پەیامی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ 8ی مارس

02:23 - 2023-03-08
کوردستان
217 جار خوێندراوەتەوە

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ی.ن.ك، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی رۆژی 8ی مارسەوە بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە هەموو كچ و ژنێكی كورد دەکات و رایگەیاند، ژنانی كورد هەمیشە پێشەنگ بوون و هاوشانی پیاوانی كورد بەشداربوون لە خەبات و تێكۆشاندا.

دەقی پەیامەکە:
خوشك و دایكی شەهیدان
ژنان و كچانی كورد لەجیهاندا
رۆژی 8ی مارس، رۆژی جیهانی ژنان لە هەمووتان پیرۆزبێت و هەموو رۆژێكتان جەژنی سەركەوتن و پێشكەوتنی زیاتری ژنی كورد بێت، لە كوردستان چەندین شۆڕش و قوربانیدانی ژنان تا ئەم ساتەوەختەش بووە بۆ هەوڵ و كۆششدان لەپێناوی بەدەستهاتنی مافی خۆیان، هەر لە كاتی رژێمی بەعسی رووخاوەوە تا ئەم ساتەوەختە ژن بەشێك بووە لە قوربانیدان و هەوڵ و تێكۆشان. 
لە راپەڕینەكانی كوردستانیش ژنان لە پێشەوە بوون، دوای ئەوەش هەوڵدان بەردەوامبووە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان و چەندین بڕیار و یاسایان دەركردووە، بۆیە ژنانی كورد هەمیشە پێشەنگ بووە و هاوشانی پیاوانی كورد بەشدار بووە لە خەبات و تێكۆشاندا بۆ میللەتەكەی، ئەمەش سەروەرییەكی نەبڕاوەیە بۆ هەموو كوردێك.
دووبارە 8 ی مارس لەهەموو كچ و ژنێكی كورد بەتایبەت و ژنانی جیهان بەگشتی پیرۆز بێت.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی ی.ن.ك

بابەتە پەیوەندیدارەکان