بیرکردنەوە هەڵەکان دەربارەی تەندروستیی دەروونیی منداڵ

10:26 - 2023-01-22
هەمەرەنگ
641 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

تەندروستی دەروونی و کێشە دەروونییەکانی منداڵ لە هەر نەخۆشییەکی دیکە زیاتر ناڕوونە و ناتوانرێت بە ئاسانی دەستنیشان بکرێت، بۆیە دەبینین زۆرێک لەو منداڵ و هەرزەکارانەی کێشەی دەروونییان هەیە ئازارەکانیان بە شاراوەیی دەهێڵنەوە و هەستیان پێناکرێت یان بەشێوەی دیکە ئەو ئازارانەیان دەردەبڕن کە هەندێکجار بە رێگەی مەترسیدار یان ئازاربەخش بۆ چواردەورەکەیان دەریدەبڕن، هاوکات زۆرجار لەترسی ئابرووچوون و عەیبە لەلایەن خۆیان و خێزانەوە چارەسەری پزیشکی گونجاو وەرناگرن و بە کەم تەماشای تەندروستی دەروونی منداڵ و هەرزەکار دەکرێت، بۆیە لێرەدا ئەو راو بۆچوونە هەڵانە دەخەینە روو کە لەبارەی تەندروستی دەروونی منداڵەوە هەیە لەگەڵ خستنەڕووی گرنگی ئەو بابەتە چیتر ئەو کێشانە فەرامۆش نەکرێت.

