شەڕی دراو لە ململانێ جیهانییەكاندا

06:50 - 2022-04-21
ئابووری
997 جار خوێندراوەتەوە

د. ئەیوب سماقەیی*

شەڕی بازرگانی لە دوای كۆرۆنا، تەنیا رسومی گومرگی ناگرێتەوە، بەڵكو سەردەكێشێت بۆ شەڕی دراوەكان، بەتایبەتی دوای شەڕی روسیا و ئۆكرانیا و سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا بۆ سەر روسیا، هەموو سنوورەكانی بەزاند و گەیشتە یەدەكی روسیا كە بە دۆلار داینابوو لە دوای شەڕی قرم. كەواتە شەڕی دراوەكان چییە؟ چەمكێكە بەو دۆخە دەوترێت كە ژمارەیەك وڵات نرخی ئاڵوێری دراوی خۆیان لە یەك كاتدا دابەزێنن (واتە بەهای دراوی خۆیان بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی دادەبەزێنن)، لەپێناوی چالاككردنی ئابووریی نیشتمانی، ئینجا بە مەبەست بێت، یاخود بێ‌ مەبەست. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتەپێش: ئایە سوودەكانی شەڕی دراو چییە؟ بۆ نموونە ئەگەر وڵاتی چین نرخی ئاڵوێری (یوان)ی دابەزاند بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، چی روو دەدات؟
1 - ئەو كاڵا و خزمەتگوزارییانەی هەناردەی دەرەوەی دەكەن، توانای ركابەری كاڵا و خزمەتگوزاریی وڵاتانی تریان زیاتر دەبێت.
2 - تێچووی ئەو كاڵا و خزمەتگوزارییانەی هاوردەی چین دەكرێن، زۆر دەبێت و نرخیان گران دەبێت بۆ هاووڵاتیانی ئەو وڵاتە.
3 - چارەسەری بێكاری دەكات و دەرفەتی كاری زیاتر دروست دەكات لەناو چیندا.
4 - خواستی ناوخۆیی و دەرەكی زیاد دەكات لەسەر كاڵا و خزمەتگوزاریی ناوخۆیی، هاوكات بەهۆی بەرزی نرخەكانیان، خواست لەسەر كاڵا و خزمەتگوزاریی دەرەكی كەم دەكات.
5 - زێدەگی لە تەرازووی بازرگانیی چین دروست دەبێت.
6 - بەرهەمی ناوخۆیی گەشە دەكات.
7 - دەبێتە هۆی خنكاندنی بازاڕە دەرەكییەكان بە كاڵای هەرزان، سەرەنجام گورزێكی كەمەرشكێن لە كاڵا و خزمەتگوزاریی ركابەری دەدات، كە زۆرجار پێیدەوترێت (بە دەرۆزە خستنی جیران).
8 - ئەگەر وڵاتێك بیەوێت لە رێگەی گەشەی ئابووریی پشتبەستوو بە ناردنەدەرەوەی كاڵا، چارەسەری بێكارییەكەی بكات، ئەوە دابەزاندنی نرخی ئاڵوێر كارێكی باشە.
9 - وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەتوانن بەكاریبهێنن بۆ زیادكردنی یەدەكی نەختی بیانی لە ناوەوەی وڵات.

زیانەكانی شەڕی دراو
ئەو سوودانەی باسكران چین بەدەستیدەهێنێت لەكاتی دابەزاندنی بەهای (یوان) بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، بەڵام ئەم زیانانەش دەكات یان ئەم كاریگەرییە خراپانەشی هەیە:
1 - پێدانی سووی قەرزی گشتی زۆر گران دەبێت و تێچووی زیاتر دەبێت، بەتایبەت ئەگەر هاتوو ئەو سووە بە دراوی بیانی دیاریكرابوو.
2 - دەبێتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم وەبەرهێنانی بیانی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.
3 - دروستبوونی بەربەست لەبەردەم بازرگانیی دەرەكی، لەبەرئەوەی وڵاتانی دیكە ناتوانن كاڵاكانیان بۆ ناو چین بنێرن.
4 - دابەزاندنی بەهای دراو، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسان و چوونەدەرەوەی سەرمایەی ناوخۆیی بۆ دەرەوە.
5 - توانای كڕین لای هاووڵاتیانی ناوخۆیی كەم دەبێت، جاری واش هەیە سەردەكێشێت بۆ هەژاری.
6 - دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی بەرهەم لە ماوەی درێژمەودادا.

ئامرازی بەكارهێنراو  لە شەڕی دراوەكان
*
چاپكردنی دراو: واتە وڵاتێك قەرزە ناوخۆییەكانی دەكڕێتەوە لە رێگەی چاپكردنی دراوی نوێ‌، بۆ نموونە ئەمریكا لە ساڵی (2010) بڕی (600) ملیار دۆلاری چاپكرد، بۆ كڕینەوەی قەواڵە ناوخۆییەكان، لەپێناوی زیادكردنی بەكارهێنانی ناوخۆیی و چالاككردنی خواستی ناوخۆیی. خاوەن قەرزەكان بە پارەكانیان روویان كردە بازاڕی دارایی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ كڕینی پشك و قەواڵە لەو بازاڕانەدا، بەڵام دەستبەجێ ئەو وڵاتانە كۆتاییان بەو هەنگاوە هێنا، لە رێگەی پاككردنەوەی بازاڕەكانیان، بەهۆی سەپاندنی باج بەسەر دارایی بیانی كورت ماوە، لەبەرئەوەی هاتنی ئەم دۆلارە هەڵاوسان دروست دەكات، بۆیە رێگەیان گرت لە هاتنی شەپۆلی هەڵاوسانی نەختی ئەمریكی بۆ وڵاتەكانیان.
* نرخی سوو: دابەزاندنی نرخی سوو بۆ سفر، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا نرخی سوو بۆ سفر دادەبەزێنن، زۆرجار ئەمریكاش نرخی سوو دەگەیەنێتە سفر، بۆ نەهێشتنی كاریگەریی وەبەرهێنانی بیانی لە قەواڵەی خەزانەی ئەمریكا، بۆ ئەوەی ئەو پارانە نەبنە كارتێكی فشار لەسەر ئەمریكا، دیاریشە چین و ژاپۆن دوو گەورە وەبەرهێنن لە قەواڵەی خەزانەی ئەمریكی بە نزیكەی (1,2) تریلیۆن دۆلار بۆ چین و (1,1) تریلیۆن دۆلار بۆ ژاپۆن.
* بڕیاری ئابووری: دابەزاندنی نرخی ئاڵوێری دراوی ناوخۆیی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی، ئەمەش لە رێگەی بڕیاری بانكی ناوەندیی هەر وڵاتێك دەكرێت.

رۆڵی دۆلاری ئەمریكی لە شەڕی دراوەكاندا
لە (1 بۆ 22)ی یۆلیۆی ساڵی (1944)، دوای كۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، نوێنەری (44) وڵات لە (نیوهامیشر) لە ئەمریكا بەشداربوون بۆ دانانی پلانێك بەمەبەستی گێڕانەوەی ئارامی بۆ سیستمی دارایی جیهان و چالاككردنی چالاكی بازرگانی دوای جەنگ، ئەم بڕیارانە دران:
1 - دروستكردنی بانكی نێودەوڵەتی و سندوقی نەختی نێودەوڵەتی و رێكەوتن «GATT» بۆ رێكەوتنی گومرگی و بازرگانی، دواتر بووە رێكخراوی بازرگانی جیهانی.
2 - دۆلار دراوێكی فەرمییە بۆ یەدەكی نەختینەیی جیهان.
دوای ئەوەی وڵاتانی بەشدار لە رێكەوتنی بریتون وودز تەبەنی ئەوەیان كرد كە دۆلاری ئەمریكی دراوێكی فەرمییە بۆ یەدەكی نەختی جیهانی، دۆلاری ئەمریكی بووە دراوێكی زاڵی نێودەوڵەتی، واتە نزیكەی 77 ساڵە دۆلار دراوی فەرمی و ناسراوی یەدەكی نەختی جیهانییە.
هاوكات، ئەمریكا سیاسەتی بەهێزی دۆلاری پەیڕەو دەكات لەو كاتەوە تا ئێستا لەبەر ئەم هۆكارانە:
* ئابووری ئەمریكا گەورەترین ئابوورییە لە جیهاندا.
* گەورەترین بازاڕی بەكارهێنانە لە جیهاندا.
* دۆلار، دراوی یەدەكی نەختی جیهانییە. بەڵام ئەو هەژموونەی دۆلار ئێستا بۆتە بابەتی گفتوگۆی گەرم لەنێوان وڵاتانی جیهان لەبەر ئەم هۆكارانە:
1 - بەهۆی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزی ئابووری، بەتایبەتی دەركەوتنی هێزی ئابووریی چین.
2 - گۆڕانكاری و پیشكەوتنی تەكنۆلۆجیا و ئاسانی مامەڵەكردن بە دراوە ژمارەییەكان، (100) وڵات دیراسەی چۆنێتی بەكارهێنانی دراوی ژمارەیی دەكەن لەوانە: بانكی ناوەندیی ئەوروپا و بەریتانیا و ژاپۆن. جیهان قۆناغی گفتوگۆ و چۆنێتی بەكارهێنانی دراوی ژمارەییان تێپەڕاند و چوونەتە قۆناغی ئەزموونكردن وەك: چین، سوید و روسیا.
3 - هاتنەپێشەوەی دراوی مشەفەر و تەبەنیكردنی چین بۆ یوانی ژمارەیی لەناوخۆ و دەرەوەش.
4 - نائارامیی جیۆسیاسی وایكردووە، وڵاتان لە جێگرەوەی دۆلار بگەڕێن.
5 - شەڕی روسیا و ئۆكرانیا بە تایبەتی دوای سەپاندنی سزاكان بەسەر روسیا.
6 - سڕكردنی یەدەكی دراوی بیانی روسیا، مانای وایە ئەم یەدەكە بە دۆلاری ئەمریكی پەناگەیەكی ئارام نییە، كە روسیا دوای جەنگی قرم لە ساڵی 2014 یەدەكی دراوی بیانی بە دۆلار گەیشتە نزیكەی (469) ملیار دۆلار، بۆ ئەوەی وەك زەمانەتێك بەكاری بهێنێت، بەڵام سزاكان گەیشتە ئەم یەدەكەش. ئەمە وایكرد وڵاتان یەدەكی خۆیان جۆراوجۆر بكەن و هەموو هێلكەكانیان نەخەنە سەبەتەی دۆلاری ئەمریكییەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دۆلاری ئەمریكی لە (70 %) لە سەرەتای ئەم سەدەیە كەمبێتەوە بۆ (59 %) لە كۆتایی ساڵی 2021.

هۆكاری شەڕی دراوەكان
دۆلار بۆتە بەربەست لە بەردەم بووژانەوەی ئابووریی جیهان لەبەر ئەم هۆكارانە:
1 - زۆرێك لە وڵاتان گوژمەی زۆر گەورەیان وەك یەدەك هەیە كە بە دۆلارە، بۆ دڵنیایی وڵاتەكانیان لەكاتی قەیراندا، ئەمەش وادەكات پارەیەكی زۆر «ئیكتیناس» بكرێت كە دەكرێت لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا بەكاربهێنرێت.
2 - دۆلار وەك دراوێكی پێدان لە نیوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی بەكاردەهێنرێت، زۆرێك لە وڵاتان بە ناڕاستەوخۆ تووشی گرفت دەبن بەهۆی هەڵبەزین و دابەزینی ئابووریی ئەمریكا و گۆڕانكارییەكانی بەهای دۆلار. واتە قەیرانە دارایی و نەختینەكانی ئەمریكا دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانی دیكە كە یەدەكەكانیان بە دۆلارە.

شەڕی روسیا و ئۆكرانیا  لە شەڕی دراوەكان
لەدوای شەڕی روسیا و ئۆكرانیا، زۆر بە زەقی چەند گۆڕانكارییەكی گەورە بەڕێوەیە لە ئابووریی جیهاندا وەك:
1 - نەمانی متمانە بە رێكەوتنی (بریتون وودز)، هەروەها نەمانی متمانە بە دۆلار و دەركەوتنی رێكەوتنی بازرگانی بە دراوی وەك: (یوان، یەن، فرانك و روپیە) و بەم دواییانەش داواكاری روسیا بۆ فرۆشتنی وزە بە رۆبلی روسی.
2 - نەمانی متمانە بە بانكە رۆژئاواییەكان و سیستمی سویفت، ئەمەش دوای ئەوە هات كە ئەوروپا ئەو كۆمپانیا و كەسایەتیانەی سزا دا كە هیچ پەیوەندییەكیان بە سەرۆكی روسیاوە نەبوو، سەرباری دەست بەسەرداگرتنی نیوەی یەدەكی روسیا لە دراوی بیانی و زێڕ كە بە نزیكەی (300) ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەمەش وایكرد روسیا سیستمی تایبەت بە خۆی (ئێس پی ئێف ئێس) دروست بكات و چینیش سیستمی تایبەت بەخۆی (سی ئای پی ئێس) دروست بكات، هەردوولاش هەوڵ بدەن ئەو دوو سیستمە بەیەكەوە ببەستنەوە.
3 - دروستبوونی شەڕی ئابووریی خاپووركەر، ئەو شەڕەی هەموو سنوورەكانی رێكەوتنە ئابوورییە نێودەوڵەتییەكان دەبەزێنێت، وەك ئەوەی ئێستا لە دژی روسیا دەكرێت لە لایەن ئەمریكا و ئەوروپاوە.
4 - زاڵبوون و دەوڵەمەندبوونی زیاتری وڵاتانی خاوەن نەوت.
5 - ئیفلاسبوونی زۆرێك لە دەوڵەتان، وەك راگەیاندنی ئیفلاسبوونی لوبنان بەهۆی قەیرانی دابەزینی بەهای دراوەكانیان و كەمبوونەوەی دراوی بیانی لە وڵاتەكانیان، جگە لە لوبنان، وڵاتانی دیكەش دۆخیان خراپە.
6 - دەركەوتنی زیاتری دراوە مشەفەرەكان و لەرزاندنی عەرشی بانكە ناوەندییەكانی جیهان، كە هۆكارێكە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەریی سزاكانی ئەمریكا و ئەوروپا بۆ سەر روسیا، ئەمە لەكاتێكدا روسیا سێیەم دەوڵەتی جیهانە لە بەكارهێنانی دراوی مشەفەردا.

* پسپۆڕی ئابووری

#دراو

بابەتە پەیوەندیدارەکان