رازە: شێوەكاری وەك بزنسێكی بچووكە بۆم

10:09 - 2023-03-02
هەمەرەنگ
370 جار خوێندراوەتەوە

رازە شێوەكارێكی پەنجە رەنگینی پایتەختی رۆشنبیرییە لە  (وێبتیڤی نسێ)وە باس لە هونەرەكەی دەكات و دەڵێت: شێوەكاریی یەكێك بووە لە خولیاكانی منداڵیم، لەتەمەنێكی منداڵییەوە دەستم بە كاری وێنەكێشان كردووە، بە بەردەوامی و سەرنجدانە دەستی هونەرمەندەكان گرنگیم پێداوە و توانیومە بگەمە ئاستێكی زۆر باش، دوای تەواوكردنی خوێندن و نەبوونی هەلی كار زیاتر پەرەم بە شێوەكاری داوە و وەك بزنسێكی بچووكە بۆم، خۆشەویستیم بۆ كارەكە زۆرە و دەتوانم زیاتر بەرەو پێشی بەرم، شێوەكاری كاری سەرەكیمە، هەمیشە كاتێكی زۆری پێ دەبەخشم.
رازە رەزا، دەشڵێت: مانای هونەر لەناخی كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە دەگۆڕێت، لە هونەردا ئاسوودەبوون و ژیان دەدۆزینەوە، شێوەكاریی متمانە بەخۆبوونم زیاد دەكات كاتێك دەبینم دەتوانم ئەندازەی شتەكانی چواردەورم بكەم و بیخەمە سەر رووكەشەكەی بەرامبەر و بەفڵچەكان رەنگ بكەم بە بەریاندا، هەمیشە هانی بەردەوامبوونم دەدات، چاو و دیدگای شێوەكار لە كەسانی ئاسایی جیاوازترە.
رازە ئەوەش دەڵێت: هەمیشە لە كاردا باس لە رەگەز و توانایەكی زۆر ناكرێت باس لە لێهاتوویی و شارەزایی دەكرێت كاری هونەریش بۆ هەر خانمێك هەرگیز كارێكی قورس نییە، پەیوەستە بە توانا و لێهاتوویی خانمەكەوە، هەروەها بۆ كاری شێوەكاریی ئامرازەكانی دەستت زۆر بە ئاسانی دەتوانی بەكاری بهێنیت و بەردەستی بخەیت.
رازە، تەمەنی 23 ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە و زانستی جیۆلۆجی لە زانكۆی سلێمانی خوێندووە و ئێستا یەكێكە لە نیگاركێشە گەنجە دیارەكانی سلێمانی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان