ترشەڵۆک و چۆن پزیشکی خۆمان بین؟

09:55 - 2023-03-28
کەلتور
854 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد
لە پزیشکی سروشتیدا وەکو پزیشکی کۆنی هیندی ئایورڤیدا و لە پزیشکی کۆنی کوردیدا پزیشک دەبوو بە وردی ئەم خاڵانەی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەم جێبەجێ بکا ئینجا رەچەتەی بۆ بنووسێ و پارێز و چارەسەرەکانی پێ بدا، خاڵی یەکەم ناسینی جۆری (دۆشا)ی کەسەکە بوو، لە پزیشکی کۆنی کوردیدا پێی دەڵێن میزاج،  واتە دەبوو بزانێ لەم کەسەدا لەناو پێنج رەگەزی ئەتەر، هەوا، ئاگر، ئاو و خاکدا کامیان زاڵە، دەبوو لە پێشدا جۆری کەسەکە بناسێت. دووەم خاڵ ئەوەیە دەبوو رۆتینی بیست و چوارسەعاتەی ئەو کەسەی لە رێگەی پرسیار و وەڵامەوە بێتە دەست، یانی بزانێ لە بیست و چوارسەعاتەکەدا کەی دەخەوێ، کەی لەخەو هەڵدەستێ و چی دەخوا و چی دەخواتەوە، کەی دەخوا و دەخواتەوە، چەند دەخوا و دەخواتەوە و...هتد، هەروەها دەبوو بزانێ ئایا کەسێکی ئەرێنییە یان نەرێنی، دوای ناسین و تێگەیشتن لێی لە هەنگاوی یەکەمدا ئەو بابەتانەی لێ یاساغ دەکرد کە بوونەتە هۆی نەخۆشییەکە، پاشان لەسەر بنەمای جۆری جەستەی کەسەکە ئەو بابەتانەی بۆ پێشنیار دەکرد کە رەوتی ئاساییبوونەوەی جەستەی کەسەکە خێراتر دەکەن.
کاتێ میزاج یان دۆشای کەسەکە هاوسەنگی تێکدەچێت ئەو کەسە بواری تووشبوون بە هەر چەشنە نەخۆشیی و ناخۆشییەکی تێدا دروست دەبێت و یەکێکیان یان چەند دانەیەکیان تووش دەبێت. لەم بابەتەدا بە کورتی باسی هاتنەسەرەوەی ترشەڵۆک (Gastroesophageal (reflux disease دەکەین. ئەم حاڵەتە ئێستا خەڵکێکی زۆر پێوەی دەناڵێنن، ئەم حاڵەتە چییە و بۆ روودەدات و چۆن چاک دەبێتەوە؟

تێکچوونی هاوسەنگی
 کاتێ بە هۆی هەندێ خۆراک و خواردنەوەوە، بە تایبەتی لە کاتی زیادەڕۆیی کردن تێیاندا ترشەڵۆک دەهەژێ و زمانەی گەدە شل دەبێ، ترشەڵۆکی گەدە بەرەو سورێنچک و لەوێوە بەرەو قورگ و ناو دەم دێت، بەم حاڵەتە دەڵێن هاتنە سەرەوەی ترشەڵۆک، هاتنە سەرەوەی ترشەڵۆک کاولکاریی زۆر لە سورێنچک و سینگ و قورگدا دروست دەکات، کەسەکە هەست بە دڵەکزێ و سووتانەوەی و کزانەوەی گەدە و سینگ و قورگ دەکات و کەسەکە بە بەردەوامی هەست بە تامێکی ناخۆشی ترش یان تاڵ و بۆنێکی ناخۆش لەناو قورگ و دەمیدا دەکات. دیارە بەوەش ناوەستێ و کاریگەریی لەسەر قژ و پێستیش دادەنێت. ئەگەر کەسێک تووشی ئەم حاڵەتە بێ سەرەتا دەبێ ئەم خواردن و خواردنەوانە وەلاوە بنێ کە دەبنە هۆی ئەم حاڵەتە یان ئەم حاڵەتە دەیورووژێنن. ئەو خواردن و خواردنەوانەی دەبێ لەم کاتەدا نەخورێن و نەخورێنەوە بریتین لە: چەوری، سوورەوەکراو و برژاو، خواردنی توند، بنەماڵەی مزرەمەنی وەکوو پرتەقاڵ و سندی و لالەنگی و...هتد، تەماتە و دۆشاوی تەماتە، پەنیر، خواردنەوە گازییەکان، خواردنەوە کحولییەکان، چایی و قاوە و هەر خواردنەوەیەک کافائینی تێدا بێت. کەسەکە جگە لەوەی دەبێ خۆ لەم بابەتانەی باسکران بپارێزێت دەبێ ژەمی بچووک بچووک بخوات، ئینجا تا سێ کاتژمێر دوای خواردن نەخەوێت و ئەگەریش خەوت سەر و سینگی بەرزتر بێ لە گەدە و قاچەکانی، یانی هەندێ سەراولێژ بخەوێت. بابەتێکیتر کە لەم پەیوەندییەدا زۆر دەور دەبێنێت شێوازی ئاوخواردنەوەیە، ئەگەر کەسەکە بە پێوە و بە پەرداخ و بەسەرێکەوە یەک پەرداخ ئاو بخواتەوە ئەوا بە دڵنیایی بەرە بەرە تووشی شلبوونەوەی زمانە یان دەرگای گەدە دەبێت، باشترین شێوازی ئاوخواردنەوە بە دانیشتنەوەیە و دەبێ بە جام ئاو بخورێتەوە و هەروەها قوم قوم ئاوەکە بخۆینەوە، واتە قومێک ئاو بخەینەوە ناو دەممانەوە و لەناودەمدا تامی بکەین و بە ئارامی قووتی بدەین. دوای رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە، کۆی ئەوەی بۆ چاکبوونەوە و تێپەڕاندنی ئەم حاڵەتە پێویستە لە خوارەوە ئاماژەی پێدەکەین. 

رازیانە
دوای هەموو ژەمێک یەک کەوچکی چێشت «رازیانە»ی نەهاڕاو بخە ناو دەمتەوە و بە باشی بیجاوەو قووتی بدە. خواردنی رازیانەی نەهاڕاو «زمانەی» گەدە توندوتۆڵ دەکاتەوە و ترشەڵۆک کۆنترۆڵ دەکا، هەرس بەهێز دەکا، قەبزی ناهێڵێ و میزڕەوەکان خاوێن دەکاتەوە، هەناسە خۆش دەکا، سینگ و قورگ لە بەڵغەم و چڵک خاوێن دەکاتەوە، بۆ گورچیلەکان باشە و بۆنی ناخۆشی ناودەم ناهێڵێ و گەنجکەرەوەیە!

ئاپانا موودرا
بۆ کردنی ئاپانا مودرا دەتوانی لەسەر کورسی و یان لەسەرزەوی دابنیشی، بەڵام دەبێ پشتت رێک بێ، چاوەکانت دابخە و خۆت بەتەواوی شل و خاو بکەرەوە، راهێنانەکە بە هەردوو دەستت بکە، سێ پەنجەی گەورە و پەنجەی درێژ و پەنجەی ئەڵقە بە ئارامی وەکو لە وێنەکەدا دیارە پێکەوە بلکێنە، دەتوانی تا دە خولەک یان چەندی چێژت لێبینی لەم مودرایەدا بمێنیتەوە، راهێنانی ئاپانا موودرا کۆئەندامی هەرس و هەناسە بەهێز دەکا، قەبزیی ناهێڵێ، ژانەسەر و (شەقیقە) و ژانی سەرشانەکان ناهێڵێ. سترێس و هەستە نەرێنییەکان لەسەر زەین و دڵ و دەروون خاوێن دەکاتەوە، تا لەسەر ئەم راهێنانە زیاتر بەردەوام بی، کاریگەرییەکانی قووڵ دەبنەوە و ئاستی بووژانەوەکە هەموو جەستەی فیزیک و زەینی و وزەیت دەگرێتەوە. هەموو ئەوەی لەسەرەوە بە کورتی باس کران، لە ماڵی یۆگای هەناسە تاقی کراوەتەوە و بەشداربووەکان بەڵگەی ئەم راستییەن، جەنابیشت دەتوانی ئەزموونی بکەیت!

بابەتە پەیوەندیدارەکان