د.عیزەت سابیر: نەوت بوو بە هۆی ماڵوێرانیی خەڵك

10:23 - 2022-04-19
ئابووری
408 جار خوێندراوەتەوە
د.عیزەت سابیر

لاپەڕەی ئابووری

پسپۆڕێكی بواری ئابووری رایدەگەیەنێت: نەوت ماڵوێرانی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هێنا و دەبێت رێگەنەدرێت حكومەتی هەرێم غازیش بە دەردی نەوت بەرێت.
دەشڵێت: «ئەوەی برادەرانی ئەولا پێیدەڵێن ئابووریی سەربەخۆ، ئەوەیە كە دەیبینین و ماڵوێرانی بۆ خەڵك هێناوە».

قەیرانەکانی دوای نەوت
د.عیزەت سابیر، مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری، لە بەرنامەی شرۆڤەی كەناڵی گەلی كوردستاندا رایگەیاندووە: نەوت بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بۆتە هۆی ماڵوێرانیی گەورە و حكومەتی هەرێم هەموو سیاسەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی كردە قوربانی هەناردەی نەوت، ئەوەش سوودی نەوتەكەیە بۆ خەڵك كە ئێستا دەیبینین.
وتیشی: «نەوت وایكرد، نیوەی خاكی كوردستان بكەوێتە دەست حكومەتی عیراق و ریفراندۆمی پێكردین و دواتر ئەنجامەكەیمان بینی، هەر نەوت بوو كەرتەكانی دیكەی كردە قوربانی، ئەوەش حاڵی نەوتەكەمانە كە كەس نازانێت چەند هاوردە دەكرێت و چەندیش بەرهەمی هەیە».
 ئەوەشی خستەڕوو: دەبێت لایەنەكان و خەڵكیش ئەوە قبووڵ نەكەن ئەوەی نەوت بەسەری هێناون، غاز خراپتریان بەسەربهێنێت، هەروەها دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت کە ئێستا نرخی نەوت گەیشتۆتە سەروو 100 دۆلار و حكومەت هەر ناتوانێت مووچە لە 30 رۆژ جارێكدا دابەشبكات، هەناردەی غازی سروشتیش پاشەڕۆژی لەم بارودۆخە باشتر نابێت، بۆیە دەبێت هەموولایەك رێگری بكەن لەوەی كە غازەكەش بە دەردی نەوتەكە ببرێت.

چ كاتێك خەڵك خۆشتر ژیاوە؟
د. عیزەت سابیر ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: نەوت، بودجە و مووچەی بەغدای لێبڕین و ئەگەر بەراورد بكەین لەنێوان ئەو كاتەی نەوتمان هەناردە نەدەكرد و ئێستاش كە نەوت هەناردە دەكەین، چ كاتێك خەڵك خۆشتر ژیاوە؟ هەروەها نەوت بووە هۆی راگرتنی چەندین پڕۆژە و خزمەتگوزاری لە هەرێم، كەواتە ئەوەی برادەرانی ئەولا پێیدەڵێن ئابووریی سەربەخۆ ئەوەیە كە دەیبینین و ماڵوێرانی بۆ خەڵك هێناوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان