چە‌ند پڕۆژە‌یە‌كی گە‌شتوگوزاری لە‌ دوكان جێبە‌جێدە‌كرێن

قوباد تاڵەبانی: پاڵپشتی كەرتی گشتوگوزار دەبین و كارئاسانیی تەواو بۆ وەبەرهێنەران دەكەین

09:53 - 2022-04-18
کوردستان
341 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ لە قەزای دوكان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كرد لەبارەی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و بڕیاردرا «كارئاسانی بكرێت بۆ جێبە‌جێكردنی سێ پڕۆژەی گەشتیاری لە سنوورەكەدا».
لە كۆبوونەوەكەدا، كە ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئامادەیبوون، گرفتەكانی بەردەم گەشەكردنی گەشتوگوزار لە دوكان و چۆنێتی چارەسەركردنیان تاوتوێكران. جێگری سەرۆك وەزیران جەختی لە پاڵپشتیی حكومەت بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزار كردەوە و  داوای لە كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران كرد پلان و پڕۆژەی خۆیان بۆ وەبەرهێنان لە كەرتی گەشتوگوزار پێشكەش بكەن، داواشی لە دەستەی گەشتوگوزار و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كارئاسانیی تەواو بكەن بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی دەیانەوێت لە كەرتی گشتوگوزاردا وەبەرهێنان بكەن.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا باسی كێشەی ئەو زەوی و زارانە كرا كە بڕیارە پڕۆژە گەشتیارییەكانی لەسەر جێبەجێبكرێت و بڕیاردرا «ئەو كێشەیە بەشێوەیەكی یاسایی و بە جۆرێك چارەسەربكرێن كە خاوەن زەوییەكان سوودمەندبن لەوەی زەوییەكانیان بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بەكاربهێنرێت».

كۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ لیژنەی پڕۆژەی گەشتیاریی دوكان
لەلایەكی دیكەوە، جێگری سەرۆك وەزیران، لەگەڵ لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەشتیاریی دوكان كۆبووەوە و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد كارئاسانی بكەن بۆ راییكردنی مامەڵەكانی خستنەسەرپێی ئەم پڕۆژەیە.
لە كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی و لیژنەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی گەشتیاریی دوكان، باسیان لە گرفت و چارەسەرەكان و قۆناغەكانی ئامادەكارییەكانی ئەم پڕۆژەیە كرد و تاوتوێی چۆنێتی پەلەكردن لە جێبەجێكردنیان تا زووتر سەرپێ بكەوێت، كرد. جێگری سەرۆك وەزیران، جەختیكردەوە كە «حكومەت كار لەسەر بەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتیاری دە‌كات بەشێوەیەكی گشتی، تا بگاتە ئەو ئاستەی ببێتە سەرچاوەیەكی داهاتی دارایی بۆ هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی، بۆیە هەموو كارئاسانییەك دەكەین لەپێناوی دەستپێكردن بە كارەكانی پڕۆژەكە بەشێوەیەكی كردەیی».
پڕۆژە‌ی گەشتیاریی دوكان، گەورەترین پڕۆژەی گەشتیارییە لەسەر ئاستی عیراقدا، بە هاوپشكی لەنێوان ‏حكومەت ‌و كەرتی تایبەتدا لە قەزای دوكان بە تێچووی ملیارێك و 600 ملیۆن دۆلار جێبەجێدەكرێت و بەدەستپێكردنیشی هەزاران هەلی كار دەڕەخسێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان