ئاکپارتی لە خنکانی سیاسی نزیک دەبێتەوە

10:42 - 2023-01-26
ڕاپۆرت
453 جار خوێندراوەتەوە
#هاوپەیمانی شەش حزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی تورکیا

نەوزاد ساڵح

ئێستا هەڵوێستی ئەنقەرە پێچەوانەی خواستی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هاوپەیمانە خۆرئاواییەکانێتی، وێڕای گرفتەکانی لەگەڵ یۆنان و هاوپەیمانەکانی لە ناتۆدا، بەڵام بەردەوامە لە دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیماناندا لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا.
ئەردۆغان زیاتر لە دوو دەیەیە توانیویەتی زۆرترین سوود لە فاکتەری ئاینی ببینێت، بەڵام ئێستا رەنگە ئیتر کاتی هەڵماڵینی دەمامکەکەی هاتبێت و هەندێک لە هاوڕێکانی خۆی هەر بە زۆردار ناوی دەهێنن ، هاوپەیمانانیش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا نایەنەوێت هەوڵەکانیان لە دژی داعش شکست بهێنێت و ئەو بەرەوپێش چونانە بە فیڕۆبچن کە بەدەست هاتوون لە شەڕی دژ بە تیرۆر، تورکیاش بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە باکووری خۆرهەڵاتی  سوریا بە هەموو جۆرە چەکێک و دەستیش ناپارێزیت لە سڤیلەکان لەو ناوچەیە و بەڕێوبەرێتی خۆسەر سە‌غڵەت دەکات بەم هێرشانە، کە چەکی درۆن و فڕۆکەی جەنگی و تۆپخانە بەکاردەهێنێت لە دژی خۆرئاوای کوردستان.
هاوینی 2023 وەرزێکی چارەنوسساز دەبێت بۆ تورکیا، چونکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەدەچێت، لە ئێستاشدا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن سەرقاڵن بە کێبڕکێی پرۆسەی هەڵمەتی  هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ کە خۆئامادەکردنە بۆ ئەم پرۆسەیە، هەریەکە لەپارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەسەرۆکایەتی کەمال کلیچدارئۆغڵو، پارتی چاکە، پارتی ئاشتی و پێشکەوتن، پارتی سەعادەت، پارتی دیموکراسی و پارتی ئایندە سەرقاڵی کۆبونەوەکانیانن بەمەبەستی دانانی بەرنامەو ستراتیژی سیاسی وەک بەرەیەک لە کێبڕکێی هاوپەیمانیەکەی ئاکپارتی و پارتی مەهەپەی نەتەوە پەرست، کە ئامانجی سیاسی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن گەڕانەوەی سیستمی سیاسی تورکیایە بۆ سیستمی پەرلەمانی و هەروەها  کاریش دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی هاوبەش تا رکابەری رەجەب تەیب ئەردۆغان بکات، پارتی دیموکراتی گەلانیش هەدەپە وەک ئۆپۆزسیۆنی تەنها ماوەتەوە و لەدەرەوەی هەردوو بەرەکەیە و بەنیازن بەتەنها بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن، چونکە هەرلە سەرەتای کۆبوونەوەکانی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن نیازیان نەبوو هەدەپە بەشداری پێ بکەن لەکۆبونەوەکانی خۆیاندا .

 

ئامانجی سیاسی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن گەڕانەوەی سیستمی سیاسی تورکیایە بۆ سیستمی پەرلەمانی و هەروەها  کاریش دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی هاوبەش تا رکابەریی ئەردۆغان بکات

 

پەیوەندیی نێوان خۆرئاواو هاوپەیمانان 
بەگشتی نوێنەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاڤای کوردستان و لە پارێزگای حەسەکە، تا ئێستا بەردەوامن لەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و ئەمریکیەکاندا و فەرماندەکانی هەسەدە چەکی دژەفڕۆکە و تانکی پێشکەوتوویان پێ دراوە و چەند کاروانێک هاوکاری سەربازی نێردراوە بۆ هێزەکانی هەسەدە، کە ئەمەش وەک پەیامێکە بۆ تورکیا بەوەی کە چیتر رێگە نادەن فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانیان بە ئارەزوی خۆیان بسوڕێنەوە، گومانیش هەڵناگرێت ئۆپراسیۆنی چاوەڕوانکراوی تورکیا کە ئێستا بخاوبۆتەوە گرێدراوی کۆبوونەوەکانی ناتۆ و پەیوەندیەکانی تورکیا و کەنداو بوون و ئێستا هێزەکانی هاپەیمانان بە سەرۆکایەتی هێزە ئەمریکییەکان بەڕوونی بەرهەڵستی هەرجۆرە هێرشێکی تورکیا دەکەن لەو ناوچانەدا. 
هەدەپە لە نێوان بەرداشی پارتی فەرمانڕەوا و ئۆپۆزسیۆنی شەش قۆڵیدا
پارتی دیموکراتی گەلان کە تاکە هیوای کوردی تورکیاو باکوری کوردستانە بە تایبەتی کە ئێستا 67 کورسی پەرلەمانیان هەیە و رێژەی یاسایی  %10 یان  تێپەڕاندووە، بەڵام بەردەوام گوشاریان   لەسەرە و هەڕەشەی داخستنی پارتەکەیان لێ دەکرێت.
هاوسەرۆکانی ئەم پارتە کە بەڕێزان (سەلاحەدین دەمیرتاش)، (فیگەن یوکسەگ داغ)ن، لەزیندانی ناڕەوادان و زیاتر لە (11000) کادر و ئەندامی ئەم پارتە گیراون وبەسەدان کادری باڵاو ئەندام پەرلەمان و سەرۆک شارەوانیەکان کە سەربەم پارتەن ئێستا زیندانی کراون و تورکیا لە هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەم پارتەدایە ،بەڵام ئەم پارتە بە خەبات و بەرخودان و بەردەوامی خۆیان تا ئێستا خۆڕاگرن و پێ دەچێت لە هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2023  دا کێرڤی دەنگەکانیان بەڕادەیەکی باش سەربکەوێت ، بەپێی نوێترین ڕاپرسی کە  کۆمپانیای  (AREA) لە نێوان ڕۆژانی ( 20-25) کانونی یەکەم 2022 دا لە شارەکانی تورکیا و باکوری کوردستان ئەنجامی داوە بەم شێوەیە بووە:-
پارتی داد و گەشەپێدان AKP) %32,7).
پارتی گەلی کوماری    CHP)  %26,4).
پارتی باش  (lylP  - %14,4 ).
پارتی دیموکراتی گەلان HDP)  ٪9.8).
پارتی مەهەپەی نەتەوە پەرست (MHP  %7,2 ).
پارتی دیموکراتی پێشکەوتن (DEVA)  %2,4 بە سەرۆکایەتی علی باباجان 
پارتی ئایندە (GP) بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داود ئۆغلو 2 %
پارتی سەرکەوتن  (ZP)بەسەرۆکایەتی ئومیت ئوزداغ 1.8 %
پارتی رەفاهی نوێ (YRP) بەسەرۆکایەتی فاتح ئەربەکان 1.3 %
پارتەکانی تر 2.8 %

 

نوێنەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاڤای کوردستان بەردەوامە لە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و ئەمریکییەکاندا و فەرماندەکانی هەسەدە چەکی دژەفڕۆکە و تانکی پێشکەوتوویان پێ دراوە

 

ئۆپۆزسیۆن بە هێزەوە دەردەکەون
هەربۆیە ئیستا وێڕای قەیرانی ئابووری لە تورکیا، دابەزینی بەهای لیرەی تورکی هێزی ئۆپۆزسیۆنیش خەریکە بە هێزەوە دەردەکەون و شەش پارتەکەی ئۆپۆزسیۆن بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدەن گٶڕانکاری بکەن و خۆیان بۆو هەڵبژاردنی حوزەیرانی 2023 ئامادە دەکەن، هەرچی هەدەپەشە لەم پرۆسەیەدا چانسی سەرکەوتنی زۆرە و دۆخەکە لەبارە هەرچەندە هاوسەرۆکان و بەرپرس و زۆربەی کادر و ئەندامانی ئەم پارتە لە زینداندان، بەڵام ئەمەش بۆ هەدەپە بۆتە خاڵێکی بەهێز و سۆزی دەنگدەرانی بەگشتی و دەنگدەرانی هەدەپە بەتایبەتی دەجووڵێنێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان