کاریگەرییە دەروونییەکانی وێنەگرتنی زیاد لەپێویستی منداڵ

10:45 - 2022-04-16
کەلتور
401 جار خوێندراوەتەوە

و: دڵان سامان
لەکاتێکدا پێگە جۆراوجۆرەکانی سۆشیال میدیا پڕن لە وێنەی فۆتۆ و ڤیدیۆی منداڵان جا بەشێوەی کۆمیدی بێت یان بەمەبەستی فێرکاریی بێت، لەو بارەیەوە پسپۆران لە بواری دەروونی منداڵاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن وێنەگرتنی زیاد لەپێویستی منداڵ رۆژانە و بە بەردەوامیی هەڕەشە دەبێت بۆ سەر تەندروستی دەروونیی منداڵ و توانای بۆ گەشەکردن و پێگەیشتن بە شێوەیەکی تەندروست و پارێزراو.
هۆشداری دایکان و باوکان دەکەن ئەوانەی وێنەی زۆری منداڵەکانیان دەگرن بەوەی کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر گەشەکردنیان، چونکە وایان لێدەکات هەست بکەن زیاد لەپێویست بەنرخ و گرنگن و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی درکپێکردنیان بۆ خۆیان و بۆ دونیا بشێوێت.
واهەستدەکات چەقی گەردوونە
جودیش مایەرز وۆلز مامۆستا لە گەشەپێدانی مرۆیی و توێژینەوە خێزانییەکان لە زانکۆی بوردۆ دەڵێت: ئایا بەردەوام وێنەی منداڵەکەت دەگریت، نەک وێنەی خێزانیی لەگەڵ هەمواندا؟ دووبارەبوونەوەی ئەو کارە وا لەمنداڵ دەکات وابزانێت چەقی گەردوونە و لە ژیانیدا لەسەر ئەو بنەمایە هەڵسوکەوت بکات، تەنانەت دوای گەورەبوونیشی.
بە رای ئەو پسپۆرە بێت نابێت خەڵکی لە وێنەگرتنی منداڵەکانیان بوەستن و ساتە گرنگەکانیان تۆمار نەکەن، بەڵام بەشێوەیەک بێت زیادەڕۆیی تێدا نەکرێت.
هەروەها روونیدەکاتەوە دایکان و باوکان دەتوانن بەبێ بەکارهێنانی کامێرا منداڵەکانیان هانبدەن بۆ تۆمارکردنی وێنە و دیمەنە هونەریی و رووداوە گرنگەکان ئەوانەی واهەستدەکەن بەهای خێزان دەردەخەن یان بۆنەو یادە گرنگەکان، بەبێئەوەی سەرنج بخەنە سەر وێنەی منداڵەکە بە تەنیا، چونکە ئەوە وادەکات سەرنج لەسەر منداڵەکە بگۆڕێت بۆ سەرنج وردکردنەوە لەسەر گرنگیدان بە ئەندامانی خێزان و چەمکی ئینتیمای منداڵ بۆ خێزان.
سەرنجدانی زیاد لەپێویست لەسەر وێنەی خود
ئالان مۆرین مامۆستای دەروونناسی لە زانکۆی ماونت رۆیاڵ-ی کەنەدا، دەڵێت: ئەو لێکۆڵینەوانەی لە بواری زانستی دەروونناسیدا کراون دەرکەوتووە وێنەگرتنی زۆر کێشەی دەروونی بۆ منداڵ دروستدەکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە روودەدات کە پێیدەوترێت «وروژاندنی سەرنج وردکردنەوە لەسەر خود» کە بەهۆی هەندێ شتەوە روودەدەن وەکو ئاوێنە یان وێنە یان کامێرا، ئەوانە وادەکەن بە شێوەیەکی ناتەندروست منداڵ هەست بە درکپێکردنی زیاتر بکات لەبارەی شێوەی دەرەوە و پێیەوە ئالوودە بێت بە جۆرێک بە درێژایی کات بیر لەوە بکاتەوە رووکاری دەرەوەی چۆنە و چۆن دەردەکەوێت، زیانی ئەوەش ئەوەیە ئەگەر زیاد لەپێویست سەرنج لەسەر خۆت وردبکەیتەوە ئەوا رەخنەی زیاتر و خراپ لە خۆت دەگریت، لەو بارەیەوە هەست بە ناڕەحەتی دەکەیت دەربارەی رەفتار یان شێوە و روخسارت، بۆیە منداڵ لەبەرئەوەی دەروونی فشەڵ و ناجێگیرە زیاتر ئەگەری ئەوەی دەبێت تووشی کێشەی دەروونی ببێت.
لەدەستدانی بەهای ساتەکان
لە گۆشەیەکی دیکەوە وێنەگرتنی زیاد لەپێویست بۆ رووداو و ساتە خۆشەکان وادەکەن مانا و بەها و تەنانەت کاریگەرییە سۆزدارییەکەیان لەدەستبدەن، ساڵی 2013 پرۆفیسۆر ماریان گاری لە زانکۆی وایکاتو لە نیوزیلەندا لە گۆڤاری زانستی sag Pub دا باس لە کاریگەری وێنەی فۆتۆگرافی دەکات لەسەر بیرەوەرییەکان و توانامان بۆ پارێزگاریکردن لێی، ماریا ئاماژەی کردووە کاتێک بەردەوام ژیانمان لە رێگەی وێنەوە دۆکیومێنت دەکەین ئەوە دەستبەرداری بوونمان دەبین لەو ساتەدا و بەشێوەیەک کەمتر گرنگی بەوە دەدەین کە روودەدات، هەروەها مامۆستای دەروونناسی لیندا هینکل لە توێژینەوەیەکدا ئەوە رووندەکاتەوە کە پێیدەوترێت «پەککەوتن بەهۆی وێنەگرتنەوە» لە توێژینەوەکەیدا تەماشای کۆمەڵێ کەسی کرد کاتێک لە مۆزەخانەیەک تەماشای پارچە مێژووییەکان دەکەن هەندێکی تریان وێنەی پارچەکانیان گرت، لە ئەنجامدا دەرکەوت کۆمەڵەی دووەم وردەکاریی کەمتریان لەبیر مابوو وەک لە کۆمەڵەی یەکەم.
ئەوەش ئەوە رووندەکاتەوە کاتێک وێنەدەگرین ئەوە بەشێوەیەکی نەستیی پشت بە کامێراکە دەبەستین بۆ تۆمارکردنی وردەکارییەکان و تۆمارکردنی لەجیاتی ئێمە، بەڵام لە راستیدا راستەوخۆ رێگردەبێت لەبەردەم تواناماندا بۆ بیرهاتنەوەی ئەو شتانە بەتەنیا و چوونە نێو قوڵاییانەوە.
ئەنجامی ئەو کاریگەرییە ئەوەیە راستەوخۆ کار لە بەهای ئەو بیرەوەرییانە دەکات کە تۆ لەگەڵ منداڵەکەتدا دروستی دەکەیت، هەروەها هەڕەشە دەبێت بۆسەر کوالیتی ئەو پەیوەندییە بەهۆی ئەوەی تۆ بە تەواوەتی بوونت نییە و سەرقاڵی وێنەگرتنی، بۆیە کاتێک دایکان و باوکان مۆبایلە زیرەکەکانیان بە کامێرا پێشکەوتووەکانیەوە پڕدەکەن لە سەدان وێنەی منداڵەکانیان کاتێک دەگری و پێدەکەنێت و قسەدەکات و یاری دەکات..هتد، باوان و منداڵ هەردووکیان کاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت بۆ شێوەی دروستبوونی یادگارییەکانی ئەو ساتانە لە بیرەوەرییاندا، ئەو کێشەیە تەنیا کار لە دایک و باوک ناکات، بەڵکو منداڵ بێبەش دەکات لە بوونی سروشتی دایک و باوکی لە ژیانیدا بەشێوەیەکی بەردەوام و دووبارە هەر کاتێک دۆخەکانی وێنەگرتن دووبارە ببنەوە، چونکە ئەگەر باوان واز لە بەشێک لە رۆڵیان بێنن وەکو دروستکەر و پارێزەری یادەوەری منداڵ ئەوە واز لە بەشێکی رۆڵیشیان دێنن وەکو کەسانێکی سەرەکی ئەوانەی یارمەتی منداڵ دەدەن بۆ فێربوونی چۆنیەتی قسەکردن لەبارەی ئەزموونەکانیان و تۆمارکردنی لە بیرەوەرییاندا.
چارەسەر چییە؟
هەڵەیە وێنە بە تەنیا خۆی بە یادگاریی دابنرێت، بە پێی وتەکانی لیندا هینکل بێت راستە وێنە هەر کاتێک تەماشای دەکەیت وەکو خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام یادگارییەکان بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێن، بۆیە دواجار پشتبەستن بە وێنە بۆ بیرهاتنەوەی یادگاریی بۆنە گرنگەکان لە بەها و کوالیتییەکەی کەمدەکاتەوە، تەنانەت دواتر لە توانای تۆ بۆ رێکخستنەوە و هێنانەوەی لە یادەوەرییدا کەمدەکاتەوە.
بۆ نموونە هەر کاتێک بتەوێت بیر خۆتی بێنیتەوە بۆنەی دەرچوونت لە زانکۆ چۆن بووە، ئەو یادگارییە بە پێی دیدگا و بیرکردنەوەت لە ئێستادا بەو جۆرو رەنگە لە یادەوەریتدا دەگۆڕێت، بەهۆی ئەو بیرکردنەوە نوێیانەی ئێستا هەتە یان ئەو شتانەی فێریان بویت، چونکە یادەوەری مرۆڤ دینامیکیترە لە وێنە فۆتۆگرافییەکان، راستە وێنەگرتن کەرەستەیەکی بەنرخە بۆ هێنانەوەی بەڵگە گرنگەکان لە کاتێکی تردا، بەڵام دەبێت بەئاگاتر بین کاتێک وێنەدەگرین بە تایبەتی وێنەی منداڵەکانمان ئەوانەی هێشتا لە قۆناغی گەشەکردن و تێگەیشتندان لەو ژیانەی چواردەوریان.

سەرچاوە: رویترز عربی

بابەتە پەیوەندیدارەکان