رێگری لە وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كرا لە شوێنی داستانی كۆڕێ لێدوان بدات

06:12 - 2022-04-14
کوردستان
430 جار خوێندراوەتەوە

لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، رێگری لە وتەبێژی رەسمیی بزووتنەوەی ئیسلامی كرا لە شوێنی داستانی كۆڕێ، لێدوان لەبارەی راستییەكانی داستانەكەوە بدات.
لەوبارەیەوە، عەبدوڵڵا وەرتی وتەبێژی رەسمیی بزووتنەوەی ئیسلامی بە PUKmediaی راگەیاندووە: رۆژی 13/4 لە شوێنی داستانی كۆڕێ و لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدان، بەنیازبووین كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی سازبكەین و راستییەكان بۆ رای گشتی باس بكەین، بەڵام دەزگا ئەمنییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان رێگرییان لێكردین و نەیانهێشت راستییەكان بڵێین.
وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەوەشی خستۆتەڕوو كە ئەو هێزە ئەمنییە هاتن و پێیان راگەیاندین كە لەسەروو خۆمانەوە پێمانوتراوە نابێت رێگەبدرێت لەسەر ئەو داستانە قسەبكرێت و كۆنگرەی رۆژنامەنووسی لە شوێنی داستانەكە بكرێت.
ئەو رێگرییەی دەزگا ئەمنییەكانی پارتی لەكاتێكدایە، كە بزووتنەوەی ئیسلامی لە 11/4/1991 بەشداریی كارای هەبوو لە شەڕی كۆڕێ-دا بەرامبەر رژێمی بەعس، هەر لەو شەڕەدا دوو شەهیدی بەناوەكانی مەلا عومەر مستەفا فەرماندەی سەربازیی بزووتنەوەی ئیسلامی و عوسمان خۆشناو پێشمەرگەی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە خاكی پیرۆزی كوردستان بەخشی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان