ئەمریکا نیگەرانە لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان

10:49 - 2023-03-25
کوردستان
406 جار خوێندراوەتەوە

تادێت پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوون دەکات و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نوێترین راپۆرتیدا نیگەرانی خۆی لەو بارودۆخە دەربڕیوە و دەڵێت، "دۆخی رۆژنامەنووسان و ئازادی رادەربڕین لە ئاستێکی خراپدایە".
پێشتریش ئێرڤن هیكس كونسوڵی گشتی ئه‌مریكا له‌ هه‌ولێر هۆشداری به‌ حكومه‌تی هه‌رێمدابوو لەباره‌ی پاشه‌كشێی مافه‌كانی مرۆڤ و پێشكارییه‌كان و رایگه‌یاندبوو: "ئه‌مریكا نیگه‌رانه‌ له‌ پاشه‌كشێی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادی راده‌ربڕین له‌ به‌شێكی هه‌رێمی كوردستان" .

دەبێت کێشەکان چارەسەر بکرێن، نەک پەردەپۆش بکرێن
لەوبارەیەوە گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA راگەیاند، "وەکو لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان درک بەوە دەکەین کە پێشێلکاری مافی مرۆڤ هەیە".
وتیشی، "ئەگەر راپۆرتێک لەسەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ بڵاودەکرێتەوە مانای ئەوە نییە پەردەپۆش بکرێت، دەبێت چارەسەر بکرێت نەک رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە جیاتی دەزگای سەربەخۆی مافی مرۆڤ پاکانە بۆ ئەوە بکات کە مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە سەبارەت بە رەوشی مافی مرۆڤ لە ساڵی 2022 بڵاویکردووەتەوە، لە چەند بەشێکی راپۆرتەکەدا باس لە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان دەکات و باسی خراپیی دۆخی زیندانەکان و لێدان و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوان دەکات لەگەڵ سزا نەدانی ئەوانەی پێشێلکاریی و توندوتیژییان کردووە لەلایەن حکومەتەوە.

یاسا بۆ هەموان وەک یەک جێبەجێ ناکرێت
لە هەرێمی کوردستان یاسا بۆ هەموان وەک یەک جێبەجێ ناکرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان باپەندبێت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا بۆ هەمووان وەکو یەک جێبەجێ بکات.
جێگری سەرۆکی لیژنەی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، "یاسا بۆ هەموان وەکو یەک جێبەجی ناکرێت و ئەو شوێنانەی کە تایبەتن بە گرتن و گواستنەوە لەرووی مرۆیی و تەندروستییەوە گونجاو نین".
ئاماژە بەوەش دەدات، "مافی مرۆڤ نەپارێزراوە، بۆیە گرنگە هەموو ئەو دەزگایانەی کە پەیوەندیدارن بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە، بەپێێ رێکەوتننامە جیهانییەکان کە عیراق ئیمزای کردووە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عیراق، دەبێت پابەندبێت بەوەی کە مافەکانی مرۆڤ بپارێزێت".

دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوامبوون لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ
پێشتریش رێكخراوی چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ - هیومان رایتس وۆچ، راپۆرتی ساڵانه‌ی خۆی له‌باره‌ی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر ئازادی راده‌ربڕین له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان له‌ ساڵی 2022 بڵاوكردەوە‌ و رایگەیاندبوو، "دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بوون لە هەڕەشەکردن لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و لایەنگرانی کۆمەڵگەی مەدەنییان کردە ئامانج، سەرەڕای راگەیاندنی پلانێکی نوێی پێنج ساڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان".
هەر لەبارەی راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی بادینان بە PUKMEDIA ی راگەیاندبوو، راپۆرتەکە 100٪ باس لە واقیعی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، لەبەرئەوەی بەداخەوە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپی دایە و رۆژ بە رۆژ پێشێلکارییەکان زیاتر دەبێت.
PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان