پۆلیسی سلێمانی لە هەرێمدا یەكەمە

09:48 - 2022-04-13
کوردستان
439 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی 11/4/2022، كۆبوونەوەی لیژنەی ئۆپەراسیۆنی باڵا، لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە كۆبوونەوەكەدا چالاكییەكانی پۆلیس لە پارێزگاكانی هەرێم تاوتوێكرا، بە تایبەتی دەستگیركردنی تۆمەتباران ‌و رادەستكردنیان بە دادگا ‌و سزادانیان بەپێی یاسا.
 لە خشتەیەكیشدا، ئاماژە بە چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆلیس دراوە لە رۆژی 15/12/2021 تا رۆژی 15/3/2022،  بەپێی خشتەكە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە پلەی یەكەمی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە لە چالاكی و دەستگیركردنی  تۆمەتباران ‌و تاوانباراندا.
لەلایەكی دیكەوە، هێزەكانی ئاسایش بە هاوكاری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و ئۆپەراسیۆن، لە ماوەی رابردوودا لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین توانیویانە  زیاتر لە 200 تۆمەتبار دەستگیربكەن كە دەستیان هەبووە لە ئاژاوەنانەوە و یاساشكێنیدا، لەو چوارچێوەیەیشدا دوێنێ هەواڵی دەستگیركردنی بكوژانی نەقیب محەمەد لەلایەن قوباد تاڵەبانی-یەوە بە خانەوادەكەی راگەیەنرا. 
سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتی هەواڵەكانی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستاندا، رایگەیاند: هەواڵی دەستگیركردنی بكوژانی نەقیب محەمەد زۆر دڵخۆشكەر بوو بۆ هەموو لایەك و ئێستاش لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە، وتیشی: سەرجەم ئەو كەسانەی كە لە یاسا هەڵهاتوون لەلایەن ئۆپەراسیۆن و ئاسایش و هێزەكانی پۆلیسەوە بەدواداچوونی تەواویان بۆ دەكرێت تا ئەو كاتەی كە دەستگیردەكرێن، ئەوەشی خستەڕوو: هەموو ئەو لە یاسا هەڵهاتووانەی كە لە سنووری پارێزگای سلێمانین، بە زووترین كات دەستگیردەكرێن و رووبەڕووی یاسا دەكرێنەوە.

#پۆلیسی سلێمانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان