کورتەچیرۆک

ئاوازی ته‌ورزین

09:57 - 2023-02-02
ئەدەب و هونەر
312 جار خوێندراوەتەوە

سعید هدایتی

مه‌ڕه‌كان یه‌ك یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌م مه‌ڕدا هاتنه‌ ناو سه‌ربڕینخانه‌كه‌وه‌. ئه‌مه‌ عاده‌تی هه‌میشه‌یی مه‌ڕه‌كان بوو، ئه‌وان هه‌میشه‌ به‌دوای مه‌ڕی یه‌كه‌مدا ملیان ده‌نا به‌بێ ئه‌وه‌ی بیناسن. مه‌ڕه‌كان به‌ جێگیربوونیان له‌ شوێنێكی تازه‌ و پڕ خزمه‌تگوزاری خۆشحاڵ بوون، پیاوێك به‌پێكه‌وه‌نینه‌وه‌ هات و مه‌ڕێكی كرده‌ باوه‌ش و بردی. مه‌ڕه‌كانی تر له‌به‌رخۆیانه‌وه‌ وتیان چه‌ند مه‌ڕێكی به‌خته‌وه‌ره‌ ئیتر پێویست ناكات زه‌حمه‌تی جووڵه‌ و رۆیشتن بداته‌ به‌ر خۆی. پیاوه‌كه‌ مه‌ڕه‌كه‌ی ئاودا. مه‌ڕه‌كان به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ چێژی ئاوه‌كه‌یان لێ پرسی، وتی: "سازگارترین ئاوه‌ كه‌ هه‌تا ئێستا خواردبێتمه‌وه‌"، مه‌ڕه‌كانی تر حاڵیان لێهات، وایانده‌زانی له‌ به‌هه‌شتی خه‌ونه‌كانیاندان و  له‌وپه‌ڕی به‌خته‌وه‌ریدان. 
له‌م كاته‌دا كونده‌به‌بوویه‌ك له‌لای په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ به‌ مه‌ڕه‌كانی گوت: "خۆشحاڵ مه‌بن ئه‌م شوانه‌ش هه‌ر گورگه‌، ته‌نیا به‌شێوه‌یه‌كی دیكه‌ به‌ڕێوه‌تان ده‌بات، ته‌نانه‌ت مه‌ترسی شوانه‌كه‌ له‌ مه‌ترسی گورگ زیاتره‌ بۆتان، چونكه‌ گورگ دوژمنێك بوو ده‌تانزانی دوژمنه‌، به‌ڵام شوان دوژمنێكه‌ ئێوه‌ وا ده‌زانن قه‌دیسه‌."
یه‌كێك له‌ مه‌ڕه‌كان كه‌ له‌ هه‌موویان قه‌ڵه‌وتر بوو وتی: "پێویست ناكات تۆ ئامۆژگاریمان بكه‌یت، ئه‌ی باڵنده‌ی تڕۆكراوی شووم و به‌رچاو ته‌نگ، تۆ خۆت له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه‌ فه‌رامۆش كراویت. له‌ دنیادا هیچ به‌هایه‌كت نییه‌ و مرۆڤه‌كان هیچ كاتێك بۆ به‌خێوكردنی تۆ به‌فیڕۆ ناده‌ن. هیچ كه‌سێك نایه‌وێت له‌ ماڵه‌كه‌یدا پۆله‌ كونده‌به‌بوویه‌ك هه‌بێت، به‌ڵام هه‌موان حه‌ز ده‌كه‌ن رانه‌ مه‌ڕیان هه‌بێت. ئێمه‌ له‌ناو ئاژه‌ڵاندا بۆ مرۆڤ خۆشه‌ویستترینین، ئێمه‌ بۆ مرۆڤ سه‌روه‌ت و سامانین، تۆ ئیره‌یی به‌ پێگه‌ی ئێمه‌ ده‌به‌یت، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ته‌وێت ئێمه‌ش وه‌كو خۆت تڕۆ بكه‌یت و كه‌س حسابمان بۆ نه‌كات."
له‌م كاته‌دا ده‌نگی ئاسنێك هات و مه‌ڕێكی زیاتر ئاودران. كونده‌به‌بووه‌كه‌ وتی: "بڕوانه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ ده‌نگی سه‌ربڕینی ئێوه‌یه‌، ئه‌و ئاوه‌ش بۆ دڵدانه‌وه‌ی ئێوه‌یه‌ بۆ سه‌ربڕینتان، فریودانێكه‌ بۆ پاكژكردنه‌وه‌ی ئازاری ویژدانی مرۆڤه‌كان و پاكانه‌یه‌ بۆ دڕه‌نده‌یی مرۆڤه‌كان. ته‌نیا یه‌ك سه‌تڵ ئاو به‌های گیانی ئێوه‌یه‌."
مه‌ڕێكی دیكه‌ وتی: "ئه‌وه‌ ده‌نگی سه‌ربڕینی ئێمه‌ نییه‌، ئه‌وه‌ مۆسیقایه‌ خستوویانه‌ته‌ سه‌ری بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ چێژ ببینین و چێژی ئاوخواردنه‌وه‌مان ببێته‌ دوو ئه‌وه‌نده‌، مرۆڤه‌كان هیچ كاتێك سه‌رمایه‌كانی خۆیان ناكه‌ن به‌ قوربانی."
كونده‌به‌بوو گوتی: "گه‌مژه‌كان  ئێوه‌ سه‌رمایه‌ی مرۆڤن بۆ ئه‌وه‌ی بكرێنه‌ قوربانی."
كونده‌به‌بوو كه‌ بینی مه‌ڕه‌كان به‌بیستنی ده‌نگی تیژكردنی چه‌قۆی قه‌ساب خۆشحاڵی خۆیان ده‌رده‌بڕن، له‌و كاته‌ی له‌گه‌ڵیاندا به‌فیڕۆی دابوو په‌شیمان بۆوه‌، دای له‌ شه‌قه‌ی باڵ و چۆوه‌ ناو دنیای ته‌نیایی خۆی، ئیتر كاتی خۆی به‌ ئاژه‌ڵانه‌وه‌ به‌فیڕۆ نه‌دا. وای به‌باش زانی به‌ رۆژ بخه‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی راستییه‌كان نه‌بینێت و شه‌وان به‌ ئارامییه‌كی زیاتره‌وه‌ ده‌ست به‌ خوێندن بكات. خوێندنی هه‌مان ئه‌و شتانه‌ی به‌ مه‌ڕه‌كانی گوتبوو. مه‌ڕه‌كان زۆر خۆشحاڵ بوون، كاتێك قه‌ساب چه‌قۆی ده‌هێنا به‌ ملیاندا وایانده‌زانی مۆسیقایه‌ و ئه‌و خوێنه‌ی له‌ گیانی خۆیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵا لێیان ببووه‌ شه‌رابی سوور و مه‌ست و حه‌یرانی كردبوون، ئه‌وه‌نده‌ ره‌قس و سه‌مای مه‌رگیان كرد هه‌تا له‌ هۆش خۆیان چوون.
له‌م كاته‌دا رێوییه‌ك هاته‌ ژێر دره‌ختی كونده‌به‌بووه‌كه‌وه‌.
كونده‌به‌بوو گوتی: "بینیت مه‌ڕه‌كان چه‌ند گه‌مژه‌ بوون؟"
رێوی گوتی: "مه‌ڕه‌كان گه‌مژه‌ نه‌بوون شاد و خۆشحاڵ بوون. گه‌مژه‌ تۆ بوویت كاتی خۆتت بۆ ئه‌و مه‌ڕانه‌ به‌فیڕۆ دا كه‌ به‌ده‌نگی تیژكردنی ئه‌و چه‌قۆیه‌ی سه‌ری ده‌بڕین هه‌ستیان به‌ خۆشی ده‌كرد.
كونده‌به‌بوو هه‌ڵه‌كه‌ی قبووڵ نه‌كرد و داوای یارمه‌تی له‌ رێوی كرد كه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام هاوار و ناڵه‌ی غه‌مگینانه‌تر بوو.
رێویش شه‌و چوو بۆ سه‌ربڕینخانه‌كه‌ و پاشماوه‌كه‌ی تاڵان كرد، گونده‌به‌بووش گه‌یشته‌وه‌ هێلانه‌كه‌ی خۆی.

له‌ فارسییه‌وه‌: گه‌نم محه‌مه‌د

سه‌رچاوه‌:  دیوار نوشته‌های گشتاپو، "دادگاه‌ شیطان"، ص 124-125. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان