جه‌واد حه‌یده‌ری
ده‌ردی دووری
ده‌ردی دووری زۆر گرانه، دڵبه‌را هیجران به‌سه
دڵ وه‌كوو په‌روانه سووتا، چاوه‌كه‌م سووتان به‌سه
عاقڵان شه‌یدا ده‌بن، ڕووبه‌ندی سه‌ر ڕوو لامه‌ده
عاشقان كوشته‌ی جه‌فاتن، قه‌تڵی مه‌زلوومان به‌سه
مورغی دڵ پابه‌ندی دانه و داوی خاڵه و زولفی خاو
گیری به‌ندیخانه تاكه‌ی؟ به‌ندی بێ ئامان به‌سه
هه‌رچی بووم بردی به تاڵان توركی مه‌ستی چاوه‌كه‌ت
تاقه‌ت و سه‌بر و قه‌رارم پێ نه‌ما تاڵان به‌سه
شاهیدم فرمێسكی خوێنینه كه تۆ جه‌رگت بڕیم
عاشقی ڕووتم ئه‌گه‌ر ته‌قسیره، ئه‌گه‌ر تاوان به‌سه
ئێسته‌كه‌ش مه‌جنوون و له‌یلێ هه‌ن له‌م عه‌سری تازه‌دا
شێت و سه‌رگه‌ردانی تۆم، حه‌یرانی تۆم، حیرمان به‌سه
گه‌نجی عیشقت پڕ به وێرانه‌ی دڵه و من پێم كه‌مه
تا زیاد بێ چاوه‌ڕێی دیشم، مه‌ڵێ ئیحسان به‌سه
گه‌ر قسه‌ی عیشقی گوڵ و بولبول له‌لات ئه‌فسانه‌یه
تۆ گوڵی خه‌ندان و ئه‌منیش بولبولی گریان به‌سه
ئاورت به‌ردا دڵ و گیانی « حه‌قیقی» چاوه‌كه‌م
ده‌ردی بێ ده‌رمانه عیشقت ده‌ردی بێ ده‌رمان به‌سه
عه‌باسی حه‌قیقی
مامۆستا عه‌باسی حەقیقی ساڵی 1902 له گوندی مه‌رجان ئاوای ده‌شتی حاجی حه‌سه‌نی ناوچه‌ی مه‌هاباد له‌دایكبووه. مامۆستا حه‌قیقی خۆی ده‌ڵێت: دایكم ناوی زارا بوو، وه‌ختێك منی بووه ته‌ڕایی له مه‌مكی دا نه‌بووه و من به شیری دایه‌نێك به ناوی شه‌وكه‌ت فرچكم گرتووه. باوكی خوێنده‌وار و ئه‌هلی عیرفان بووه، دایكی خوێنده‌واری نه‌بووه، به‌ڵام ده‌ڵێن به قه‌د خوێنده‌وارێكی زانیوه.
پێش یەکەم جەنگی جیهانی به‌هۆی كێشه‌ی عه‌شایه‌ری ماڵیان ده‌چێته گوندی مه‌ڕخوز له ناوچه‌ی سه‌قز له‌و گونده قورئانی له‌سه‌رده‌ستی مه‌لا قادرئاغایه‌ك خوێندووه و پاشان له لای باوكی گوڵستان و بوستانی سه‌عیدی و كیمیای سه‌عاده‌تی غه‌زالی خوێندوه. پاشان له گوندی مه‌ڕخوزه‌وه ده‌چنه گوندی قه‌ره‌داغ له ناوچه‌ی ئێلی ته‌یمووری ناوچه‌ی مه‌هاباد. باوكی له‌و گونده ده‌مرێت و به هه‌تیوی ده‌مێنێته‌وه. بۆ یه‌كه‌مجار له ته‌مه‌نی 14 ساڵیدا شیعر ده‌نووسێ. دوای ئه‌وه‌ی ده‌چێته گوندی ئیسكی به‌غدا ماوه‌یه‌ك له‌و گونده ده‌رسی دینی ده‌خوێنێ و پاشان له‌گه‌ڵ سه‌ید كامیلی ئیمامی( مامۆستا ئاوات) ده‌چنه گوندی باخچه له‌ناوچه‌ی موكریان بۆ ده‌رێژه‌پێدان به خوێندن. دواتریش بۆ ماوه‌یه‌ك له گوندی جه‌میان له‌ناوچه‌ی بۆكان ده‌چێته لای حاجی بابا شێخ بۆ خوێندن. حاجی بابا شێخ دواتر له كۆماری كوردستان له مه‌هاباد بووه سه‌رۆك وه‌زیران. دواتر ده‌ست له خوێندن هه‌ڵده‌گرێت و ده‌چێته مه‌هاباد و له ئیداره‌ی دارایی ئه‌و شاره داده‌مه‌زرێت. هه‌ر لە مه‌هاباد مامۆستا هه‌ژار موكریانی و مامۆستا هێمن موكریانی ده‌ناسێت. له بۆكانیش چاوی به مامۆستا قانعی شاعیر ده‌كه‌وێت. ساڵی 1964 خانه‌نشین ده‌كرێت و هه‌تا كۆچی دوایی كرد له بۆكان داده‌نیشت.
شیعره‌كانی مامۆستا حه‌قیقی له باری دابه‌شكردنی زه‌مه‌نه‌وه ده‌كرێت به دووبه‌ش.
به‌شی یه‌كه‌م به‌ر له شۆڕشی گه‌لانی ئێران كه ئه‌ویش ده‌كرێت به دووبه‌شەوە، به‌شی یەکەم سه‌رده‌می كۆماری كوردستان و به‌شی دووه‌م له دوای كۆماری كوردستانه‌وه هه‌تا ساڵی 1979.
به‌شی دووه‌م: له‌ساڵی 1979ەوە ده‌ست پێده‌كات و هه‌تا كۆچی دوایی ده‌كات. مامۆستا حه‌قیقی ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ژێكاف بووه و له كۆماری كوردستاندا به‌شدار بووه و شیعری نووسیوه و شاعیری میللی سه‌رده‌می كۆمار بووه.
چاوه‌كه‌م
دڵم ماتی غه‌می هیجرانی تۆیه
نه‌خۆشی ده‌ردی بێ ده‌رمانی تۆیه
ئه‌وا عومرێكه‌چاوم، چاوه‌كانم
خه‌ریكی شیوه‌ن و گریانی تۆیه
برینم كارییه، جه‌رگم بڕاوه
ئه‌ویش كاری برۆ و موژگانی تۆیه
دڵی بردم نیگای چاوی خومارت
یه‌كه و گیراوی دوو مه‌ستانی تۆیه
به قانوون حورمه‌تی میوانی فه‌رزه
مه‌ڕه‌نجێنه دڵم، میوانی تۆیه
ته‌وافی خاڵی تۆ بۆ من حه‌ڵاڵه
دڵم فیدیه و سه‌رم قوربانی تۆیه
قیامی قامه‌تت قامی قیامه‌ت
ته‌رازووی چاوه‌كه‌م میزانی تۆیه
هه‌واڵی ڕۆژی مه‌حشه‌ر گه‌ر ده‌پرسی
خه‌به‌ر ده‌ستی من و دامانی تۆیه
ئه‌گه‌ر په‌یمانه‌كه‌ی ده‌ستت شكاندم
دڵم مه‌شكێنه هاوپه‌یمانی تۆیه
به ئیمانم هه‌تا مردن حه‌قیقی
به هیوای دینی چاوی جوانی تۆیه.
به‌رهه‌مه‌كانی مامۆستا حه‌قیقی له دوو به‌رگدا كۆكراونه‌ته‌وه، به‌رگی یه‌كه‌م دیوانی حه‌قیقیه كه ئه‌ویش دوو به‌شه به‌شی شیعره‌كانی و كتێبی كۆلكه زێرینه و به‌شی دووه‌م پێكهاتووه له به‌شی كوردی و به‌شی فارسی كه خۆی له غه‌زه‌ل و قه‌سیده و چوارینه و دوو به‌یتی و پێنج خشته‌كی و تاك دێری ده‌بینێته‌وه.
به‌رگی دووه‌م كه « شه‌ونمه« كه تێدا مامۆستا حه‌قیقی 103 غه‌زه‌ل و قه‌سیده‌یه‌ك و 25 چوارینه‌ی حافزی شیرازی كردووه به كوردی كه ئه‌م غه‌زه‌له‌ی حافزه كه حه‌قیقی كردوویه‌تی به كوردی:
خۆزگه به‌و ڕۆژه كه له‌و مه‌نزڵه وێرانه ده‌ڕۆم
وه‌كوو مه‌ل له‌و قه‌فه‌ز و دانه به‌ره‌و لانه ده‌ڕۆم
گه‌رچی له‌و ڕێیه ده‌زانم كه غه‌ریب نابه‌ڵەده
من به بۆنی سه‌ری ئه‌و زولفه په‌رێشانه ده‌ڕۆم
دڵ له زیندانی سكه‌نده‌ر وه‌ڕه‌زه، ڕزگار بن
تاكو ئه‌و جێیه كه‌وا موڵكی سوله‌یمانه ده‌ڕۆم
وه‌كوو با به‌و له‌ش بیمار و دڵی بێ تاقه‌ت
به هه‌وای قامه‌تی ئه‌و سه‌روی خه‌رامانه ده‌ڕۆم
گه‌ر به سه‌ر وه‌ك قه‌ڵه‌مێ ڕێگه بڕۆم بۆ لای ئه‌و
به برینی دل و به ده‌یده‌ی گریانه ده‌ڕۆم
شه‌رته كردوومه ئه‌گه‌ر له‌و خه‌مه ده‌رچم ڕۆژێ
به شیعر خوێندنه‌وه تا ده‌ری مه‌یخانه ده‌ڕۆم
به هه‌وای چاوی به ڕه‌خسین و سه‌ما وه‌ك زه‌ڕڕه
تاكوو سه‌رچاوه‌یی ئه‌و خۆره دره‌خشانه ده‌ڕۆم
ئه‌وی سووكباره خه‌می حاڵی گرانباری نییه
من به هۆی هیمه‌تی پیرانه مریدانه ده‌ڕۆم
گه‌ر وه‌كوو حافزی له‌و ده‌شته نه‌شێ ڕێ ده‌ركه‌م
له‌گه‌ڵ ئه‌و بار و بنه‌ی ئاسه‌فی ده‌ورانه ده‌ڕۆم
مامۆستا حه‌قیقی شینگێڕێیه‌كی بۆ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه گێڕاوه و له شیعرێكدا گله‌یی ئه‌وه ده‌كات كه بۆچی كورد ده‌رس و په‌ند و وانه له ڕووداوه‌كان وه‌رناگرێت و به‌م شێوه ده‌ڵێت:
سه‌دان ساڵه به‌دبه‌خته و بێچاره كورد
برین له دوای برین دڵ برینداره كورد
نه‌سیبی له ڕۆژی ئه‌زه‌لدا ده‌ڵێی
فه‌قه‌ت به‌ند و زنجیر و سه‌رداره كورد
سروشێكی غه‌یبی شه‌وێ دی وتی:
ته‌ماشا چ سه‌رچه‌وت و لاساره كورد
سه‌دان داوی بۆ ناوه دوژمن، به‌ڵام
ته‌مێ قه‌ت نه‌بوو، وه چ بێعاره كورد
مامۆستا حه‌قیقی ساڵی 1997 له ته‌مه‌نی 94 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و له شاری بۆكان به‌خاكسپێردرا.
سه‌رچاوه:
دیوانی حه‌قیقی له ئاماده‌كردنی ناسری حه‌قیقی