گوێ بە هەواڵ مەدە ئەگەر شیرینیش بێت

12:32 - 2023-03-30
کەلتور
417 جار خوێندراوەتەوە

جەواد حەیدەری

مەبەست ئەوە نییە كە هەواڵ بە قەت شەكر شیرینە، بەڵكو مەبەست ئەوەیە كە هەواڵ وەك شەكر زیانی هەیە و بە ژەهری سپی ناودەبرێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا هەر وەك چۆن مرۆڤەكان بە دەست نەخۆشی شەكرەوە دەناڵێنن، ئاواش بە دەست هەواڵەكانەوە ئازار دەچێژن و ئارامییان لێ زەوت دەكرێت. رەنگە بە لاتەوە سەیر بێت كە بڵێم هەواڵەكان بە هێندەی مادەی كحولی و مادەی هۆشبەر و شەكرە زیان بە تەندروستی دەروونی و جەستەیی مرۆڤەكان دەگەیەنن.
رۆڵف دۆبلی نووسەری ناوداری سویسری لە كتێبی « بە دواداچوون بۆ هەواڵەكان مەكەن» سەبارەت بە هەواڵ دەڵێت: بۆئەوەی ژیانێكی ئارام و شادتر و خۆشتر و بێوەیت هەبێت، گوێ لە هەواڵەكان مەگرە و بە دواداچوونیان بۆ مەكە، چونكە هەواڵ وەك شەكر وایە و زیان بە تەندروستی تۆ دەگەیەنێت و ژیانت لێ تاڵ دەكات لە كاتێكدا هیچ سوودێكی ئەوتۆی نییە، جگەلەوەی كە تووشی دڵەڕاوكێ و دڵەخورپە و نائارامیت دەكات. 
ئەو نووسەرە باسی لەوەش كردووە كە هەواڵەكان سوودیان نییە بۆ نموونە، خواردنی پێنج كیلۆ كرم لەلایەن كابرایەكی ئەمریكی، یان ئەوەی كە فڵان ئەكتەری سینەمایی لە مێردەكەی جیابۆتەوە، یان كۆمپانیای فڵان بەڕێوەبەرەكەی خۆی دەركردووە، یان ئەوەی كە سەرۆكی فڵان وڵات چاوی بە سەرۆك وەزیرانی فڵان وڵات كەوتووە چ شتێك لە ژیانی تۆ دەگۆڕێت یان زیاد دەكات؟ ئەو نووسەرە پێی وایە، سادەترین پێناسە بۆ هەواڵ ئەوەیە « زانیاری سەبارەت بە رووداێك». هەواڵەكان هیچ شتێك لە ژیانی مرۆڤ ناگۆڕن، جگەلەوەی تووشی دڵەڕاوكێ و هەڵچوون و خەم و ناخۆشی و خەمۆكی دەكەن. هەروەك چۆن خواردنەوە گازییەكان، خۆراكی خێرا( فاست فوود) مادە كحولییەكان و جگەرە و چەوری بۆ جەستە و مێشك زیانیان هەیە، هەواڵەكانیش وان. 
 بۆیە داوا دەكات هەر كاتێك چوویت بۆ سەفەر و گەشت لەگەڵ خۆت كتێب ببە. ئەگەر سواری شەمەندەفەر و فڕۆكە بوویت، هەر كە چاوت بە رۆژنامە كەوت یان لە رادیۆ و تەلەفزیۆن گوێت لە هەواڵ بوو، دەستبەجێ خۆتی لێ دوور بخەرەوە بۆ ئەوەی تەندروستی رۆحی و جەستەییت تێكنەچێت. 
بۆئەوەی خۆت لە هەواڵ دوور بخەیتەوە هەوڵبدە زیاتر خۆت بە خوێندنەوەی كتێب و وتار سەرقاڵ بكە، چونكە مێشك ئاسوودەتر دەبێت و هەست بە ئارامی و ئاسوودەیی و ئۆقرەیی دەكات. خوێندنەوە خۆراكی مێشك و زەینە. 
20 هەزار هەواڵ لە ساڵێكدا
ئەگەر رۆژانە لانیكەم شەش هەواڵ ببیستی یان بخوێنیتەوە، ئەوا ساڵانە دەكاتە نزیكەی 20 هەزار هەواڵ، پرسیارە سەرەكییەكە لێرەدا ئەوەیە كە ئایا ئەم 20 هەزار هەواڵە چ سوودێكی بە تۆ گەیاندووە؟ ئەو هەواڵانە چ كاریگەرییەكی باشتری هەبووە لەسەر بڕیارەكانی ژیانت بە تایبەتی لە ناو خێزان و پیشە و شوێنی كار و تەندروستی تایبەتی خۆت. ئەی ئەگەر ئەو هەواڵانەت نەبیستبایە، چی لە ژیانت دەگۆڕا؟ ئێستا چی گۆڕاوە؟ جگەلەوەی تووشی دڵەڕاوكێ و ترس و تۆقاندنی كردووی. بە رای شارەزایانی كۆمەڵایەتی كاتێك باس لە بابەتە گرنگەكانی ژیان دەكرێت، هەواڵەكان هیچ جێگە و پێگەیەكیان لەناو بابەتە گرنگەكانی ژیان نییە و دەكرێت بڵێین زۆرجار وەك سەرگەرمی و گاڵتە و گەپ سەیر كراون و بێسوود بوون. پرسیارێكی دیكە ئایا تا ئێستا وا بووە كە هەواڵێك بخوێنیتەوە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر ژیانی رۆژانەت هەبێت و گۆڕانكارییەكی زۆری لە ژیانتدا كردبێت. 
هەواڵەكان كاتت دەكوژن
هەواڵەكان جگەلەوەی كە لەباری تەندروستی و دەروونییەوە زیانیان هەیە، لە باری كاتیشەوە، كاتكوژن و كاتەكانی مرۆڤ بەهۆی بێسوودبوونی هەواڵەكانەوە بە فیڕۆ دەچن و باشتر وایە لەبری ئەوەی كات بۆ هەواڵەكان تەرخان بكرێت بۆ كارێكی دیكە و چالاكییەكی تر تەرخان بكرێت. 
هەواڵەكان مرۆڤ فێری روانینی رووكەش دەكەن
هەواڵەكان جاری وایە زۆر سادە و ساكارن، پەیامنێران و رۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی هەواڵەكان سەرنجڕاكێش بن ترش و خوێی پێوە دەكەن و وای لێدەكەن كە گوێگر یان بینەر ناچار بێت كات بۆ هەواڵەكان تەرخان بكات. بە هۆی ئەوەی كە هەواڵەكان زۆر جار ناتوانن هەموو وردەكارییەكان بخەنەڕوو، وا دەكەن كە مرۆڤەكان بابەتەكان بە رووكەشی ببین و هەر ئەمەش وا دەكات شتەكان بەلایانەوە رووكەش بێ و مرۆڤ فێری ئەوە دەكات كە شتەكان بە رووكەشی ببینن و ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر چۆنێتی روانینی مرۆڤ دادەنێت. هەربۆیە زۆربەی داهێنەران و ئەو كەسانەی كە لە ئاستی جیهان توانیویانە لە رێگەی داهێنانەوە خزمەت بە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بكەن، زۆرجار خۆیان لە چاوپێكەوتن و قسەكردن بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن بە دوور دەگرن و ئامادەنین هیچ قسەیەك بكەن. زۆربەی داهێنەران و بیرمەندان و نووسەرە مەزنەكان و ئاهەنگساز، هونەرمەند، فیزیازان و كیمیازان و شێوەكاران گوێ لە هەواڵ ناگرن و لە گەڵ جیهانی میدیا نامۆن.
  هەواڵەكان رێگری  لە بیركردنەوە دەكەن
بیركردنەوە پێویستی بە هۆش و تەركیز هەیە و ئەم بیركردنەیەوەش دەبێت لە هۆكاری دەرەكی و ناوەكی خۆی بەدوور بگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە باشی بیر بكاتەوە و راوبۆچوونی خۆی دەرببڕێت. هەموومان دەزانین كە بیركردنەوە دوو جۆرە، جۆرێكیان درێژخایەنە و جۆرەكەی دیكە كورتخایەن. جاری وا هەیە هەواڵەكان ئەوەندە زۆر و بێتامن كە دەرفەت نادەن بە كەسەكە بیر بكاتەوە ( كورتخایەن یان درێژخایەن) هەربۆیە كەسەكە ناچارە لە زووترین كاتدا هەڵویست و رای خۆی دەربڕێت بە بێ ئەوەی بیر بكاتەوە. هەڵبەت خێرایی هەواڵەكان و پێشهاتەكان جاری وا هەیە رێگرن لەسەر بیركردنەوەی قووڵ.
تەنها گروپ و دەستە و تاقمێك كە لە هەواڵەكان سوودمەند دەبن، تیرۆریستان و گرووپە تیرۆریستییەكانن كە لەڕێگەی هەواڵەكانەوە بە دەیان و سەدان ملیۆن كەس تووشی ترس و تۆقاندن و دڵەڕاوكێ دەكەن. چەكی راستەقینەی تیرۆریستەكان لەڕاستیدا بۆمب نییە، بەڵكو ئەو ترسەیە كە لەڕێگەی هەواڵ و میدیاوە دەیخەنە ناو دڵی ملیۆنان كەسەوە. جاری وا هەیە هەواڵێك سەبارەت بە چاندنی بۆمبێك یان بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێل لە یەكێك لە شەقامەكانی فڵان شار لە فڵان وڵاتی ئەوروپی دەبێتە مایە ترس و دڵەڕاوكێ و تۆقاندنی ملیۆنان كەس و هەر ئەمەش وا دەكات كە تیرۆریستان بە ئاسانترین رێگە گەورەترین ئامانجی خۆیان بپێكن.

دوا قسە
هەربۆیە بۆ ئەوەی مێشك و زەینێكی ئارامتر هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانی بابەتەكان بەوردی شیكاری بكەی، بۆ ئەوەی بتوانی لە ساتەكانی خۆت باشترین سوود وەربگری، هەوڵبدە هەواڵ لە ژیانی رۆژانەی خۆی بكەیتە دەرەوە و لەبری ئەوە خۆت بە وەرزش و خوێندنەوەی كتێب و وتار سەرقاڵ بكەیت، هەرچەند پێت وایە ئەمە كارێكی سەخت و دژوارە، بەڵام كارێكە كە دەكرێت تەنها پێویستی بە هەنگاونانە، هەر چەند سەعات و چەند رۆژی سەرەتا سەختە، دواتر دەردەكەوێت كە ژیان بە بێ هەواڵ چەند خۆش و شادی بەخشە.

تێبینی/ بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە كتێبی « اخبار را پیگیری نكنید» نووسینی رۆلف دۆبلی وەرگرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان