سەرۆک بافڵ لە دەباشان پێشوازیی لە محەمەد شیاع سودانی کرد

03:11 - 2023-03-15
کوردستان
258 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و وەفدێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە بڕیاردەر و ژمارەیەک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی هەرێم و عیراق کرا و جەخت لە پشتیوانیکردنی پرۆژەی نیشتمانیی عیراق کرایەوە کە خۆی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، چەسپاندنی یاسا و سەقامگیریدا دەبینێتەوە.

لە درێژەی دیدارەکەدا،  سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد لە بەرامبەر تەواوکردنی رێکارە فیدراڵییەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و داوایکرد، ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجەییەکان و حکومەتی عیراقیش مافە یاسایی و دەستوورییەکان بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێبکات. 
وتیشی، دەبێت هەنگاوی کرداری بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە بنرێت و بارتەقای قوربانیدانەکەی خزمەت بکرێت. لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەشەوە سەرۆک بافڵ وتی، هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە سەقامگیریی ئابووری و ژیانی هاووڵاتیان پارێزراوبێت.

سەرۆک بافڵ پەرۆشیی یەکێتیی نیشتمانی بۆ سەرخستن و جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت دووپاتکردەوە بەشێوەیەک کە خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەشی خەڵک بکرێت و وتیشی، جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەینەوە و بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد پارێزراوبێت. وتیشی، پێویستە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زاڵبکرێت و هەمووان بە ئاڕاستەی ئاوەدانی و سەقامگیری هەنگاو بنێن.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆک بافڵ جەختیشیکردەوە، یەکێتی یەک ئاڕاستە و یەک بڕیاری هەیە و هەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلال لە بەرامبەر پرسەکان پەیڕەو دەکات، دەشمانەوێت لەگەڵ دۆستەکانماندا پێکەوە خزمەتی گەل و وڵات بکەین و باوەڕمان بە شەراکەت و هاوبەشێتی راستەقینە و گیانی پێکەوەیی هەیە.

هەر لە دیدارەکەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق وێڕای ئەوەی سوپاسی سەرۆک بافڵ و یەکێتی کرد لە بەرامبەر رۆڵ و هەڵوێستی سیاسیی ئەرێنیان لە عیراق و سەرخستنی بەرنامەکانی حکومەت و رایگەیاند، ئەو میراتە دەوڵەمەندەی سەرۆک مام جەلال جێیهێشتووە بەرپرسیارێتییەکی مەزن و گرنگە تا هەموولایەک پێوەی پابەندبن. 
وتیشی، سەقامگیریی سیاسی عیراق بە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمەوە بەستراوە و ئەرکی حکومەتیشە خزمەتی هەموان بکات و پرۆسەی چاکسازی بەردەوامی هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان