حەوت نامیلکە

شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ بۆ منداڵان

10:13 - 2023-04-02
کەلتور
610 جار خوێندراوەتەوە

ئەرسەلان حەسەن

هەگبەیەکی پڕ
حەوت نامیلکە، شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت بۆ منداڵان، هەگبەیەکی پڕی مامۆستا (زارا ئەحمەد جاف)ە بۆ منداڵانی نووسیووە. دیارە نووسین بۆ منداڵان لە هەر بوارێکدا هەستیارە و پێویستە نووسەر کۆمەڵێک بنەماو مەرج رەچاو بکات تا نووسینەکەی بەدڵی منداڵان بێت و منداڵان بتوانن سوودی لێوەربگرن و لە ئاست خواست و ویستییاندا بێت، چونکە دەمێکە گووتوویانە منداڵ لەم تەمەنەدا پەڕە کاغەزێکی سپی پاک و بێگەردە و چیت بوێ و چۆنت بوێ دەتوانی لە سەری بنووسی و هەر منداڵیش بۆ خۆی باشترین خوێنەر و رەخنەگری ئەو بەرهەمانەیە بۆی دەنووسرێن. 
حەوت نامیلکە، شیعر، چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆ بۆ منداڵان، کۆمەڵە بەرهەمێکی مامۆستای نووسەر (زارا ئەحمەد جاف)ە و لە ماوەی ئەزموونی تەمەنی نووسەری خۆیدا بۆ منداڵان نووسیوونی، کە دەتوانین بڵێین مامۆستا زارا لە زۆربەی بوارەکانی منداڵان قەڵەمی تاوداوە و بەرهەمی قەڵەمەکەی ئەم هەگبە پڕەیە. 
هەگبە پڕەکەی مامۆستا  زارا  بریتییە لە سێ کۆمەڵە، کۆمەڵەی یەکەم بریتییە لە سێ نامیلکەی شیعری و کۆمەڵەی دووەمیش لە سێ کۆمەڵە چیرۆک و کۆمەڵەی سێیەم کە نامیلکەیەکە، بریتییە لە ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان و (ئەمین محەمەد)ی نووسەری بواری منداڵان دوو پێشەکی جیاوازی بۆ هەر دوو کۆمەڵەی (شیعر و چیرۆک)ەکان نووسیووە.

شیعر بۆ منداڵان
سێ نامیلکەی یەکەمی ئەم هەگبەیە تایبەتە بە شیعر بە ناوەکانی (ورچەکەی هاوڕێم، کەشتی، بێچووە فیل)، هەر سێ نامیلکەکە بریتییە لە حەفتا شیعر بۆ منداڵان. 
بێگومان دەزانین شیعر پانتایەکی زۆری لەبواری نووسین بۆ منداڵان بۆ خۆی گرتووە و گومانیشی تێدا نییە دەبێت شیعر نووسین بۆ منداڵان بە زمانێکی پاراو، رەوان و لە ئاست خواست و ئارەزوو و ویستی منداڵاندا بێت و زادەی ژینگە و دەورووبەر بێت و منداڵ بەرەو خەیاڵ و بیرکردنەوە بەرێت و بتوانێ بە ئاسانی بیانخوێنێتەوە و ئەزبەریان بکات، بێ ئەوەی هەناسەی سوار بێت، یان کاتێک بۆیان دەخوێندرێتەوە بە پەرۆشەوە گوێی لێ بگرن، بێئەوەی هەست بە بێزاری و بێ تاقەتی بکەن، چونکە شیعر کاریگەریی بەرچاوی بە سەر کەسایەتی، ژیان و داهاتووی منداڵەوە هەیە. 

چیرۆک بۆ منداڵان
سێ نامیلکەی دووەمی ئەم هەگبەیە تایبەتە بە چیرۆک و سەرجەمییان سێ و یەک چیرۆکن. چیرۆک، بە باشترین رێگا و سەرمەشق بوون بۆ بیرکردنەوەی منداڵ دانراوە. منداڵ بەهۆی چیرۆکەوە ئاشنای فەرهەنگە کۆمەڵایەتییەکان و ئاگاداری جیهانی دەوروبەری دەبێت و دەرک بە واقیعییەتەکان دەکات. خوێندنەوەی چیرۆک بۆ منداڵ پێش نووستن، یاریدەدەری منداڵە و رۆڵی گرینگی لە رۆشنبیری و زیرەکی و کرانەوەی مێشک و ئاسوودەیی دەروونی منداڵدا هەیە و ئەگەر دیقەتیش بدەین دەبینین زۆر لەمێژە ژنی کورد کۆرپەکەی بە لایلایە و گێڕانەوەی حیکایەت و سەربووردەی خۆش خەواندووە. 

ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان 
ئۆپەرێت و شانۆیی بۆ منداڵان، نامیلکەی سێیەمە لە حەوت نامیلکەکەی مامۆستا زارا و کۆمەڵێک ئۆپەرێت و تێکستی شانۆیی بۆ منداڵانی تێدایە. ئەم نامیلکەیە ناوی (بووکەڵەکان)ە و ناوی ئەمیش وەک هەموو نامیلکەکانی تر، لە ناوی یەکێک لە دەقەکانی دوو تۆیی بەرگەکەیان هاتووە، دیارە ئەزموون سەلماندوویەتی پەروەردەکردن بە بووکەڵە، کاریگەری زۆر و بەردەوامی لە سەر مێشکی منداڵ هەیە، چونکە بووکەڵە بە زۆری سەرنجی منداڵ بۆ خۆی کێش دەکات و چیرۆکی نمایش، کاریگەری قووڵ و بەردەوام لە سەر مێشکیدا دەنێت. 
ئەگەر ئاوڕێک لەبواری نووسینی منداڵان بدەینەوە، دەبینین ئۆپەرێت و تێکستی شانۆیی و رۆمانی تایبەت بە منداڵان زۆر کەمە و نووسەران کەمتر ئاوڕییان لەم بوارە داوەتەوە و ئەمەش بەو مانایە نییە کە نەک ئۆپەرێت یان تێکستی شانۆیی و رۆمان کەمە، بەڵکو هەوڵەکانیش کەمن. ئەرستۆ دەڵێت:»شانۆ هونەرێکی شانۆییە کە زیاتر لەهەموو هونەرەکان مرۆڤی سەرسامی خۆی کردووە و کاتێک مرۆڤەکان کۆدەبنەوە بۆ سەیرکردنی شانۆیەک، لەخۆوە پەیوەندییان بە پاڵەوانەکانی بۆ دروست دەبێت و چۆن کارەکتەرەکان لە سەر شانۆ بەگژ ناخۆشییەکانی چارەنووسدا دەچنەوە، بینەرانیش گیرۆدەی شەڕی دەروونی دەبن». کەوایە دەبێت نووسەران زۆرتر ئاوڕ لەم بوارە بدەنەوە و هەوڵەکانیان زیاتر چڕبکەنەوە تا بتوانن خزمەتێکی باش بە منداڵان بکەن.  

وێنەکانی ئەم هەگبەیە
پەیوەندی دەق و وێنە لە ئەدەبی منداڵاندا پەیوەندییەکی تایبەتە و هەندێک جار وێنە ناڕوونییەکانی دەقەکەی رووندەکاتەوە. بۆیە کاتێک وێنەکێش وێنە بۆ چیرۆکێک یان شیعرێک یان هەر دەقێک دەکێشێت، پێویستە زۆر بەوردی و باش لە دەقەکە رامابێت ئەوجا وێنەکە بکێشێت، چونکە ئەگەر وێنەکە زادەی دەقەکە نەبێت یان لەگەڵ دەقەکە نەیەتەوە، هاوسەنگی نێوان خۆی و دەقەکە لاسەنگ دەکات و دوور نییە سەر لە منداڵ تێک بدات یان بشێوێنێت. لەم بەرهەمانەشدا، هەر بابەتێک وێنەی تایبەت بەخۆی هەیە و بە جوانی و سەردەمیانە وێنەکان کێشراون، کە بێگومان چێژ و جوانی تایبەت بە منداڵان دەدەن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان