زانست و عیرفان

ژیری دێرین دەگەڕێتەوە

11:19 - 2022-04-17
کەلتور
748 جار خوێندراوەتەوە

مەهسا سونی

لەفارسییەوە: مەحمود شێرزاد


ئێستا بواری ئەلکترۆفۆتۆنیک لە زانستی پزیشکیدا، سەرنجی زۆربەی زاناکانی دنیای بۆ خۆی راکێشاوە. هەموو ئەو لێکۆڵینەوانە دەریدەخەن کە زانست رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە عیرفانی کۆنی خۆرهەڵات نزیک دەبێتەوە و لێی تێدەگات.
ئێستا لێکچوونێکی زۆر لە نێوان زانست و عیرفاندا لە ئارادایە، بە تایبەت کاتێ باسی فیزیای کوانتۆم و زانستی نۆرۆلۆژیی (دەمارناسی) بکرێ، زانست و عیرفان زۆر لێک نزیک دەبنەوە. لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمدا، کنستانتین کوروتۆف پرۆفیسۆری زانستی کۆمپیوتەر و بایوفیزیک لە زانکۆی فێدراڵی «ئای تی»، میکانیک و چاوی سنتپترزبورگ،  کەرەستەیەکی لەسەر بنەمای سیستمی جۆگەلەکانی وزەی چینیی کۆن داهێنا. ئەو کەرەستەیە بۆ پێوانی ئۆرگانیسمە زیندووەکان و هەروەها ژینگەیە و دەتوانێ بە بێ هیچ ئازارێک بارودۆخی نائاسایی لە لەشدا چ لە رووی فیزیکییەوە و چ لە رووی دەروونییەوە دیاری بکا. ناوی ئەو کەرەستەیە «جی دی ڤی»ە.
هەورێکی کارەبایی
شێوازی کارکردنی ئەم کەرەستەیە بەو شێوەیە کە تەزوویەکی کارەبایی بەتەواوی بێ ئازار لە کەمتر لە یەک هەزارەمی چرکەدا بە نووکی پەنجەکانەوە دەلکێنێت. هەر کام لە بەشەکانی نووکی پەنجەی کەسەکان لە رووی وزەوە بە بەشێک لە ئەندامەکانەوە وەسڵن، بۆ نمونە وەکوو کۆئەندامی هەناسە. دژکردەوەی لەش لەبەرامبەر ئەم تەزوویەدا لە شێوەی «هەورێکی کارەبایی» کە لە بێ ئەژمار فۆتۆنی وزەی سووکەڵە پێکهاتووە دەردەکەوێ و لەرێگەی ئەو هەورە کارەباییەوە بارودۆخی لەش دەپێورێ. چاوی مرۆڤ توانای بینینی ئەو تیشک و درەوەشانەوەیەی نیە کە بە هۆی جوڵەی تەزووی کارەباییەکەوە دروست دەبێ. چاوی مرۆڤ تەنیا دەتوانێ بەشێکی کەم لە وزەی موگناتیسی ببینێت.
ئەو درەوشانەوەیە لە لایەن سیستمێکی کامێرایی بە ناوی «سی سی دی» تۆمار دەکرێ و پاشان دەدرێ بە کامپیوتەرێکی دیجیتاڵی. لە پرۆگرامی نەرمئامێری «جی دی ڤی»دا ئەو وێنەیەی کە لە رێژەی درەوشانەوەی بەشە جیاجیاکانی پەنجەکانەوە گیراوە، دێتە سەر لەشی مرۆڤەکە تا لەگەڵ ئەندامەکان و سیستمە جیاجیاکانی لەشی مرۆڤەکە بکەوێتەوە سەر یەک و بەراورد بکرێ. لە بەرەنجامدا وێنەی گۆڕەپانەکانی وزەمان دەست دەکەوێ کە بەو دەتوانین کارکردی لەشی فیزیکی مرۆڤ بە شێوەیەکی عیرفانی لێک بدەینەوە. ئەو داهێنانە ئێستا وەک تەکنەلۆژیایەکی ئاسایی پزیشکی کاری پێدەکرێ و لەلایەن وەزارەتی لەشساغی روسیا و ناوەندی ئاکادێمی روسییەوە پەسەند کراوە.
بە گوێرەی تیۆرییەکانی میتافیزیکی خۆرهەڵات لە پەیوەندی لەگەڵ پزیشکی ئایورڤیدا حەوت چاکرا (خولگەی وزە)ی سەرەکی لەسەر بڕبڕەی پشتی مرۆڤ هەن کە پەیوەندییان بە سەلامەتی جەستەیی، دەروونی و عاتیفی و مەعنەوی مرۆڤەوە هەیە. ئەم خولگانەی وزە لە کلێنچکەوە تا تەوقی سەر بەسەر بڕبڕەی پشتدا دابەش بوون.
هەر چاکرایەک  لەرەیەکی جیاوازی هەیە. ئێستا دەتوانین بە نەرئامێری نوێی «بایو ڤێل» وزەی چاکراکان بە شێوەیەکی رێژەیی بپێوین و  بە روونی سەیری ئاستی چالاکییەکانیان بکەین و بۆمان دەرکەوێ کە شێوازی کارکردنیان چ کاریگەرییەکی لەسەر لەشساغی کەسەکان هەیە.
لێکۆڵینەوە زانستییەکان
دکتۆر «پرادیپ دسپاندە» پرۆفیسۆری خانەنشین لە بەشی ئەندازیاریی کیمیا لە زانکۆی «لوی ڤێڵ» لەم پەیوەندییەدا لێکۆڵینەوەی لەسەر زیاتر لە ١٠٠ کەس کرد و بە بەرەنجامی زۆر سەرسوڕهێنەر گەیشت. بەهەمان شێوە لە روسیاش بە بەشداری زیاتر لە ١٠ هەزار کەس لێکۆڵینەوەی لەم چەشنە کراوە و بەرەئەنجامەکان تۆمار کراون.
لەسەر بنەمای ئەو لێکۆڵینەوانە لەشساغی و هاوسەنگی جەستەیی  و زەینی و دەروونی کەسەکان پەیوەندی بەو حاڵەتانەوە هەیە: راستی و دروستی، شێلگیربوون، بەزەیی و هاوسۆزیی، سوپاسگوزاری، توانایی جیاکردنەوەی راستی لە ناراستی، چاکبوونی بێ هۆکار، هەروەها کراوەیی و بەهێزیی تا ئەو رادەیەی کە هەر شتێکی نەرێنی لە دەرەوەی ئێمە روو بدا، ئێمە هەر هێمنی لەدەست نەدەین.
لە لایەکی دیکەوە نەخۆشی و ناخۆشییەکان، ناهاوسەنگی جەستەیی و دەروونی بە پێی ئەو لێکۆڵینەوە زانستییانە و عیرفانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەم حاڵەتانە: پەیوەست بوون، منی درۆیین (ئیگۆ)، تەما‌ع، درۆ، ترس، تووڕەیی، ئازاردان، غەم و...هتد.
ئەو لێکۆڵینەوە زانستیانە دەریدەخەن تا زیاتر لە رووی زانستییەوە پێش بکەوین زیاتر دروستی و زانستیبوونی ئەزموون و ئامۆژگارییە عیرفانییە دێرینەکانمان بۆ دەردەکەوێ. ئەوەش بەو مانایەیە کە زانست و عیرفان خەریکە زۆر لێک نزیک دەبنەوە و رۆژێ دەبن بە یەک، ژیری دێرین خەریکە دەگەڕێتەوە. 

سەرچاوە: www.collective-evolution.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان