ئایا شارە گەورەکان بۆ دڵ و دەروونی ئێمە خراپن؟

12:27 - 2022-04-19
کەلتور
864 جار خوێندراوەتەوە

تیم برینکۆف*

لەفارسییەوە: مەحمود شێرزاد

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی «ناوەندی نەخشەسازیی شاریی و سەلامەتی ناخ»، ئەو خەڵکانەی لەشارە گەورەکاندا دەژین زیاتر لەو خەڵکانەی لە گوندەکان و شوێنە ئارامەکاندا تووشی نەخۆشییە دەرووونییەکان دەبن. بە تایبەتی شارنشینەکان ٤٠٪ زیاتر تووشی خەمۆکی و نەخۆشییە دەروونییەکان و دوو هێندە زیاتر تووشی شیزۆفێرنیا دەبن.
چەندین دەیە دەروونناسەکان و فەیلەسوفەکان و بەڕێوەبەرانی شارەکان، لەبارەی کێشە دەروونییەکان و ژینگەی شارەوە لێکۆڵینەوەیان کرد. لەو ماوەیەدا بابەتی جۆراوجۆر باس کران، بۆ نمونە دانیشتوانی شارەکان بەردەوام تووشی نائارامی و خەمۆکی و خەمساردی دەبن و لە رووی دەروونییەوە بەردەوام هەڕەشیان لەسەرە.
تا ئێستا زۆر روون نیە کە بۆچی ژیان لەناو شارەکاندا دەبێتە هۆی ئەم حاڵەتانە. لە حاڵێکدا رۆژانە خەڵکانێکی زۆر بۆ ئەوەی بارودۆخی ژیانیان بگۆڕن بەرەو شارەکان کۆچ دەکەن، هەندێ کەسیش لە ترسی توندوتیژیی و شەڕ و هەژاری روو لەشارەکان دەکەن، بەڵام ژینگەی شارەکان بە جێگەی ئەوەی لە ئازارەکانیان کەم بکاتەوە لەوانەیە ناخۆشییەکانیان زیاتر بکات.
لەهەمان کاتدا با لەوە گەڕێین کە ئایا ئەو کەسانە پێشتر نەخۆشی و ناخۆشی دەروونییان هەبووە یان نا، بەڵام نهێنییەک لە ژینگەی شارەکاندا هەیە کە زیاتر لەهەر شتێک کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی کەسەکان دادەنێت. یەکێک لەو دەقە زانستیانەی کە لە نزیکەوە و بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو بابەتە کردووە، وتارێکە بە ناوی « شاری گەورە و ژیانی زێهن» کە کۆمەڵناسی بەناوبانگی ئەڵمانی جۆرچ زیمیل لە ساڵی 1903دا نووسیوێتی.

ژیانی خەمساردانە لە روانگەی جۆرج زیمیلەوە
جۆرج زیمیل لەسەردەمی ئاڵتوونیی گەشەکردنی شاری گەورەی «بەڕلین»دا ژیا، بەڵام بە پێچەوانەی هاوسەردەمەکانی خۆی سەرسامی ئەو گەشەکردنە نەبوو. لە روانگەی ئەوانیترەوە کۆمەڵگا لە رێگەی زانست و بازرگانییەوە بەردەوام بەرەو باشتربوون دەڕوا، بەڵام جۆرج زیمیل پێی وابوو کە مرۆڤ رێگەیەکی هەڵەی گرتۆتەبەر و ئێستا خەریکە نرخی هەڵەکانی خۆی دەدات.
جۆرج زیمیل هەوڵیدا ئەو بابەتە لە وتارێکدا بە ناوی «شاری گەورە» شی بکاتەوە، کە ئەو وتارە لە بنەڕەتدا سیمینارێک بوو بۆ یەکەمین پێشانگای شارەوانی ئاڵمانی لە شاری درسدن. زیمیل لەو وتارەدا روانگەیەکی جیاواز و رەخنەگرانەی لەسەر ئەو بابەتە هەبوو، هەربۆیەش خوازیاری ئەوە بوو کەسانی خوێندەواری زانکۆ لەم پەیوەندییەدا هەڵوێست و دەوریان هەبێت.
لەو وتارەدا زیمیل ژیانی گوند و ژیانی شار بە یەکەوە بەراورد دەکا و دەریدەخا کە چۆن ئەو دوو ژینگەیە چ بە باش و چ بە خراپ دڵ و دەروونی دانیشتووانەکانیان شکڵ پێدەدەن. تەوەری سەرەکیی باسەکە ئەوەیە کە چۆن شارنشینەکان لە بەراورد لەگەڵ گوندنیشینەکان رووبەڕووی دەنگ و رەنگی زیاتر دەبنەوە و سیستمی دەروونییان بە شێوەیەکی خۆکار بە دژی ئەو ژینگە جەنجاڵە چالاک دەبێ و هەر ئەوەش ژیانیان لێ تێکدەدات.
زیمیل سیستمی دەماریی مرۆڤی بە تۆڕێکی کارەبایی شووبهاندووە و دەڵێ بە هۆی کارکردنی بەردەوام و زیاد لە پێویست، ئەو سیستمە لەکار دەکەوێ. لەبەر ئەوە لەوەبەدوا ئەو شتانەی کە جاران خەڵکی لە رووی دەروونییە دەجوڵاند ئێستا ئاسایی بۆنەتەوە و کاریان تێناکا. زیمیل بەو حاڵەتە دەڵێ خەمساردی، بەڵام خەڵکی ئەم سەردەمە ناویان ناوە هیلاکی و ماندوویەتی.
زیمیل نووسیوێتی کە جەوهەری ئەو خەمساردییە، ئەوەیە کە کەسەکان لەهەمبەر شتەکانەوە هیچ هەستێکیان نیە. نەک ئەوەی بەهۆی تەنبەڵی زیهنەوە شتەکان درک نەکەن، بەڵکوو شتەکان و جیاوازی شتەکان لایان بێ مانا دەبێت. شتەکان لە چاویاندا بێ رەنگ و بۆ و دووبارە و وەک یەک دەبیندرێن. روانگەکەی زیمیل لەبارەی گوندەوە روانگەیەکی رۆمانتیکە، بەڵام تا ئێستا راونگەیەکی بەهێز و دروستە.

پارە وەک پێوەرێکی نەشیاو
ئەو حاڵەتە خەمساردییە تارادەیەکی زۆر بەرەنجامی دژکردەوەی زیادەڕۆیانەی دەماریی و چالاکبوونی سیستمی بەرەنگاریی سیستمی دەمارییە بە دژی ئەم ژینگەیە. رێژەی ئەو کەسانەی کە رۆژانە شارنیشینەکان لەگەڵیاندا هەڵسوکەوت دەکەن ئەوەندە زۆرە کە ئەو حاڵەتە دەبێتە هۆی ساردبوونەوەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، یانی لەگەڵ یەکتریدا گەرم و گوڕ نامێنن.
ئەوە بە پێچەوانەی گوندنشینییە و لە گوندەکاندا کەسەکان بە یەکەوە گەرم و گوڕن. بۆ نمونە نانەوای گوند تەنیا نانەوا نیە، بەڵکوو دراوسێی ئەوانیتریشە. واتە ئەو نانەوایە تەنیا بەشێک نیە لە پیشەسازیی فرۆشتنی نان و وەرگرتنی پارە، بەڵکوو ئەندامێکی کۆمەڵگایە و کەسایەتی و رابردووەکەی بەقەرا پیشەکەی بۆ خەڵکی دەورووبەری گرنگن.
لەحاڵێکدا پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە گوند و شارۆچکەکاندا لەسەر بنەمای سۆزە، بەڵام لە شارە گەورەکاندا لەسەر بنەمای ئەقڵ و بەرژەوەندییە. زیمیل دەڵێ: پەیوەندی دەروونی نێوان کەسەکان لەسەر بنەمای کەسێتییان شکڵ دەگرێ، لەحاڵێکدا لە پەیوەندی لۆژیکیدا ئێوە لەگەڵ کەسەکان لەسەر بنەمای ژمارە پەیوەندی دروست دەکەن، یانی کەسەکان بۆ ئێوە هیچ بەهایەکیان نیە تا ئەو کاتەی شتێک بە ئێوە دەدەن یان یەکێک لە بەرژەوەندییەکانتان مسۆگەر دەکەن.
لەبەر ئەوەی دانیشتووانی شارەکان ناتوانن پەیوەندی کۆمەڵایەتی بێ هۆکار لەگەڵ دراوسێ و خەڵکانی دەورووبەریان دروست بکەن، کەواتە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ئابووری و کۆمەڵایەتی پەیوەندیی دروست دەکەن. کەچی خەڵکی شارۆچکەکان متمانە بە یەک دەکەن، بەڵام خەڵکی شارە گەورەکان تەنیا گرنگی بە بازرگانی و پارەی نێوانیان دەدەن.
جۆرج زیمیل پارە بە پێوەری نەشیاو ناو دەبا، چونکە پارە هەموو شتێک لە روانگەی پارەوە پێناسە دەکا. شت و مەکەکان و خزمەتگوزارییەکان بە جێگەی ئەوەی لە خزمەت مرۆڤ دابن، مرۆڤەکان زیاتر لە خزمەت شت و مەک و کەرەستەکاندان و مرۆڤ و پارە دەکەونە خزمەت پارەوە. 

تێچووی رێکخستنی سیاسی
زیمیل بۆ ئەوەی نمونەیەک لە کۆمەڵگایەک بێنێتەوە کە سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگایەکی ئاڵۆز و گەورە بێ، بەڵام کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتووانەکەی دانەنێ، ناچارە بگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن. بە بۆچوونی ئەو چەمکی دێرینی «پۆلیس» یان «دەوڵەت شار» کۆمەڵگایەکی پارەتەوەر نەبوو، یانی بەدەوری پارەدا نەدەسوڕایەوە.
شارە گەورەکان لەسەر بنەمای تاک دامەزراون، ئەوەش دەتوانین لە بەپسپۆڕیکردنی هێزی کار و نیازی دارایی دانیشتووانەکانیاندا ببینین. لەحاڵیکدا دەوڵەت شار وەک شارۆچکەیەکی گەورە بوو، ئەو دەوڵەت شارە بە جێگەی ئەوەی دانیشتوانەکانی لە روانگەی یەکەی ئابووری جیاوازدا لێکتری جیا بکاتەوە، پەرەپێدەری ئەو روانگەیە بوو کە هەمووان ئەندامی دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی یەکسانن.
شارە گەورەکانی دنیا خەریکی گەورەبوونەوەی زیاترن، لەهەمان کاتدا کۆمەڵێک نەخۆشیی و نەخۆشی زیاتر لە هەناویاندا دروست دەبن.  جۆرج زیمیل زیاتر لە یەک سەدە لەوە پێش نووسیوێتی: « قووڵترین کێشە و گیروگرفتەکانی ژیانی مودێڕن، لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە کەسەکان هەوڵدەدەن ژیان و سەربەخۆیی تاکەکەسی خۆیان لە هەمبەر هێزە کۆمەڵایەتییە باڵادەستەکاندا بپارێزن، بەڵام ئەو هەوڵە شمشێرێکی دوو دەمە، رەنگە دانیشتووانی شارە گەورەکان ئازادیی ئابووری و کۆمەڵایەتی زیاتریان لە دانیشتوانی شارۆچکەکان هەبێ، بەڵام ئەو ئازادییە نرخی هەیە. بە بێ هەندێ تۆڕی کۆمەڵایەتی یارمەتیدەر و پشتیوان لە وڵاتدا، شارە گەورەکان دەبنە لانکەی نەخۆشی و ناخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان. یەک هەنگاوی هەڵە لە شارە گەورەکاندا دەبێتە هۆی بێ مانایی و خەمساردیی.

* رۆژنامەنووس و رەخنەگری سینەما، ئامستەردام

سەرچاوە:  https://nebesht.com/ 

بابەتە پەیوەندیدارەکان