ئەوروپا و بارگرانی کۆچەری ئۆکرانی

12:25 - 2022-04-19
ڕاپۆرت
933 جار خوێندراوەتەوە

ئا، عەبدوڵڵا سدیق

لەپاش تێپەڕینی زیاتر لە مانگێک بەسەر جەنگی  ئۆکرانیا و کەئەمەش بووەهۆی دروستبوونی شەپۆلی کۆچەر و پەنابەرێکی زۆر، هیچ کاتێک ئەوروپا لە مێژووی نوێیدا شەپۆلی وا گەورەی کۆچەری بە خۆوە نەبینیوە. لەهەمانکاتیشدا هیچ کاتێکیش هێندە، ئەوروپییەکان سۆزو هاوکارییان پێشكەشی خەڵکی کۆچەر و لێقەوماو نەکردووە، هەزاران بگرە ملیۆنان ئۆکرانی وڵاتەکەیان جێهێشتووەو روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، ئەوانیش بەوپەڕی سنگفراوانییەوە باوەشیان بۆ کردوونەتەوە. بەڵام ئێستا  کاتی ئەوەیە کە روبەرووی هەقیقەتە تاڵەکان ببنەوە،چونکە ئەم شەپۆلی کۆچەرانە واقعێکی نوێی بەسەر ئەو وڵاتانەدا سەپاندووە، ئەمەش وایکردووە کە تێڕامانێكی قووڵ بکرێت بەسەر تەواوی سیاسەتی کۆچەر و پەناهەندە، کە ماوەی چەندین ساڵە بە یەکێک لە کێشە گەورەکانی یەکێتی ئەوروپا دەژمێرێت و زۆر ئەستەمیشە رێکەوتنێکی دەستەجەمعی لەسەر یەک سیاسەت بکرێت.

کۆچەری ئەوروپی
هەرچەندە پێشتر لەناو قامووسی کۆچی ئەوروپیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی پێشووەوە، رووبەروی شەپۆلی کۆچەران دەبوونەوە، کە لە سنوورەکانی باشووری ئەوروپاوە دەهاتن، لەناو دەوڵەتانی باکووری ئەوروپاشدا ، ناڕەزاییەکی زۆر هەبوو بەرامبەر بە وەرگرتنی ئەو کۆچەرانە لە وڵاتەکانیان. بەتایبەتیش لەلایەن دەوڵەتانی خۆرهەڵاتی ئەوروپا کە پارتی پۆپۆلیستیی و راستڕەوی توندڕەو حوکمی دەکردن. بەڵام ئەمڕۆ ئەم دەوڵەتانە خۆیان لەبەردەم هەمان کێشەدا دەبیننەوەو رووبەڕوی شەپۆلێکی زۆری  کۆچەری ئۆکرانی بوونەتەوە. بۆشیان زەحمەتە بتوانن رووبەڕوی ئەم هەموو کۆچەرە ببنەوە، کە ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە سەرو 4 ملیۆن و ئەگەریشی هەیە ئەگەر جەنگەکە بەدرەوام بێێت، بگاتە سەرو 10 ملیۆن کەس.

گۆڕینی هەڵوێستەکان
لەکاتێکدا پۆڵەندا یەکێک بوو لەو دەوڵەتانەی کە دژی هەموو یاسا و سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا دەوەستایەوە بۆ مەسەلەی کۆچ و پەنابەران، بەڵام لەگەڵ هاتنی شەپۆلی پەنابەران لە ئۆکرانیاوە، هەڵوێستی بەتەواوەتی گۆڕاوە. لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ناوخۆی یەکێتی ئەوروپا، بەتەواوەتی هەڵوێتسی خۆی گۆڕیوەو داوای هاوکاری لە یەکێتی ئەوروپا دەکات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچەری ئۆکرانی، ئەمەش لەکاتێکدا پێشتر تووندترین هەڵوێستیان هەبوو بەرامبەر بە سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچەران، کە لە باشووری ئەوروپاوە دەهاتن.

هەزار یۆرۆ بۆ هەر کۆچەرێک
لەلایەکی ترەوە ئەڵمانیا و پۆڵەندا پێکەوە پڕۆژەیەکیان پێشکەشی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا کردووە، بۆ هاوکارییکردنی دارایی ئەو  دەوڵەتانەی کە کۆچەری ئۆکرانیان وەرگرتووە بە شێوەیەک بۆ هەر کۆچەر 1000 یۆرۆ بدرێتە ئەو وڵاتەی کە کۆچەری ئۆکرانیان وەرگرتووە.  هەروەها ئەمەش شەش مانگ جارێک تازە بکریتەوەو لەهەمانکاتیشدا تێچووی  سەفەری ئەو کۆچەرانە بگرێتەوە کە لەو رۆژەوەی لە ئۆکرانیا دەرچوون و هاتوونەتە ناو وڵاتانی یەکێتی ئەوروپاوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ماوەی پێشوودا  کۆمیسۆنی ئەوروپا  هاوکارییەکانی بۆ کۆچەران بە بڕی 3.5 ملیارد یۆرۆی  زیاتر کرد . بەڵام ئەم پێشنیازەی پۆڵەندا و ئەڵمانیا، پارەی زیاتری تێدەچێت، ئەگەر بێت و جەنگی ئۆکرانیا بەردەوام بێت.

دابەشکردنی کۆچەران
لەلایەکی ترەوە پۆڵەندا و ئەڵمانیا داویانکرد، کە  میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆئەوەی  کۆچەران بەسەر وڵاتانی ئەندام دابەشبکرێن، چونکە بەپێی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا ناتوانرێت بەزۆرەملێ و بە بێ ویستی خۆی کۆچەر لە وڵاتێکی بنێرێتە وڵاتێکی تر. ئەم پێشنیازەش لەلایەن رۆمانیا و هەنگاریاوە پشتگیری لێکرا، بەڵام لەلایەن وڵاتانی باشووری ئەوروپاوە بەتایبەتی « ئیسپانیا، یۆنان، ئیتالیا، مالتا» دژی وەستانەوە، چونکە ئەوان ماوەی دوو ساڵە داوا دەکەن کە یاسایەکی ئەوروپی هەبێت بۆ دابەشكردنی کۆچەران بە شێوەیەکی عادیلانە بەسەر وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، بەڵام پۆڵەندا و هەنگاری دژی ئەم بڕیارە وەستانەوە.

سەرچاوە: رۆژنامەی « الشرق الاوسط»

بابەتە پەیوەندیدارەکان