حکومەتی عیراق دەتوانێت 400 ملیارەکە بنێرێت

08:10 - 2023-01-26
ڕاپۆرت
435 جار خوێندراوەتەوە

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی 400 ملیار دیناره‌كه‌ی بۆ هه‌رێم ده‌ركرد، به‌ڵام حكومه‌تی عیراق ده‌توانێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌ك قه‌رز بنێرێت بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌تا پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی ساڵی 2023 په‌سه‌ند ده‌كرێت.

فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تێكه‌ڵكردنی بژێوی ژیانی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ ململانێ سیاسییه‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌ و به‌شێكی زۆری كوتله‌كانی په‌رله‌مانیش پشتیوانی داواكه‌ی یه‌كێتی ده‌كه‌ن و داوا ده‌كه‌ن ململانێ سیاسییه‌كان كاریگه‌ری نه‌كاته‌ سه‌ر ژیانی خه‌ڵك.

د.نه‌رمین مه‌عروف ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی، هاوكات ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌سایتی ره‌سمی یه‌كێتی PUKMEDIA ی راگه‌یاند، ده‌توانرێت 400 ملیاره‌كه‌ی حكومه‌تی عیراق بڕیاریداوه‌ بۆ هه‌رێمی بنێرێت، وه‌ك قه‌رز بدرێت به‌حكومه‌تی هه‌رێم هه‌تا بودجه‌ی گشتی ساڵی 2023 په‌سه‌ند ده‌كرێت.

وتیشی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی دادگای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی 400 ملیاره‌كه‌ی بۆ هه‌رێم ده‌ركرد، به‌ڵام حكومه‌تی عیراق ده‌توانێت ئه‌و پاره‌یه‌ وه‌ك قه‌رز بۆ هه‌رێم بنێرێت و كاتێك بودجه‌ی ئه‌مساڵ په‌سه‌ند كرا لێی وه‌ربگیرێته‌وه‌، یان رێكه‌وتنێكی نوێی لەسەر بكرێت.

ده‌شڵێت، حكومه‌تی عیراق له‌ ساڵی 2015 وه‌ حساباتی خیتامی نییه‌، تا ئه‌و پارانه‌ی بۆ حكومه‌تی هه‌رێم نێردراوه‌، پاكتاو بكرێن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ماده‌ی 121ی ده‌ستووردا هاتووه‌ ده‌بێت هه‌موو پارێزگاكانی عیراق سوودمه‌ندبن له‌ داهاتی گشتی وڵات، به‌ڵام ئێستا ململانێ سیاسییه‌كان تێكه‌ڵ به‌ماده‌ ده‌ستورییه‌كان كراوه‌ ئەوەش به‌زیانی هاووڵاتیان شكاوه‌ته‌وه‌.

داوا ده‌كرێت به‌یه‌كچاو سه‌یری پارێزگاكانی عیراق بكرێت و هه‌ردوو حكومه‌تی عیراق و هه‌رێمی كوردستان كۆتایی به‌ كێشه‌ ئابوورییه‌كانی نێوانیان بهێنن، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عیراقیش نایشارێته‌وه‌ كه‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی مشتومڕ له‌ نێوان فراكسیۆنه‌كان له‌ كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ دروستده‌كات.

زه‌هره‌ ئه‌لبه‌جاری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عیراق له‌ هاوپه‌یمانی فه‌تح  به‌ PUKMEDIAی راگه‌یاند، ئێمه‌ رێز له‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی ده‌گرین، به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین كه‌ جیاوازی نه‌كرێت له‌ نێوان پارێزگاكانی عیراقدا به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ و ململانێ سیاسییه‌كان تێكه‌ڵ به‌قووتی خه‌ڵك نه‌كرێت.

وتیشی، پشتیوانی داواكه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كه‌ین و ئێمه‌ش لامان گرنگه‌ كه‌ قووتی خه‌ڵك تێگه‌ڵ به‌ململانێ سیاسییه‌كان نه‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای فیدراڵی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بڕگه‌كانی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی گشتی ساڵی 2023 ی عیراق ده‌بێت.

ده‌شڵێت، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم و عیراق رێكبكه‌ون و كۆتایی به‌م بارودۆخه‌ بهێنن، بودجه‌ و داهات بۆ هه‌موو عیراق بێت و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخرێته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندی حزب و تایبه‌ته‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی بۆ راگرتنی ناردنی 400 ملیاره‌كه‌ی هه‌رێم له‌م كاته‌دا به‌باش نازانرێت و كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و عیراق.

عائد ئه‌لهیلالی ئه‌ندامی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان PUKMEDIAی راگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی كاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا دروستده‌كات، به‌تایبه‌تی له‌ كاتێكدا كه‌ نزیكبوونه‌وه‌ی زۆرباش له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تدا هه‌بوو.

هاوکات، غەیس تەمیمی نووسەری عیراقی لە توێتێکدا لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوە نووسیویەتی، رێگرتن لە بەدەستهێنانی مافە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کارێکی دوژمنکارانەیە و دژی پرەنسیپی هاونیشتمانیبوونە.

دەشڵێت، دابەشکردنی سامانی وڵات بە دادپەروەرییانە لە دەستووردا هاتووە، ئەم پرەنسیپە هیچ شیکارێکی سیاسی و دەستێوەردانێک هەڵناگرێت، هەرچەندە ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراقیش قووڵ بن.

رۆژی 13-12-2023 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بڕ‌یاریدا به‌ ناردنی 400 ملیار دینار بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ مانگه‌كانی (11 و 12)ی ساڵی رابردوو، به‌ڵام دوێنێ 25-1-2023 له‌سه‌ر سكاڵای ئه‌ندامێكی سه‌ربه‌خۆی په‌رله‌مانی عیراق، دادگای فیدراڵی بڕیاری راگرتنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی بۆ هه‌رێم ده‌ركردو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش له‌و باره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵیی عیراق ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ پشت به‌ هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی و ده‌ستووری نابه‌ستێت.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان