بكوژانی شەهید محەمەد لەتیف دەستگیركران

قوباد تاڵەبانی: چاودێریی دۆسێكە دەكەم و تاوانباران بە سزای خۆیان دەگەن

09:36 - 2022-04-13
کوردستان
510 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، دوێنێ بە یاوەریی هیوا ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، سەردانی خانەوادەی شەهید محەمەد لەتیف-ی كرد و هەواڵی دەستگیركردنی هەرسێ تاوانبارەكەی پێڕاگەیاندن.
جێگری سەرۆك وەزیران، لە سەردانەكەیدا بۆ ماڵی خانەوادەی شەهید محەمەد لەتیف، رایگەیاند: وەك چۆن بەڵێنەكەیان بردەسەر لە دەستگیركردنی تاوانباران، بەدڵنیاییشەوە تا كۆتایی؛ چاودێریی دۆسێكە دەكات و تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
قوباد تاڵەبانی، دەستخۆشی لە ئاسایش و هێزە ئەمنییەكان كرد كە لە ماوەی رابردوودا بە هەموو توانایانەوە كاریانكرد بۆ دەستگیركردنی تاوانباران و رایگەیاند: رووداوی دەستگیركردنی بكوژانی شەهید محەمەد، هەڵگری ئەو پەیامەیە، كە هێزە ئەمنییەكان وریا و چاوكراوەن و تاوانباران ناتوانن لە سزای یاسایی دەربازبن.
جێگری سەرۆك وەزیران، باسی لەوەشكرد كە شەهید محەمەد شەهیدی رێگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی و سەروەریی یاسا بوو، هەروەك چۆن رووداوی دڵتەزێنی شەهیدبوونەكەی ویژدانی هەموو خەڵكی كوردستانی هەژاند، دەبێت ئەم رووداوە هەموو لایەكمان بەخۆدابهێنێتەوە كە تەنها سزادانی تاوانباران بەس نییە، بەڵكو پێویستە توندوتیژیی خێزانیش بە‌ پلان بنەبڕبكرێت.

# قوباد تاڵە‌بانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان