ئاژانسی ناسا بەڕێكەوت هەسارەیەكی بچووك دەدۆزێتەوە

02:48 - 2023-02-07
جیهان
429 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی ئاژانسی ناسا بەڕێكەوت هەسارەیەكی بچووك دەدۆزنەوە كە دەكەوێتە نێوان هەردوو هەسارەی مەریخ و موشتەری، ئەگەر ئەو دۆزینەوەیەش بسەلمێنرێت و لێكۆڵینەوەی زیاتر لەبارەوە بكرێت ئەوا تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ گەردوون گۆڕانكاریی بەسەردا دێت.
ئاژانسی ناسای ئەمریكی بڵاویكردەوە، لە رێگەی تەلەسكۆبی جیمس وێبەوە بۆ یەكەمجار و بەڕێكەوت توانراوە هەسارەیەكی بچووك ببینرێت كە درێژییەكەی 100 بۆ 200 مەتر دەبێت و دەكەوێتە نێوان هەردوو هەسارەی مەریخ و موشتەرییەوە لە كۆمەڵەی خۆردا. لە رووی زانستییەوە ئەم دۆزینەوەیە بە هەنگاوێكی گرنگ دادەنرێت بۆ دۆزینەوەی هەسارە بچووكەكانی ناو كۆمەڵەی خۆر كە ئێستا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیاوە، بەتایبەتی بەهۆی تەلەسكۆبی جیمس وێبەوە، توانای بینین و دۆزینەوە و لێكۆڵینەوەی زیاتر بەردەست بووە.
بەپێی زانیارییەكانی ناسا، ئەم هەسارەیە زۆر بچووكە و تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەبارەیەوە بەردەست نییە و دەكەوێتە ناوچەیەكی گەردوونەوە كە بەشوێنی هەسارە و هەسارۆچكە بچووكەكان دادەنرێت و دەكەوێتە نێوان هەردوو هەسارەی مەریخ و موشتەری و لانیكەم 100 ملیۆن كم لە زەوییەوە دوورە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان