دە ناوچە دابڕاوەكەی جیهان

10:14 - 2023-03-12
هەمەرەنگ
228 جار خوێندراوەتەوە
ویتێر، شارۆچکەیەکی بچووکە سەر بە ئەلاسکایە

ئا: فەرید دڵشاد

هەرچەندە تەكنەلۆژیا رۆڵی گرنگی لە ژیانی مرۆڤایەتی گێڕاوە و كارئاسانی زۆری كردووە لە سەرجەم بوارە جیاوازەكاندا، بەتایبەتی دەستگەیشتن بەو ناوچانەی، سەردەمانێك دەستگەیشتن پێیان ئەستەم بوو، سەرەڕای بوونی هۆكانی گواستنەوە لە ئۆتۆمبێل و شەمەندۆفێر و فڕۆكە، بەڵام تائێستاش هەندێك ناوچە هەن لە دەرەوەی جیهانن.

پالمێرستون
ئەم ناوچەیە دەكەوێتە سەر زەریای هێمن، 310 کیلۆمەتر لە باكووری رۆژئاوای شاری «راوتۆنگا»ی پایتەختی دوورگەكانی «كوك»ەوە دوورە،  لەم ناوچەیە 62 كەس دەژین، 59 كەسیان بە رەچەڵەک ئینگلیزن سەر بە خانەوادەی «ولیام مارستەرز»ن كە لە ساڵی 1863 لە ئینگلتەراوە كۆچی كردووە بۆ ئەم ناوچەیە، دواتر نەوەكانی مارستەرز لێرە ماونەتەوە، نزیكترین شوێن لەم ناوچەیەوە  ئەوەیە دەتوانیت بە 8 رۆژ بە كەشتی بگەیتە پالمێرستون.

ئۆمیاكۆن
ئەم ناوچەیە دەكەوێتە سنووری روسیا و نزیكەی 500 كەس تێیدا دەژین، یەكێكە لە ساردترین ناوچە نیشتەجێكانی سەر گۆی زەوی، تێكڕای پلەی گەرمی لەم ناوچەیە (-58) پلەی فەهرەنهایتە، خەڵكی ئۆمیاكۆن تەنها پشت بە گۆشت دەبەستن، چوكە ئەستەمە لە كەشوهەوای ساردی لەو شێوەیەدا، كە بەردەوام بەستوێتی هیچ بەروبوومێكی كشتوكاڵی بڕوێت هەربۆیە مانەوە لەم ناوچەیە زۆر سەختە.

دوورگەی بیتكرین
دوورگەیەكی بچووكە لە باشووری زەریای هێمن، ژمارەی دانیشتوانەكەی تەنها 57 كەسە، 3300 کیلۆمەتر لە نیوزلەنداوە دوورە، دانیشتوانی ئەم ناوچەیە زۆربەیان نەوەی ئەو یاخیبوانەن كە لەگەڵ كەمینە «پلۆبۆنیز»ە رەسەنەكاندا بە كەشتی گەشتیان كردووە و لێرە نیشتەجێبوون، ناوچەكە هێندە لە ئاوەدانییەوە دوورە بە ئاسانی ناتوانیت گەشتی بۆ بكەیت.

چانگ تانگ
ئەم ناوچەیە لە رۆژئاوا و باكووری هەرێمی «تبت» ەوە درێژ دەبێتەوە تاكو دەگاتە ناوچەی «لاداخ» لە هیندستان، دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بەدرێژایی 990 کیلۆمەتر بڵاوبوونەتەوە، هەرچەندە چانگ تانگ شوێنی نیشتەجێبوونی نیو ملیۆن كەسە، بەڵام بەهۆی بەرفراوانی ناوچەكەوە هەندێكجار هاووڵاتییەكانی نابینرێن، «سڤێن هایدن» گەڕیدەی سویدی دەڵێت: «ماوەی هەشت رۆژ لەم ناوچەیە گەڕاوم تەنها یەك كەسم بینیوە».

وێستگەی مەكمۆردۆ
ناوەندێكی توێژینەوەیە لەلایەن ئەمریكاوە لە ناوچەی «ئەنتارتیكا» لە ناوچە بەستەڵەكەكانی باشوور دامەزراوە، زیاتر لە هەزار و 200 كەسی تێدا دەژین، بەڵام بەهۆی سەختی كەشوهەواكەیەوە لە زستاندا دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بۆ 200 كەس كەم دەكات، ئەم وێستگەیە تەنها 85 خانووی لێیە، بەس بە فڕۆكە گەشتی بۆ دەكرێت، گەشتی فڕۆكەش بۆ ئەم ناوچەیە زۆر سەختە و هێندە بەستەڵەكە فڕۆكەكان لەسەر سەهۆڵبەندان دەنیشنەوە.

دوورگەی سەقتەری
ئەم دوورگە لە یەمەنە، لەسەر دەریای عەرەب، ژمارەی دانیشتوانەكەی 44 هەزار كەسە، بەڵام بە دوورگەیەكی گۆشەگیر ناوی دەركردووە، بە رووەكە دەگمەنەكان بەناوبانگە بە جۆرێك یەك لەسەر سێی‌ رووەكەكانی لەهیچ شوێنێكی گۆی زەوی نادۆزرێنەوە، یونیسكۆ بە نامۆترین شوێنی سەر زەوی ناساندوویەتی، گەشتكردن بۆی زۆر سەختە، 400 کیلۆمەتر لە شاری سەنعای پایتەختی یەمەنەوە دوورە.

دوورگەی كیرگوێلێن
ئەم دوورگەیە بە دوورگە وێرانەكە ناسراوە، دەكەوێتە باشووری زەریای هیندی، یەكێكە لە دابڕاوترین ناوچەی سەر زەوی، هیچ دانیشتوانێكی رەسەنی تێدا نییە، بەڵام نزیكەی 40 بۆ 100 زانا و توێژەر و ئەندازیار دوورگەكەیان داگیركردووە، وەك بەشێك لە خاكی باشووری فەرەنسا، تاكە رێگەی گەیشتن بەم ناوچەیە كەشتییە، كە ساڵانە تەنها چوار جار پیایدا تێپەڕ دەبێت.

شارۆچكەی ویتێر
شارۆچكەیەكی بچووكە سەر بە ئالاسكایە، ئەم ناوچەیە لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهاندا دروستكراوە، سەرەتا ناوچەکە بۆ سەربازگە بنیاتنرا، لەم ناوچەیە 240 كەس دەژین، زۆربەیان لە باڵەخانەیەکی 14 نهۆمیدان كە بە تاوەرەكانی «بێگش» ناسراوە دەژین،  تەنها یەك رێگە هەیە بۆ گەیشتن بەم ناوچەیە ئەویش تونێلێكی شەمەندۆفێرە.

تریستان داكونها
دوورترین شوێنی نیشتەجێبوونە لە جیهاندا، لە كۆمەڵێك دوورگەی گڕكان پێكهاتووە لە باشووری زەریای ئەتڵەسی، نزیكترین شوێن لەم ناوچەیەوە، كە خاكی كیشوەری باشووری ئەفریقایە 1200 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە، ژمارەی دانیشتوانەكەی 262 كەسە، بۆ گەیشتن بەم ناوچەیە دەبێت لەگەڵ كەشتییە ماسیگرەكان سەردانی بكەین، كە ساڵانە 8 بۆ 9 جار دەچنە نزیك ئەم ناوچەیە.

ناوچەی سیوە
ئەم ناوچەیە زۆر دابڕاوە لە جیهان، دەكەوێتە بیابانەكانی خۆرئاوای میسر، بە مێرگی سیوە ناسراوە، پێنج سەعات بە پاس لە قاهیرەی پایتەختی میسرەوە دوورە، مێرگی سیوە لە كانیاوی كانزایی پێكهاتووە، لە قوڕ و خوێ‌ دروستبووە، ئەوەی ناوچەی سیوەی گۆشەگیركردووە زمانی دانیشتوانەكەیەتی، كە تایبەت بەخۆیانە بە ناوی سیوە خۆیان نەبێت كەس لێیان تێناگات، جگە لەوەش بەردەوامن لە پاراستنی كەلتوری ئەمازیغی.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان