یەكێتی و پارتی: بۆ هەڵبژاردن بۆچوونی لایەن و پێكهاتەكان وەردەگرین

11:24 - 2023-03-09
کوردستان
234 جار خوێندراوەتەوە

دوێنێ، دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبوونەوە و تاوتوێی پرسی هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكانیان كرد.
دوای كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رایگەیاند: «هەردوولامان هاوڕابووین كە پێویستە یاسایەكی باش بۆ هەڵبژاردن ئامادەبكەین، بەشێوەیەك بێت خزمەت بە سەرجەم حزب و لایەن و پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بکات». وتیشی: ئەو پرسانەی لە كۆبوونەوەی رابردوودا بەكراوەیی مابوونەوە، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا گفتوگۆی جددییان لەبارەوە كرا و هەوڵمانداوە كەموكوڕی و كێشەكان چارەسەربكەین».
لەبارەی كورسیی پێكهاتەكانەوە، وتی: بڕیارمانداوە بۆچوونی پێكهاتەكان لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە وەربگرین و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەشدا لەسەر یاسای هەڵبژاردن كۆدەبینەوە و بۆچوونەكانیان وەردەگرین.
هەر لە كۆنگرەكەدا، زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، رایگەیاند: «بابەتێكی ئەوتۆ لەبارەی پرسی هەڵبژاردنەوە لەنێوان یەكێتی و پارتیدا نەماوە و خاڵە هاوبەشەكان زۆر زیاترە». وتیشی: لەبارەی كاراكردنەوەی كۆمسیۆنەوە لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوولاماندا هەبووە و میكانیزمێك بۆ ئەو بابەتە دەدۆزرێتەوە، ئەو پرسانەشی كە لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا بڕیاریان لەسەر دراوە، دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە تا بتوانین لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان