کتێبخانەکەی رۆنا لە قامیشلۆ خزمەت بە منداڵان ده‌كات

10:12 - 2023-01-26
ڕاپۆرت
380 جار خوێندراوەتەوە

راپۆتی: ئه‌یاز هه‌ركی

رۆنا عەبدولقادری تەمەن 13‌ ساڵ، لە شاری عامودا لە رۆژئاڤای کوردستان لە دایکبووە و لە قامیشلۆ نیشتەجێیە،  رۆنا کتێبخانەی رۆنای کردۆتەوە لە قامیشلۆ، بەردەوام لە نێو منداڵەکاندا بەشێوەی جۆراوجۆر چالاکە، سەردانیان دەکات و هانیان دەدات بۆ خوێندن بە زمانی دایک.کتێبخانەی رۆنا منداڵان لە قامیشلۆ سەرنجی منداڵان و رۆشنبیران و نووسەران و کەسایەتییەکانی رۆژئاڤای کوردستان بەگشتی بۆ خۆی راکێشاوه‌. کتێبخانەکە چەندین کتێبی جیاواز لە بواری چیرۆک و رۆمان و پەروەردەی منداڵان لەخۆدەگرێت، رۆنا داوا لە سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات، وەک یەکەم پارتی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە لە رۆژی جیهانی منداڵان دامەزراوه‌، ئه‌ركی سه‌ره‌كی له‌سه‌ر شانه‌‌ بۆ خزمەتکردنی منداڵان و بەرنامە و پرۆژەی به‌رفراوانی هەبێت بۆ منداڵان و پەرەپێدانی تواناکانیان له‌ سه‌رانسه‌ری كوردستاندا.  
رۆنا داوا لە یەکێتی دەکات
رۆنا دەڵێت: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو حزبە دڵسۆزەیە لە هەموو کایەکاندا خزمەت بە خەڵکی کوردستان دەکات لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە رۆژی جیهانی منداڵاندا دامەزراوه‌، پارتێكی نیشتمانپەروەر و میللی ناسراوە لە کوردستان و جیهاندا. ئەمە جێی شانازی و سه‌ربه‌رزی هەموو منداڵێکی کوردە لە هەموو به‌شه‌كانی کوردستان. هەروەک چۆن پێشتریش رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستانی به ‌سه‌رپه‌رشتی ‌ (هێرۆخان) رۆڵی گەورەی هەبووە لە پاراستنی منداڵانی کوردستان. داوا لە سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەکەم  لەسەر ئەم رێبازە  ئەرکی نیشتمانپەروەرانەیەی خۆی بەردەوام بێت. به‌تایبه‌تی پێویسته‌ به‌رنامه ‌و پرۆژه‌ی باشتری هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی منداڵانی نه‌خۆش و هاوکاری و بنبڕکردنی نه‌خوێنده‌واری له‌نێو منداڵانی کورد له‌ ته‌واوی کوردستاندا. ئاواته‌خوازم لە یه‌كی حوزەیرانی رۆژی جیهانی منداڵان و دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی شاری سلێمانی و هەڵەبجە و گڵكۆی سەرۆک مام جەلال و منداڵانی ناو کەمپەکان بکەم، هیوادارم ئەو خەونەم بێتەدی.
بڵاوکردنەوەی زمانی کوردییە لەناو منداڵاندا
رۆنا سەرەتای ساڵی 2021 بە پاڵپشتی باوکی کتێبخانەکەی دەکاتەوە، وتیشی:  کتێبخانەکەم به‌تایبەتی بۆ خزمەتکردن و پەروەردەکردنی منداڵانی کورد له‌ رۆژئاڤای كوردستان و هاندانیان بۆ خوێندن بە زمانی دایک کردۆتەوە، ژمارەی کتێبەکان زیاتر لە هه‌زار کتێبە و بەشی سەرەکی کتێبە کوردیەکان بە شێوه‌زاری كوردی لاتینی و عەرەبی و ئینگلیزییە. زۆربەی کتێبەکان هه‌ڵبه‌ست و چیرۆکی منداڵان له‌خۆ ده‌گرێت، ئامانجی سه‌ره‌كیم بڵاوکردنەوەی زمانی کوردییە لە نێو منداڵاندا، بەداخەوە زۆرێک لە منداڵانی کورد لە رۆژئاڤای کوردستان بە زمانی دایک فێر ناکرێن، زۆربەی ئەم کتێبانە لە باکووری کوردستان و ناوچەکانی دیکەوە دەهێنین و کتێبی منداڵانیش هەم بەنرخن و هەمیش نرخیان گرانه‌. کتێبخانەکە رۆژانە لە خزمەت منداڵان و خوێنەراندایە، منداڵان بە ئارەزووی خۆیان کتێب دەخوێننەوە و بۆ چەند رۆژێک دەیانبەنەوە ماڵەوە، دواتر دەیگێڕنەوە.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن رێژەی نەخوێندەواری له‌ناو منداڵان لە رۆژئاڤای کوردستان بەتایبەتی لە کەمپەکاندا روو لە زیادبوون دەکات و لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانه‌ منداڵان لە خوێندن بێبەشدەبن بەهۆی بەردەوامی شەڕ له‌سه‌ر خاكی رۆژئاڤای کوردستان و بڵاوبوونەوەی هەژاری لە ناوچە کوردنشینەکان.
گۆڤارەکەم بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان بنێرم
رۆنا دەشڵێت: چه‌ندین خولم بۆ منداڵان کردۆتەوە تا فێری نووسینی چیرۆک بە زمانی کوردی لاتینی و سۆرانی بن، منیش خوێندکاری پۆلی هه‌شتم بە زمانی دایك و ئینگلیزی دەخوێنم، بۆیە ناتوانم هه‌موو رۆژ لە کتێبخانە بم. بەڵام کتێبخانەکەم هەموو رۆژێک کراوەیە و کارمەندنی تر کار دەکەن و منداڵان و خوێنده‌واران هەرکاتێک بیانەوێت دەرفەتی سەردانکردنیان هەیە. کتێبخانەکەم ناوی رۆنای منداڵانە، بەڵام هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە سەردانی دەکەن، وەک نووسەران و رۆژنامەنووسان و کەسایەتییەکان سه‌ردانم ده‌كه‌ن و سوپاس و ده‌ستخۆشیم لێ ده‌كه‌ن کتێبی دیکەم بە دیاری بۆ دەنێرن. هیوادارم لە قۆناغی داهاتوودا کتێبخانەکەم فراوانتر بکەم و کتێبخانەی منداڵان لە شار و شارۆچکەکانی تری رۆژئاڤای کوردستان بکەمەوە بۆ خزمەتکردنی منداڵان و فێرکردنیان بە زمانی دایک. ئێستا سەرقاڵی دەرکردنی گۆڤارێکی منداڵانم بە ناوی (رۆنا)، لە رۆژانی داهاتوودا بە پاڵپشتی رۆشنبیران بڵاودەکرێتەوە. دەمەوێت گۆڤارەکەم بۆ منداڵانی هەر چوار پارچەی کوردستان بنێرم و ئاشنای کارو خزمەتی من بن.
منداڵان لە کەمپەکاندا ژیانێکی سەخت بەڕێ دەکەن
رۆنا هەمیشە بیری لای منداڵە پەنابەرەکانی عەفرین و شەهبا و سه‌ری كانی و گرێسپییە،‌ بەشێک لەو منداڵانە لە خوێندن بێبەش بوون، بەتایبەت ئەو منداڵانەی لە کەمپەکاندا له‌ ژیانێكی سه‌ختدا ده‌ژین و ژمارەیەکی زۆر له‌ خوێندن بێبه‌شبوون. رۆنا دەڵێت: هەمیشە هەوڵمداوه‌ سەردانی کەمپەکان بکەم و زیاتر لە هەزار كتێبم بەسەر منداڵانی ناو کەمپەکاندا دابەشکردووە، چونکە لە دۆخێکی خراپدا دەژین، به‌م شێوه‌یه به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی منداڵانی رۆژئاڤای کوردستان ده‌که‌م،  منداڵه‌کان به‌چالاکییه‌کانم دڵخۆشن و تا راده‌یه‌ک ئێش و ئازارەکانیان له بیرکردووه. بەردەوام  به‌ڕێگه‌ی بەرنامەی ڤیدیۆیی چالاكی بڵاوده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ منداڵان و بینەروگوێگرێکی زۆرم هەیە و منداڵیش سوودی لێ ده‌بینن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان