دەرمانە ئازارشکێنەکان لەخۆڕا مەخۆن

10:28 - 2023-01-22
هەمەرەنگ
496 جار خوێندراوەتەوە

زۆرینەی خەڵکی پێیان وایەکە لەکاتی بوونی ئازار لەگیانی مرۆڤدا باشترین چارە خواردنی حەب و دەرمانە ئازارشکێنەکانە، چونکە زیانی بۆ مرۆڤ نییە، ئەو تێگەیشتنە لە ئاستی پزیشکی هەندێ دەزگای تەندروستیدا باوە و بەپێی هەندێ ئاماری جیهانی ئەو ئازار شکێنانە سێجار بەقەد پێویستی بۆ نەخۆشەکان بەکارهاتوون و هەندێکجار بەبێ هۆکاریش خەڵکی دەیانخۆن.
توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە حەب و دەرمانی ئازارشکێن ئەگەر بۆماوەیەکی زۆر بەکاربێت و ببێتە خوو ئەوا زیانی زۆری بۆ تەندروتسی مرۆڤ هەیە و بوونی ئازار لە جەستەدا زۆر باشترە لەو ئاسەوارە خەراپانە، چونکە جەستەی مرۆڤ و کۆئەندامەکانی لەگەڵ ئەو دەرمانانە رادێن و تەمبەڵ دەبن بەجۆرێک بەرگەی ئازارێکی کەمیش ناگرن و کەسەکە هاواری لێهەڵدەستێت و ناچار دیسان دەبێت پەنا بۆ ئەو حەبانە بەرێت، پسپۆڕی ئەمریکی د. پێری جی. فاین لەو بارەیەوە دەڵێت: زۆر خواردنی ئەو جۆرە دەرمانانە کێشەی هۆرمۆن دروست دەکات و نەخۆشیەکانی گەدە و گورچیلە و بەرزی فشاری خوێن و کەمخەویی و نەخۆشی دەروونی لێدەکەوێتەوە، هەروەها بەرگری لەش لاواز دەکات، چونکە دەرمانەکان بۆ ماوەیەکی تر ئەرکی سەرەکی خانەکانی بەرگری دەکەن و وای لێدێت خانەکان لە گەشە دەکەون و پشوو دەدەن، ئەو پشوودانە زۆرە و بۆ ماوەیەکی درێژ وادەکات لەکاربکەون و جەستە بەبێ حەب و دەرمانی ئازارشکێن بەرگەی کەمترین و سوکترین نەخۆشی و ئازار نەگرێت. 
هەروەها د. ئەنکە گریڤن  دەرمانساز و شارەزای ئەڵمانی دەڵێت: ئێستا لە زۆربەی کۆمەڵگەکان خواردنی دەرمانی ئازارشكێن بۆتە دیاردە و بەبێ ئامۆژگاری و راوێژی پزیشک بەکاردەهێندرێت کە کاریگەری خراپی بۆ دڵ و دەروونی مرۆڤ هەیەو هۆکاری سەرەکییە بۆ توشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان، چونکە خۆی لەخۆیدا لەخۆڕا بەکارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە کێشەی دەروونییە و دەبێت کەسەکە چارەسەری خۆی بکات دەنا زیانی تری لێ پەیدا دەبێت، ئەو خاتوونە پزیشکە باس لەوەش دەکات زۆربەی ئازارەکانی ئێستا سەرئێشەیە و بەشی زۆریان لە ئەنجامی کێشە و ژاوەژاوی رۆژانە و جەنجاڵی ژیان و ماندوێتییەوە دروست دەبن و نەخۆشی نین، بۆیە پێویستیان بەدەرمان  نییە و ئامۆژگاری ئەوە دەداتە خەڵکی تا بتوانن حەب و دەرمان کەم بخۆن و لە کاتی پێویستیشدا دەبێت بە راوێژی پزیشک و نەخۆشخانەکان بەکاربهێنرێن.
 
سەرچاوە: سایتی AOK

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان