنەوە هەموو شتێكیان میوزیكە، زۆر هاوڕێی هونەرن و نزیكن لە هونەر هەر لە میوزیكیان تا هەڵپەڕكێ و سروتەكانیان و شیعریان و بیروبۆچوونەكانیان و هەڵسوكەوتیان و گۆرانییەكانیان، هونەر لەناو ژیانی ئەوان بۆتە شتێكی زۆر ئاسایی.

دەیانەوێت ژیان جوان بكەن
پاشان نووسەر و رەخنەگری سینەما و شانۆیی حەمەسوار عەزیز وتەیەكی سەبارەت بە فیلمەكە پێشكەش كرد و وتی: بەڕاستی ئەو فیلمە سەلماندی كە ئایین و هونەر هەمان سەرچاوە و رێچكە و مەبەستیان هەیە، هەردووكیان دەیانەوێت ژیان جوان بكەن و دەیانەوێت جوانیەكانی ژیان نیشان بدەن، رەنگە هونەر لەئاینێكی رەسەنی وەكو ئێزیدیدا زیاتر بەرجەستە بێت بە تایبەتی لە ئایینە كۆنەكان.
وتیشی: من گلەییم لە تەنیا كەریمی دەرهێنەری فیلمەكە هەیە دەبوو زیاتر بایەخ بە رووكاری هونەری ئەو ئایینە بدات، كاتێك هونەر و ئایین یان میوزیك و ئایین یان سەما و ئاین یەك دەگرنەوە لەناو پەرستگەیەك، چونكە ئەو كەشوهەوا هونەرییە هەمووی لەناو پەرستگەیەكدا بەڕێوەدەچێت ئەمە زۆر گرنگە و دەستخۆشی لێدەكەم.

شێوازی داڕشتنی ئەم فیلمە
راشیگەیاند: ئەو فیلمە پێشتووتریش بینیومە، بەڵام پیشاندانی ئەمجارە تایبەت تر بوو، كاری سینەما هونەری گێڕانەوەیە، بەڵام لە سینەما و لە شانۆ و دراماشدا دوو جۆر گێڕانەوە هەیە یەكیان پێی دەوترێت (سەردی حیكایی) بەمانای گێڕانەوەی چیرۆك ئامێزە كە شتەكە زیاتر لە رێگای گوێچكەوە چیرۆكەكە وەردەگرێت، گێڕانەوەیەكی تر هەیە كە پێی دەوترێت (درامی) ئەمەیان لەسەر بینین دادەمەزرێت، ئەوەی تەنیا كەریم كردوویەتی هەوڵیداوە زۆربەی ئەو مەراسیمانە لە رێگەی دوو ئەكتەر بکرێت بۆ ئەوەی مەراسیمەكان ببینرێن نە وەك ببیسترێن، ئەمە زۆر گرنگە لە مەسەلەی درامادا، چونكە لە سینەمادا كرداری بینین كرداری سەرەكیە و كرداری بیستن كردارێكی لاوەكیە، بۆیە شێوازی داڕشتنی ئەم فیلمە جیاوازە لە هەموو ئەو فیلمە دیكۆمێنتاریانەی ئێمە لە تەلەفزیۆن دەیبینین، بەو شێوەیە تەنیا كەریم زۆر لە تەلەفزیۆن دوور كەوتۆتەوە.
ئەم فیلمە بەشداری لە ژمارەیەك فێستیڤاڵی سینەماییدا كردووە، لەوانە فێستیڤاڵی مۆسكۆ، هەر وەك لە شارەكانی بەرلین و هانۆڤەری ئەڵمانیا بۆ رەوەندی كوردی ئێزدییەكان نمایشكراوە و لە فێستیڤاڵی سینەمای نێودەوڵەتی سلێمانیش بە یەكەم فیلمی ناوازە سەركەوتووە و توانیویەتی شوێنی خۆی لەناو بواری سینەمای دیكۆدرامیدا ببینێتەوە.      

بابەتە پەیوەندیدارەکان