نەسرین کوردە
رووناک جەناب نوری ناسراو بە رووناکی شێخ جەناب جگە لەوەی بۆ خۆی تەوار و تێکۆشەرێکی رێگای خەباتە، لە خانەوادەی شەهیدی سەرکردە خاڵە شیهاب-ەوە ئیلهامی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی و چینایەتیی وەرگرتووە.
وەک خۆی دەگێڕێتەوە لە ساڵی1974دا پەیوەندی كردووە بە ئەڵقە رۆشنبیرییەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان و لە ساڵی1975دا لە رێگەی کۆمەڵەوە پەیوەندیی كردووە بە ی.ن.ک-ەوە و رایەڵەی پەیوەندیی نێوان رێكخراوی هەڵۆی سوور و رێكخستنەكانی سلێمانی بووە.
دواتر بۆ خوێندن چۆتە بەغدا، بەڵام دوای دەستگیرکردنی ئەندامەکانی هەڵۆی سوور بەناچاری بەغدای بەجێهێشتووە.
رووناک خان دەڵێت: «پاش گەڕانەوەم بۆ سلێمانی و بۆ چەند ساڵێک خۆ حەشاردان لە سلێمانی و فەلوجە، لەگەڵ ئازادبوونی سەرکردەی نەمر کاک دارۆدا لەگەڵ نەرمین عوسمانی هاوسەریدا چووینە شاخ و پەیوەندیمان كرد بە شۆڕشی نوێ-وە.
رووناک خان دەڵێت: «لە ناوزەنگ لە یەکەم بارەگا عومه‌ری سه‌ید عه‌لی و مه‌لا به‌ختیار و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یەكی دیكه‌مان بینی و دوای پشوویەکی کورت مام جه‌لال ناردی به‌شوێنماندا و له‌گه‌ڵ هێرۆخاندا به‌خێرهاتنیان كردین و مام جه‌لال پێ وتین: هه‌ردووكتان لای من بمێننه‌وه تا كاك دارۆش دەگات».
پاشان دەڵێت: دوای گەیشتنی كاك دارۆ، کاک ملازم عومه‌ر ژوورێكی خۆی و پێشمه‌رگه‌كانی بۆ چۆڵ كردین، بەڵام لە ساڵی 1980دا له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار زەماوەندمان کرد و ئیتر لە بارەگاکەی مەلا بەختیار جێگیربووم.
لەبەشێکی دیکەی گێڕانەوەکانیدا ئەوە روون دەکاتەوە کە لەگەڵ چەند ژنێکی تری پێشمەرگەدا بەشداریی خولێکی مەکتەبی عەسکەریی کردووە کە بۆ فێرکردنی به‌كارهێنانی چه‌كه جۆربه‌جۆره‌كان بۆ ژنان کراوەتەوە له‌وانه‌ش بەشداربوون خوالێخۆشبوو دلارام خانی خوشكم هاوسەری ملازم عومەر بوو، شنه خان، سوهه‌یله‌خان، گه‌لاوێژ خان، تابان خان و نیشتمان خان.
لەبارەی سەختییەکانی ژیانی شاخیشەوە ئاماژە بە ژیانی ژێر دۆخی بۆردومانی فڕۆکە و تۆپباران دەکات بە تایبەتی بۆ ئەو ئه‌و كاته دووگیان بووە به زیلانی كچی، بەو هۆیەشەوە باری تەندروستی تێکچوو، بۆیە وەک ئاماژەی پێ دەدات لە کۆتایی ساڵی 1980 دا چووە بۆ تاران و پاش گەڕانەوەی بۆ شاخ دایکی هاتووە و زیلانی کچی بردووە بۆ سلێمانی لەبەر سەختی دۆخی شاخ بۆ منداڵێکی کۆرپە.
له ئایاری ساڵی1981 کۆنفرانسی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه له مالیمۆس بەستراوە 5 ژنی تێدا بووە، هەریەک لە پاكیزه، روناك محه‌مه‌د، په‌خشان حه‌فید، دڵگیر و خۆی لەو کۆنفرانسەدا ئەندام بوون.
لەو ماوەیەدا چەند جارێک بە هاوکاریی رێکخستنەکان بە نهێنی گەڕاوەتەوە بۆ ناوشاری سلێمانی.
پاشان لە ساڵی 1982 لە کاتی پێکهێنانی مەڵبەندەکان و هاتنەخوارەوەی سەرکردایەتی لە سنوورەکانەوە بۆ قووڵایی ناوچە رزگارکراوەکان مەلا بەختیار کراوە بە لێپرسراوی مەڵبەندی یەک کە بارەگاکەی لە گوندی حاجی مامەند دانراوە.
لە تەمموزی1984دا سێیه‌مین کۆنفرانسی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی کوردستان به‌سترا و لە دوای کۆنفرانسەکە گفتوگۆیه‌كی گه‌رم دروستبوو بۆ دامه‌زراندنی رێكخراوێكی تر له نێو یه‌كێتیدا.
له ساڵی1985دا، كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می رێکخراوی ئاڵای شۆڕش! له گوندی سێوسێنانی قەرەداغ سازكرا، له‌و دانیشتنه‌دا رووناکی شێخ جەناب بەشداربووە و گفتوگۆیان كردووە له‌سه‌ر دروستکردنی ره‌وتێكی دیكه له چوارچێوه‌ی یه‌كێتیدا.
به‌ڵام به‌هۆی قووڵبوونەوەی ناكۆكییەکانەوە له پایزی 1985دا دۆخەکە گۆڕراوە و ئەویش به نهێنی چۆتە‌وه بۆ سلێمانی، ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌شار بووە، هه‌رجاره و له ماڵێك بوون بۆ خۆشاردنەوە لە چاوی سیخوڕەکانی بەعس، به‌ڵام وەک خۆی دەڵێت: «زۆرترین كات له ماڵی كه‌مال قه‌ره‌داغی خۆم حه‌شار دەدا و ماوه‌یه‌كیش لای هاوڕێیانی كۆمه‌ڵه‌ی ئێران بووم كه باره‌گایان لە سلێمانیدا هه‌بووە.
ساڵی 1986 له سلێمانییه‌وه بە قاچاغ خۆی گەیاندۆتە ئۆردوگای زێوەی رۆژهەڵاتی کوردستان، باره‌گای سه‌ره‌كی ئاڵای شۆڕشی لێ‌بوو، له یەکەم پلینیۆمی ئاڵای شۆڕشدا بەشداریی کردووە و تا ساڵی 1990 لەوێ ماوەتەوە، لەوێوە وەک پەنابەر رووی کردۆتە سوید و تا ساڵی 2000 لەوێ ماوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و هەم درێژەی بە خوێندن داوە و هەم بەشداریی کاری رێکخراوەیی کردووە و درێژەی بە خەبات داوەتەوە لەناو یەکێتیدا.
روناك جەناب نوری
*ساڵی1955 لەدایك بووە.
*ساڵی 1974 پەیوەندیی کردووە بە کۆمەڵەوە.
*ساڵی1975 پەیوەندیی كردووە بە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە و دواتر لە ساڵی 1979دا پەیوەندیی کردووە بە شۆڕشی نوێ-وە.
*ساڵی 1990 لە ئێرانەوە رووی کردۆتە تاراوگە و لە سوید گیرساوەتەوە.
*ساڵی 2000 گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان و درێژەی بە خوێندن داوە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە میدیادا بەدەستهێناوە.
*لە سێیەمین کۆنگرەی ی.ن.ک-دا بە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی هەڵبژێردراوە و تا چوارەمین کۆنگرە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بووە.