بۆچوونە هەڵەکان دەربارەی تەندروستی دەروونی منداڵ
* ئەو منداڵەی ناتەواوی دەروونی هەیە تا کۆتایی ژیانی زیانی پێدەگات: بە پێی پێگەی Child Mind ی پزیشکی بێت ئەو قسەیە راست نییە و پێوەر نییە بۆئەوەی چیتر ئەو منداڵە نەتوانێت بەختەوەری و سەرکەوتن لە ژیانیدا دەستەبەر بکات، بەمەرجێک کێشەی منداڵەکە دیاری بکرێت و چارەسەری گونجاوی بۆ بکرێت، تا ئەوەش لە تەمەنێکی زووتردا بکرێت باشتر دەبێت و زیاتر هەلی ئەوەی دەبێت کۆنتڕۆڵی نیشانەکانی بکرێت و بەسەریدا زاڵ بێت و وەکو مرۆڤێکی ساغ گەشە بکات.
*کێشە دەروونییەکان هۆکارەکەی لاوازیی کەسێتی منداڵە: راستە قورسە نیشانەکانی ناتەواوی دەروونی منداڵ وەکو رەفتاری توند و هەڵچوون و شەڕانگێزی یان دڵەڕاوکێی زۆر لە کەسێتی منداڵدا جیابکرێتەوە، بەڵام ناتەواوی دەروونی نەخۆشییە وەکو هەر نەخۆشییەکی دیکە و پێویستی بە چارەسەرە و پەیوەندی بەکەسێتی منداڵەوە نییە، بۆیە ناکرێت چاوەڕێی ئەوە بین منداڵ یان هەرزەکار خۆی توانای ئەوەی هەبێت بە تەنیا چارەسەری خۆی بکات و زاڵبێت بەسەر کێشەکانیاندا، بەڵکو بە هاوکاری خێزان و پلانێکی کاریگەر لەگەڵ دیاریکردنی کێشەکە و چارەسەری گونجاو بۆی دەتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت و پەیوەندی بەوەوە نییە ئەو منداڵە کەسێتی لاوازە یان نا.
*ناتەواوییە دەروونییەکان هۆکارەکەی پەروەردەی خراپە: راستە ژینگەی نێو ماڵ بۆ منداڵ و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دایک و باوکیدا رەنگە ببنە هۆی ئەوەی ناتەواوییە دەروونییەکانی پەرەبستێنێت و زیاتر ببێت، بەڵام هۆکار نییە ئەوەی ببنە هۆی دروستبوونی ناتەواوی دەروونی لای منداڵ، پسپۆران رایان وایە دڵەڕاوکێ و خەمۆکی و ئۆتیزم و کێشەی فێربوون لە بنەمادا هۆکارەکانی بایۆلۆجین و دایکایەتی و باوکایەتی و پەرەوەردە بەرپرس نییە لەو کێشانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا باوان رۆڵێکی سەرەکی دەبینن لەڕێی دابینکردنی پاڵپشتی و خزمەتگوزاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکەیان.
*منداڵ دەتوانێت ئیدارەی ناتەواوی دەروونی بکات لە رێی بەهێزی ئیرادەوە: ئەو وتەیە راست نییە، چونکە ناتەواوی دەروونی دڵەڕاوکێیەکی کەم یان بێ میزاجیی نییە، بەڵکو تەنگیی بەهێز و ناتەواوی وەزیفییە دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی منداڵ، هاوکات منداڵ توانا و ئەزموونی پێویستی نییە تاوەکو بتوانێت خۆی کێشەکانی چارەسەر بکات وەکو خەمۆکی توند یان دڵەڕاوکێی زۆر یان کێشەی زۆر جووڵە و کەم سەرنج، بۆیە دەکرێت لەو حاڵەتانەدا بەشێوەیەکی باش سوود لە پلانێکی چارەسەری گونجاو ببینرێت، کە جۆرێکە لە چارەسەری رەفتاریی بۆ گەڕاندنەوەی تەندروستی و بەختەوەری بۆ منداڵەکە.
*چارەسەری منداڵ کات کوشتنە: چارەسەری کێشە دەروونییەکان لە قۆناغی منداڵیدا چارەسەرێکی تەقلیدی نییە تەنیا بە قسە بکرێت، بەڵکو دەبێت باشترین بەرنامەی چارەسەر بەکاربێت کە لەمڕۆدا وەکو چارەسەری رەفتاریی بۆ منداڵان و هەرزەکاران دانراوە، تێیدا سەرنج دەخرێتە سەر گۆڕینی بیرکردنەوە و هەست و رەفتارەکان ئەوانەی بوونەتە هۆی دروستکردنی کێشەی مەترسیدار بۆ منداڵ و هەرزەکار.
بە پێی ئاژانسی تەندروستی دەروونی CMHA لە کەنەدا لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە لە ساڵانی سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئەو کێشانەدا لای منداڵ ئەگەر چارەسەر بکرێن زیاتر ئەگەری زوو چاکبوونەوەیان دەبێت و تێیدا سەرکەوتوو دەبن.
*منداڵان زیاد لە پێویست دەرمانیان پێ دەدرێت: هەرچەندە ناکۆکی لە رای پزیشکاندا هەیە لەبارەی ئەوەی دەرمان بۆ چارەسەرکردنی ناتەواوییە دەروونییەکانی منداڵ بەکاربێت یاخود نا، بەڵام زۆرکەس رایان وایە پزیشکە دەروونییەکان هەر منداڵێک ببینن راستەوخۆ دەرمانی بۆ دەنووسن، لەگەڵ ئەوەشدا راستییەکەی پزیشکە دەروونییە باشەکان چەندینجار بیردەکەنەوە پێشئەوەی پلانێکی چارەسەر بۆ منداڵێک دابنێن لەگەڵ چارەسەرە رەفتارییەکەدا دەرمانیشی تێدا بێت.
* بەپێی رۆژگار منداڵان کێشەکانی تەندروستی مێشک تێدەپەڕێنن: هەلی منداڵ بۆئەوەی ناتەواوییەکانی مێشک و دەروون تێبپەڕێنێت بە تێپەڕبوونی رۆژگار بەبێئەوەی چارەسەر وەربگرێت زۆر کەمە بە بەراورد بەوەی بە رێژەیەکی زۆر لەگەڵ گەورەبووندا ئەو کێشانە پەرەدەستێنن و حاڵەتەکان قورستر دەبن، جگەلەوەی چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانی تەندروستی مێشک کە لە منداڵیدا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە لە قۆناغی کامڵبووندا قورستر دەبێت، بۆیە زۆربەی ناتەواوییە دەروونییەکان و کێشەکانی تەندروستی مێشک پێش تەمەنی چواردە ساڵی دەردەکەون، چونکە کاتێک دوای ئەو تەمەنە کاتێک هەوڵی چارەسەرکردنیان دەدرێت دەبێت بەدوای هۆکاری رەفتاری و سۆزداریشدا بگەڕێیت بۆ دروستبوونی ئەو کێشانە و لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام کاتێک هێشتا منداڵە مێشکی باشتر کاردانەوەی دەبێت بۆ گۆڕانکاری و وەرگرتنی چارەسەر و هیوای سەرکەوتنی چارەسەرەکەش زیاتر دەبێت. 
سەرچاوە: عربی بوست

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان