دانتی، شاعیر ‌و بیرمەند ‌و باوكی زمانی ئیتالی

10:35 - 2023-03-27
کەلتور
284 جار خوێندراوەتەوە

خەلیل عەبدوڵڵا

دانتی ئەلیگیێری، شاعیر‌ و نووسەر‌ و زمانزان ‌و بیرمەندێكی  مەزنی ئیتاڵی‌ و جیهانە، لەڕێی بەرهەمەكانییەوە خزمەتێكی گەورەی بە گەلی ئیتالیا ‌و مرۆڤایەتی كردووە.
دانتی خاوەنی چەندین بەرهەمی ئەدەبی‌ و فیكرییە، بەڵام شاكاری كۆمیدیا، یاخود كۆمیدیای یەزدانی، كە لە سێ‌ بەرگ ( دۆزەخ، بەزرەك، بەهەشت) پێكهاتووە، شاكار ‌و داستانێكی شیعریی بەنرخە‌ و لە هەموو بەرهەمەكانی دیكەی گرنگتر ‌و دیارترە، ئەم شاكارە نەك تەنها لەسەر ئاستی ئەدەبی ئیتاڵی، بەڵكو لەسەر ئاستی ئەدەبی جیهانی ناسراوە ‌و جێگەی بایەخ‌ و ئیلهامبەخشی  نووسەران‌ و ئەدیبان ‌و هونەرمەندان بووە ‌و لە بەرهەمەكانیاندا رەنگی داوەتەوە.
ئەم شاكار ‌و داستانە شیعرییە مەزنە، گەشتێكی خەیاڵییە بۆ ئاخیرەت، بەشێوەی  رێوڕەسمی ئایینی مەسیحی خراوەتەڕوو، بە جۆرێكی دی لە گۆشەنیگای  فەلسەفی سەدەكانی ناوەڕاستەوە لێی روانیوە.
بە زمانی كوردی نووسراوە
د.عەزیز گەردی نووسەر ‌و وەرگێڕی ناوداری كورد، هەر سێ‌ بەرگەكەی  (كۆمیدیا)ی دانتی بە كوردییەكی شیرین ‌و پارا‌و لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ زمانی كوردی وەرگێڕاوە ‌و لەگەڵ چەند چاپێكی فەرەنسی ‌و عەرەبی‌ و فارسی بەراوردی كردووە‌ و پەراوێزی بۆ نووسیوە، هێندە بە جوانی ئەو داستانە شیعرییەی وەرگێڕاوە، هەر دەڵێی لە بنەڕەتدا بە زمانی كوردی نووسراوە. ئەم بەرهەمە ناوازەیە ساڵی 2015 لەلایەن دەزگای چاپ‌ و پەخشی سەردەمەوە چاپكراوە.
كۆمیدیای دانتی سێ‌ بەرگە ‌و هەمووی بەسەریەكەوە نزیكەی 1500 لاپەڕەیە،  هەر سێ‌ بەرگەكە 100 سروودی لە خۆگرتووە، دۆزەخ 34 سروود ‌و بەرزەك ‌و بەهەشت هەریەكەیان 33 سروودن. هەموو سروودەكان 14233 بەیتن. 
ئەم گەشتە خەیاڵییەی دانتی هەفتەیەكی خایاندووە، دوو رۆژ لە دۆزەخ، چوار رۆژ لە بەرزەك، یەك ڕۆژ لە بەهەشت.
ئەوەی جێی سەرنجە كەمترین كاتی بۆ بەهەشت‌ و زۆرترین كاتی بۆ بەرزەك داناوە، كە بەزرەك بەپێی ئایینی مەسیحی بە مانای پاكژبوونەوە دێت.
دانتی لە پێشەكی دۆزەخ ‌و لە سروودی یەكەمدا پێشەكییەكی نووسیوە ‌و بە پێشەكی گشتیی داناوە‌ و نووسیویەتی: (دانتی لە نیوەی رێگەی ژیانیدا بەخەبەر هات، خۆی لە جەنگەڵێكی چڕ ‌و تاریكدا بینی، وێڵ بووبوو، شەوێكی ناخۆشی تێدا بەسەر برد. چیایەكی بینی رۆژ لە ترۆپكەكەی دەدا. بەرەو چیاكە رۆیشت‌ و ویستی بەسەری كەوێ‌. سێ‌ جانەوەر رێیان لێگرت، رەمزی سێ‌ گوناه بوون كە مرۆڤ لە رێگەی راست لادەدەن.  دانتی زۆر ترسا، خەریك بوو بكشێتەوە، لە ساتی هەرە سەختی نائومێدیدا، تارمایی ڤیرجیلیۆی شاعیری لاتینی لێدەركەوت. دانتی كە خۆی بەرامبەر ئەم رۆحە گەورە ‌و مەزنە بینی، شەرمی لەخۆی كردەوە. ڤێرجیلیۆ دانتی لاواندەوە ‌و ترسی رەواندەوە).
پێی گوت ئەستەمە بەو رێگەیەدا بتوانێ‌ سەركەوێ‌، چونكە ئەو جانەوەرانە خۆیان لێ‌ مەڵاس داوە، هێشتا ئەو هێزەش، (تاژی)یەش نەهاتووە كە لەناویان دەبا ‌و ئیتالیا رزگار دەكا. پێی وت هەر دەبێ‌ رێگەیەكی تر بگرێتەبەر بۆ ئەوەی بتوانێ‌ بچێتە دۆزەخ ‌و رۆحی گوناهباران ببینێ‌. پێشی گوت دوای بڕینی دۆزەخ‌ و بەشێكی زۆری بەرزەك رادەستی یەكێكی تری لە خۆی شیاوتر‌ و باڵاتری دەكا بۆ ئەوەی بیبا بۆ بەهەشت، ئیتر ڤیرجیلیۆ پێشكەوت‌ و دانتی كەوتە شوێنییەوە.
(شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی پیرۆز: 7/8ی نیسانی ساڵی 1300).
چوار ئەستێرەی بینی
دانتی لە سروودی یەكەمی بەرزەكیشدا پێشەكییەكی نووسیوە ‌و دەڵێت: (دانتی‌ و ڤیرجیلیۆ گەیشتنە قونتاری چیای بەرزەك. دانتی لە خێوبانووانی شیعر پاڕایەوە، بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن بۆ باسكردنی شینی ‌و سافیی ئاسمان، كە دوای دەرچوونی لە دۆزەخ چاوی زاخاودایەوە ‌و روونی كردەوە. زوهرەی بینی رۆژهەڵاتی بەتیشكی پرشنگداری رووناك كردبووەوە.
دانتی چوار ئەستێرەی بینی لە ئاسماندا دەدرەوشانەوە، رەمزی چوار چاكە بوون، ئینجا دانتی كاتۆنی پاسەوانی بەرزەكی بینی، ریشی درێژ ‌و قژی سپی بوو، كاتۆن بەدیتنی شاعیرەكان واقی وڕما. لێی پرسین بۆچی هاتوونەتە ئێرە؟
ڤیرجیلیۆ بە دانتی وت چۆك دابدا‌و سەر دابنەوێنێ‌. لەهەمان كاتدا بۆ كاتۆنی باسكرد كە خاتوونێ‌ لە ئاسمانەوە (بیانتریچی) داوای لێكردووە فریای دانتی بكەوێ‌‌ و یارمەتی بدا. بۆ ئەوە دانتی هێناوە  تا رۆحەكانی پیشان بدا. 
دانتی مرۆڤێكی زیندووە
ڤیرجیلیۆ گوتی دانتی بە دوای ئازادیدا دەگەڕێ ‌‌و ژیانی بە بێ‌ ئازادی ناوێ‌، هەروەها پێی گوت كە دانتی مرۆڤێكی زیندووە ‌و خۆشی سەر بە ئەلقەی لیمبۆیە. داوای لە كاتۆن كرد بەشقی مارتسیای خێزانی داواكەی رەت نەكاتەوە. كاتۆن وەڵامی دایەوە ئێستا مارتسیا بە پێی یاسای بەرزەك هیچ كاریگەری بەسەر ئەوەوە نییە. ئینجا كاتۆن داوای لە ڤیرجیلیۆ كرد ناردینێكی ناسك لە پشتی دانتی ببەستێ‌ كە رەمزی خاكێتی ‌و ملكەچییە.
سپێدەدەم دانتی گریا ‌و فرمێسكی سەر روومەتی رەنگی پێشووی بۆ گێڕایەوە كە لە ناو دۆزەخ لە دەستی دابوو.
ڤیرجیلیۆ ناردینێكی لە پشتی دانتی بەست. ئەو ناردینە رەوشتی وابوو كە دەیانبڕی ‌‌و دووبارە دەڕوایەوە.

 

 

ئەمەش پێشەكیی بەرگی سێهەمی كۆمیدیا (بەهەشت)ە‌ و تێیدا هاتووە:
دانتی لەم بەشەی كۆمیدیادا دەست بە قۆناغی سەرەكی‌ و كۆتایی گەشتەكەی دەكا بۆ ئەم دنیایە. ئەمجارە رێگەی ناكەوێتە ناو چیا ‌و دۆڵ‌ و نیهال. ئەو چیا‌ و دۆڵە بە هەموو بەرزی‌ و نزمی خۆیەوە لەچاو قۆناغی سێیەم كە لێرەوە دەست پێدەكا، زۆر بێنرخ‌ و ئاسانە، چونكە دانتی بەرزە فڕ رێگەی ئاسمانەكان دەگرێتە بەر، كە گۆی زەوی لە چاو ئەو ئاسمانانە گەردیلەیەكە.
شێوەی گەشتكردنی دانتی لەم قۆناغەدا بە تەواوی لە دوو قۆناغی پێشوو جیایە. لە دۆزەخ‌ و بەزرەكدا رێگەی بەناو چۆڵ‌ و چیا ‌و دۆڵ‌ و نیهالی وەك سەر زەویدا بوو. هەنگا‌و بە هەنگا‌و جەنگەڵ ‌و لێڕەواری  دەدایە دواوە.
بەرەوڕووی ساردی ‌و گەرمی دەبووەوە، گەشتی دانتی لە دۆزەخ ‌و بەرزەكدا، وەكو گەشتی رێبوارێ‌ وابوو بۆ شوێنێكی ئاشنا. دیمەنەكان زۆر جار ناوچەكانی سەر زەوییان بە بیر دەهێنایەوە، بەڵام گەشتەكەی بۆ بەهەشت، واتە بۆ ئاسمان شێوەیەكی ترە.
لێرەدا كات ‌و شوێن بە تەواوی نامێنێ‌، چونكە لە كات ‌و شوێن ‌و پێوانە دەردەچێ ‌‌و دەگاتە ئەبەدییەت.  نە رۆژ دەمێنێ ‌‌و نە شەو.  لێرە هەر تیشك‌ و رووناكییە ‌و تاریكی لە ئارادا نییە.
دونیایەكی وا دەبینێ‌ ناتوانێ‌ وەسفی بكا، كەچی بیاتریچی چاو دەبڕێتە خۆر كە رەمزی خودایە، یانی بیاتریچی تەماشای جەلالەتی خوا دەكا ‌و دانتی تەماشای چاوی بیاتریچی دەكا كە جەلالەتی خوای تێدا دەدرەوشێتەوە، چونكە خۆی ناتوانێ‌ راستەوخۆ سەیری جەلالەتی خوا بكا.
سەیری راستەقینەی ئەزەلی ‌و سەرمەدی دەكا
دانتی كە لە دۆزەخ نۆ بازنە ‌و لە بەرزەك حەفت بازنەی بڕیوە، لێرە حەفت ئاسمانی ئەستێرەی گەڕۆك‌ و ئاسمانی ئاسمانان‌ و بارەگای یەزدانی دەبڕێ‌.
هەریەك لەم قۆناغ‌ و ئاسمانانە چەمك و رەمزی خۆی هەیە، لە شوێنی خۆیاندا باسی دەكەین. دانتی بە درێژایی گەشتەكەی لە ئاسمان چاوی بڕیوەتە بیاتریچی، چونكە ئەو راستییەی لەم گەشتەدا بەدوایدا دەگەڕێ‌ لە چاوی بیاتریچی دەردەكەوێ‌. دانتی بەسەیركردنی چاوەكانی بیاتریچی، سەیری راستەقینەی ئەزەلی ‌و سەرمەدی دەكا. نیشانەی چوونە پێشەوەی لەم گەشتەدا لە چاوی بیاتریچیدا دەبینی.
دانتی لە بەهەشتی زەمینیدا ئامادە دەبێ‌ بۆ ئەوەی بۆ ئاسمان هەڵبكشێ‌. شتی وای دەبینی زەحمەتە بتوانێ‌ باسیان بكا. ئیتر هانا وەبەر ئەپۆلۆ دەبا بۆ ئەوەی توانای قسەكردنی پێببەخشێ‌، بەلایەوە دوور نییە دوای ئەو یەكێ‌ بێ‌ لەو باشتر باسی ئاسمان بكا.
دانتی كاتەكەی دیاری دەكا بە نیوەڕۆی پێش دەستپێكردنی بەهار چوارشەممە 13ی نیسانی 1300. دانتی دیتی بیاتریچی بە جۆرێ‌ چاوی بڕیبووە خۆر، هیچ هەڵۆیەك نەیتوانیوە وا تەماشای خۆر بكا. دانتی نەیتوانی تەماشای خۆر بكا. لە پڕ هەستی كرد رووناكی گەشتر بوو. دەتگوت خۆرێكی دی لە ئاسمان دەركەوت.
حەز دەكا بگاتە بارەگای خودا
دانتی ماوەیەك تەماشای چاوی بیاتریچی كرد ‌و وەك گلاوكوس لەپایەی مرۆڤینییەوە گۆڕا بۆ پایەی یەزدانی. نەیتوانی ئەو گۆڕانە بە زمان دەرببڕێ‌. كە بەرز بووەوە بۆ ئاسمان، هەندێ‌  ئاوازی ئاسمانی بیست‌ و هەندێ‌ پرتەوی یەزدانی بینی. ئارەزووی زانینی ئەو شتانە لەدڵیدا گڕی سەند. بیاتریچی  پێی گوت كە ئیتر لە سەر زەوی نەماوە، لە بروسكە خێراتر هەڵكشاوە بۆ ئاسمان. مرۆڤ هەر بە سروشت حەز دەكا بگاتە بارەگای خودا. هەروەها گوتی ئارەزووی مرۆڤ بۆ بەرزبوونەوە بۆ لای خوا بە گوێرەی  چاكە‌ و خراپەی كەم ‌و زۆر دەبێ‌. كەرەمی خوا خەڵك بۆ لای خۆی رادەكێشێ‌، ئەگەر خەڵكەكە بە گوناهكردن لە رێگە دەرنەچن.
بیاتریچی گوتی  دانتی چەند سەری لە شۆڕبوونەوەی رووبارێك لە چیا سوڕ دەمێنێ‌، دەبێ‌ هەر هێندەش سەری لەسەركەوتنی خۆی  سوڕ بمێنێ‌، بە پێچەوانەوە دەبێ‌ سەری لەوە سوڕ بمێنێ‌، ئەگەر لە گوناهان پاك بێتەوە ‌و لەسەر زەوی بمێنێ‌. بیاتریچی دووبارە چاوی بڕییە ئاسمان.
ئەوە هەر سێ‌ پێشەكی هەر سێ‌ بەرگەكەی كۆمیدیای دانتییە، دواتر بەخوێندنەوەی هەر 100 سروودەكەی داستانی شیعریی دانتی موحەیر دەمێنی لە وشە ‌و دەربڕین ‌و ماناكانی ئەو تێكستە بەرزانە.
ناوی سەلاحەدینی ئەیبویشی هێناوە
 دانتی لە كۆمیدیادا ناوی زۆر زانا‌ و نووسەر ‌و فەیلەسوفی هێناوە، ئەوەی جێگەی سەرنجە ناوی سەلاحەدینی ئەیبویشی هێناوە ‌و لە سروودی چوارەمی دۆزەخدا بەم شێوەیە باسی دەكات: 
لەولاتریش (سەلادینۆ)م دی بەتەنیا بوو
نەختێ‌ زیاتر چاوم هەڵبڕی
مامۆستای زانایانم بینی
لە ناو كۆڕی فەیلەسوفان دانیشتبوو
هەموو بەڕێزەوە چاویان تێ بڕیبوو
یەكەمجار (سۆكرات)‌ و (پلاتۆن)م بینی
لە پێش ئەوانی تر بوون‌ و زۆر لەوەوە نزیك بوون
سەلادینۆ مەبەستی سەلاحەدینی ئەیوبییە، دانتی هێندە سەلاحەدینی ئەیوبی لا گەورە بووە، لە ڕیزی زانا ‌و فەیلسوف‌ و پاڵەوان ‌و گەورە پیاوانی مێژوودا دایناوە.
یەكێكی تر لەو خزمەتانەی كە دانتی پێشكەش بە گەلی ئیتالیای كردووە ئەوەیە بە شێوەزاری میللی ناوچەی توسكان بەرهەمەكانی نووسیوە، نەك بە زمانی لاتینی كە زمانی فەرمیی ئەو سەردەمە بووە. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەو شێوەزارە ببێتە زمانی ستانداری ئیتالی ‌و هەموو ناوچەكانی ئەو وڵاتە یەكبخات. هەر بۆیەش بە باوكی زمانی ئیتاڵی دادەنرێت.
مامۆستا حەمەسەعید حەسەن لەو بارەیەوە دەڵێت: (ئەو زمانەی دانتی پێی نووسیوە، دواتر بۆتە زمانی ستانداردی ئیتالیایی ‌و ئیتالیای لەتوپەتی یەكخستووە، تێكەڵەیەك بووە لە زمانی میللی‌ و زمانی بژاردە. دانتی باشی بۆ چووە، كە پێی وابووە، بۆ دەربڕینی هەست‌ و سۆز، زمانی ئازادی میللی لە زمانی مل بە كۆتی لاتینی گونجاوترە).
پرۆفایلی دانتی 
دانتی لە دوا رۆژەكانی مانگی مایسی 1265 لەشاری فلۆرەنسای ئیتاڵیا لەدایك بووە‌و لە ئامێزی خانەوادەیەكی خانەداندا پەروەردە بووە. لەساڵی 1287 دەستی بەخوێندن لە رشتەكانی (یاسا ‌و فەلسەفە ‌و پزیشكی) كردووە. لە نێوان ساڵانی (1290-1291) فەلسەفەی خواناسیی لە قوتابخانەی ئایینی فرانچیسكای سنتا كرۆچی ‌و دۆمینیكانی سنتا ماریا نۆڤیللا خوێند. ساڵی 1292 كتێبی (ژیانی نوێ‌)ی نووسی. لە رۆژی 1ی تشرینی دووەم تا 30ی نیسانی 1296 ئەندامی ئەنجومەنی گەل بوو. لە رۆژی 15ی حوزەیرانی 1300 بووە سەرۆكی سەندیكاكان. لەساڵی 1302 كە دانتی بە وەفدێك لە شاری رۆما بوو، رەشەكان لە فلۆرەنسا دەسەڵاتیان گرتە دەست ‌و دانتیان سزادا بە غەرامەی پێنج هەزار فلۆرین ‌و دوو ساڵ دوورخستنەوەی لەشار ‌و بێبەشكردنی لە كاری میری.
دانتی ملی بۆ ئەو بڕیارانە نەدا، ئیدی رەشەكان بڕیاری دوورخستنەوەی هەتا هەتاییان دا ‌و ئەوەشیان خستەڕوو ئەگەر بۆ فلۆرەنسا بگەڕێتەوە، بەزیندوویی دەیسووتێنن! ئیدی دانتی ژیانی ئاوارەیی‌ و دەربەدەری هەڵبژارد. دانتی لە ساڵانی 1303و 1304 لە شارەكانی ئاریتۆ‌و فۆرلی‌ و بۆلۆنیا‌ و ڤیرۆنا ژیاوە. لەو ماوەیەدا بەزمانی میللی ناوچەیی دەینووسی. لە ساڵانی (1304تا 1307) كتێبی (بانگهێشت)ی نووسی. كۆمیدیا بە گەورەترین شاكاری ئەدەبی ‌و فەلسەفی دانتی نەك لەسەر ئاستی ئیتالیا، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت. ئەم شاكارە لە سێ‌ بەرگ پێكهاتووە (دۆزەخ، بەرزەك، بەهەشت).
ساڵی 1314 دۆزەخ‌ و ساڵی 1315 بەرزەكی بڵاوكردەوە، بەرگی سێهەم (بەهەشت) چوار ساڵ دوا كەوت ‌و لە ساڵانی (1319-1320) ئەو بەرگەشی نووسی. دانتی لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی 1321 لە شاری راڤینا ‌و لە ماڵی ( گیدۆ نۆڤیللۆ پۆلینتا) لە تەمەنی 56 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد‌و بەجەستە رۆی، بەڵام دوای زیاتر لە 700 ساڵ بەهۆی بەرهەم ‌و شاكارەكانییەوە بە نەمری ماوەتەوە.

سەرچاوە: دانتی ئەلیگیێری، كۆمیدیا (سێ‌ بەرگ)، وەرگێڕانی عەزیز گەردی، دەزگای چاپ‌ و پەخشی سەردەم،2015.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان