خۆپیشاندان دژی سەردانی مەسرور بارزانی بۆ بەریتانیا

06:26 - 2022-04-21
کوردستان
915 جار خوێندراوەتەوە

كوردانی بەریتانیا، وەك ناڕەزایەتییەك دژی سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتە، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا ئۆتۆمبیلەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمیان هێلكەباران كرد.
دوێنێ 20/4/2022، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، كە بەسەردانێك بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ لێپرسراوان لە بەریتانیایە، لەكاتی تێپەڕبوونی كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، لەلایەن كوردانی نیشتەجێبووی ئەو وڵاتەوە، هێلكەباران كرا.
كوردانی نیشتەجێی بەریتانیا، چەندین دروشمیان بەرزكردبووەوە، بەتایبەت لەبارەی خراپیی حوكمڕانیی مەسرور بارزانی و دۆسێی زیندانیكراوانی بادینان و ئازادیی رادەربڕینەوە.

پەرلەمانتارێك: كوردانی بەریتانیا پەیامی میللەتەكەیان گەیاند

لەوبارەیەشەوە، رۆژان محەمەد كەریم ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز بە PUKmediaی راگەیاندووە: هەر لەسەرەتای دروستبوونی ئەم كابینەیەوە، مەسرور بارزانی هەوڵیدا كە بە زەبر و تۆقاندن و لێدان و راوەدوونان و كپكردنەوەی دەنگی ئازاد، خەڵك بترسێنێت، بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، لەوچوارچێویەشدا چەندین رۆژنامەنووس و چالاكوانی لەو دەڤەرە دەستگیركرد و سزایدان، وتیشی: ئەوەی كوردانی بەریتانیا بەرامبەر مەسرور بارزانی كردیان، پەیامێكی جدی بوو كە واز لە تۆقاندن و نانبڕین و سیاسەتی هەڵە بهێنێت.
ئەوەشی خستۆتەڕوو كە ئاشكرایە لەچەند ساڵی رابردوودا سەرۆكی حكومەت لای پارتی بووە، بەهۆی سیاسەتی هەڵەیان چەندین گەنج وڵاتیان جێهێشتووە، ئەوەشی روویدا هەر ئەو گەنجانە بوون كە لە دەرەوەی وڵات تۆڵەی خۆیان كردەوە، هەروەك تۆڵەی ئەو توندوتیژی و نادادپەروەرییەشیان كردەوە كە بەرامبەر رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان و هەولێر، دەكرێت.

#كوردانی بەریتانیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان