گرنگیی دیداری یەكێتی بۆ هەولێر

11:23 - 2022-04-20
ڕاپۆرت
763 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر- رەوەست نەوزاد

لە شاری هەولێر كۆنفرانسی ئامادەكاری دیداری یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو هەموو شارەكانی تری هەرێم بەئامادەبوونی كادرو بەرپرسانی یەكێتی لەو شارە بەڕێوەچوو تێیدا ، بۆ ئاشنابوون بەگرنگی ئەو دیدارە كوردستانی نوێ چاوپێكەوتنی لەگەڵ چەند كادرێكی پێشكەوتووی ئەو حزبە لەپارێزگای هەولێر ئەنجامدا.
سەرەتا بێكەس حەمەد قادر جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شەشی سۆرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی دیدارەكە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: دوای كۆنگرەی چواری یەكێتی بەشێكی هەرە زۆری كادیران و ئەندامانی یەكێتی نەیانتوانی بگەنە كۆنگرە یا قسەیان بۆ كۆنگرە هەبێت ، كۆنگرەكە تاڕادەیەك بەكراوەیی مایەوە ، بۆیە ئەو دیدارەی یەكێتی بۆ ئەوە سازكرا بۆ ئەوەی جارێكی تر بێینەوە خوارەوە ئەو كادیرانەی شارو شارۆچكەكان بەشداربن لەسەر ئەو بەرنامەیەی كە یەكێتی دایڕشتووە بۆ ئایندەی كادیران و ئەندامانی كە چۆن بتوانین یەكێتی بگەیننە ئاستی خۆی و جێگای خۆی بتوانن پێشنیارو راسپاردەیان هەبێت.
وتیشی : دیداری یەكێتی بۆ ئەوەشە كە هەموو مەڵبەندەكان بەپێی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت كە لەپارێزگاكانیش بەشداریەكی بەرچاو هەبوو لەلیژنەكان كە چواردە لیژنە هەبوو لەبواری رۆشنبیری و سیاسی و ئابووری و تەندروستی و هەموو لایەنەكانی تر هەر یەكەو پێشنیاری خۆیان هەیە دوای ئەوەش كە بڕیاروایە مانگی پێنج ئەو دیدارە بكرێت ئەوكاتیش بەشداریەكی كاریگەر دەبێت هەریەك لەئێمەی كادیران دەتوانین پێشنیارو بیروبۆچونی خۆمان دەربڕین كە چۆن بتوانین سیاسەتی یەكێتی سیاسەتێكی روون بێت و چۆن راستە ڕێی بكەین لەهەندێك شوێن كەموكوڕیمان هەیە خەڵك رەخنەی لێمان هەیە كادیرانمان گلەییان لێمان هەیە بتوانین بەشداربین لەو سیاسەتە نوێیەی كە ئێستا پەیڕەو دەكرێت ، پێموایە دەتوانین بەبەرنامەیەكی نوێ هەموومان بەشداربین و رەنگ و پێشنیارمان هەبێت ، راستیشە ئەو دیدارە بەدیلی كۆنگرەو كۆنفرانس و پلنیۆم نیە ، بەڵام ئەوەش مۆدێلێكی نوێیە كە یەكێتی دایهێناوە كە ئەو مۆدێلەش ئەوەیە كە هەموومان بەشداربین.

    

         سەڵاح باپیر                                       بێکەس حەمەد قادر 

بێكەس قادر باسی لەگرنگی ئەو دیدارەی بۆ یەكێتی لەشاری هەولێریش كردو وتی : گرنگیەكی زۆری بۆ هەولێر هەیە كە وەكو پایتەخت و شوێنی بڕیار یەكێتی نایەوێت كادیرو ئەندامانی خۆی بێ بیڕورا بن كە بەشداریان پێدەكات هەر یەكێك لەئێمە بیروبۆچوون و پێشنیارمان هەیە دوای ئەوە هەوڵ بدەین لەمانگی پێنجدا هەموو ئەو پێشنیارو راو بۆچوونانە كۆبكەینەوەو بتوانین بەسیاسەت و بەرنامەیەكی نوێ و روون بۆ ئایندەی كوردستان یەكێتی رۆڵی كاریگەری هەبێت ، یەكێك لەهۆكارەكانی سازكردنی ئەو دیدارەش ئەوەیە كە كادیری یەكێتی هەیە گلەیی و گازاندەیان هەیەو لەیەكێتی تۆراون ئاشتبونەیەك بكرێت ئەوەی نەیتوانیوە بەشداربێت دەتوانێت لەو دیدارە بەشداربێت ، بۆیە پێموایە ئەو كارە مۆدێلێكی نوێیە كە یەكێتی ئێستا پەیڕەوی دەكات بۆ ئەوەی بتوانێت بەرنامەی سیاسی خۆی هەم بۆ هەرێمی كوردستان و هەم بۆ عیراق و هەم بۆ حزبەكەی خۆشی بتوانێت بەشداری هەموو كایەكانی حزب بەشداری پێبكات جا چ لەكادیرە یا لەئەندامە یا تەنانەت دۆست و لایەنگران و ئەوانەی پێشنیاری جوان و جوانتریشیان هەیە بتوانین لەبەرنامەی سیاسی جێگری بكەین.
پاشان دادوەر سەڵاح باپیر ئەحمەد كارگێری مەڵبەندی 3 ی رێكخستنی هەولێری ی.ن.ك بەكوردستانی نوێی راگەیاند : لەسەرەتاوە ئەم پڕۆژەیە لەلایەن بەڕێز قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی ی.ن.ك پێشكەشكرا كە بەهەماهەنگی لەگەڵ چەند كادیرو سەركردەیەكی بەتوانا كە بتوانن وەكو نوێكردنەوەیەك و پێداچوونەوەیەك بۆ نێو ماڵی یەكێتی یا دەوڵەمەندكردنی زیاتری كارەكانی ئەو حزبە بوو كە بەوە دەستپێكرا سەرەتا لەمەڵبەندەكان بەتایبەتی مەڵبەندەكانی پارێزگاكان بوو كە یەكێك لەو مەڵبەندانە مەڵبەندی 3 ی هەولێرە دیدارەكە سازكرا كە ئەویش بەئامادەبوونی كادیرو بەرپرسانی هەرسێ مەڵبەندەكەی دەوروبەری هەولێرو مەخمورو سۆران و كۆیە بوو كە تێیدا ئامادەبوون.
وتیشی : بەڕاستی ئەم دیدارە گرنگیەكی تایبەتی خۆی هەیە كە لەناو دیدارەكەدا لەدوای پێشكەشكردنی وتارەكان چەندین لیژنە دروستكران و دابەشكران كە لەكادیرە بەتواناكانی یەكێتی پێكهاتبوون كە تێیدا كار بۆ چۆنیەتی كاراكردنی كارەكانی ناو یەكێتی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی ناو ئەو حزبە لەڕابردوو و لەداهاتوودا كە چی بكرێت بۆ داهاتوو بۆ ئەوەی یەكێتی زیاتر بەرەو پێش بڕوات و چۆن بتوانین كارەكانی یەكێتی بەتایبەتی لەشاری هەولێر پێش بخەین كە ئێمە دیداری مەڵبەندی هەولێرمان بەڕێوەبرد هەر لیژنەیەك كۆمەڵێك كادیری پێشكەوتوو توانیان لە هەر بەشێك لەو لیژنانە راپۆرتێك ئامادەبكەن بۆ دیداری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە هەر بەشێك بەپێی توانای خۆی سەرنج و تێبینی بۆ پێشكەوتنی یەكێتی لەشارەكان یا لەپارێزگاكان و بەشێوەیەكی گشتی لەهەرێمی كوردستان چۆن پێشدەخەین یا چۆن بتوانین یەكێتی خۆی نوێبكاتەوە ، چۆن یەكێتی بەرەو ئایندەیەكی گەشتر بەرین و چۆن یەكێتی دوێنی و ئەمڕۆو داهاتووش بێت ئەمە كاری لەپێشینەی هەموو كادیران و ئەندامانی ئەم لیژنانە بوو كە چۆن بتوانن زیاتر دەوڵەمەندی بكەن یا ئەو كارانەی نەتوانراوە جێبەجێی بكەن بتوانن لەداهاتوودا لەڕێگای ئەم دیدارە ئەنجامی بدەین كە دەتوانم بڵێم وەكو كۆنفرانسێكی بچووك بوو بۆ دەوڵەمەندكردنی یەكێتی.
سەڵاح باپیر باسی لەوەشكرد لەكاتی دیدارەكەی یەكێتی لەمەڵبەندی 3 ی رێكخستنی هەولێر یا لەپارێزگای هەولێر ئەو كادیرە بەتوانایانەی كە ماوەیەك دابڕابوون لەحزب یا دانیشتبوون ئەمانیش بانگ كرابوون بۆ دیدارەكە ، بێگومان یەكێتی پێویستی بەبیروڕای ئەوانیش هەیە كە ئەمڕۆ یەكێتی هیچ كەسێكی لێ زیاد نیە ، بەڵكو شوێنی هەموو كەسێكی دڵسۆزی یەكێتی لەناو ئەو حزبەدا دەبێتەوە كە بتوانێت خزمەت بەیەكێتی بكات خۆشبەختانەش كۆمەڵێك كادیری پێشكەوتووی دابڕاو ئامادەیی خۆیان دەڕبری دوبارە بێنەوە ناو گۆڕەپانی ململانێی سیاسی لەپێناو بەرژەوەندیەكانی یەكێتی و گەلی كورد.
ئەوەشی ئاشكراكرد كە هەموو لیژنەكانی ناو دیدارەكەی مەڵبەندەكانی هەولێر كراوە بوون هەموو كادیرێك بۆی هەبوو بەشداری هەر لیژنەیەك بكات یا بەشداری دوو لیژنە بكات چ كادیرە تۆراوەكان چ كادیرانی تر كە ئێستا لەگۆڕەپانی سیاسین چ ئەو كەسانەی كە دۆستی یەكێتین بۆیان هەبوو بەشداربن كە ئەوانەی لەبیروڕای یەكێتی نزیكن ، بەڵام كادیر نین یا ئەندامی حزبیش نین ، بۆیە ئومێدەوارین بتوانرێت ئەم دیدارە ببێتە هۆكارێكی سەرەكی كە یەكێتی دیسان بگەڕێتەوە ناو خانووە قوڕەكان و ئەو جەماوەرەی خۆی كە بڵێین و نەڵێین یەكێتی هەڵقوڵاوی ناو جەماوەرە، كەواتە یەكێتی بوون و جەماوەر دووانەیەكیی دانەبڕاون كە ئەمە شتێكی واقیعییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان