ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
خه‌می نیشتمانی، كتێبێكی دوو به‌رگیی مه‌كته‌بی بیر‌و هیۆشیارییه و محه‌مه‌د عوسمان ئاماده‌ی كردووه، به‌م دواییانه چاپ كرا‌و كه‌وته به‌ر دیدی خوێنه‌ران، ئه‌م كتێبه به‌نرخه به‌شێكه له پڕۆژه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی كۆبه‌رهه‌می نووسینه‌كانی سەرۆک مام جه‌لال، پڕۆژه‌كه كار له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نووسراوه بڵاوكراوه و بڵاونه‌كراوه‌كانی مام جه‌لال ده‌كات، چ وتار بێت، یان چاوپێكه‌وتن بێت له كه‌ناڵه بینراو و بیستراوه‌كان، هه‌روه‌ها نامه‌كانیش ده‌گرێته‌وه، پاش كۆكردنه‌وه‌شی چاپ و بڵاوده‌كرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م كتێبه كه له دوو به‌رگ پێكهاتووه و هه‌ر به‌رگێكیان نزیكه‌ی 500 لاپه‌ڕه له‌خۆ ده‌گرێت، تایبه‌ته به وتار‌و بروسكه و به‌یاننامه‌كانی مام جه‌لال له ماوه‌ی نێوان 2005 تا 2012 و كتێبه‌كه‌ش به زمانی عه‌ره‌بی چاپ كراوه.
خه‌می نیشتمانیی ناونیشانی كتێبێكه كه ناوه عه‌ره‌بییه‌كه‌ی (الهم الوطني)یه و له راستیدا ناونیشانه‌كه پڕ به پێستی كتێبه‌كه‌یه، واته ناوی خۆی به خۆیه‌وه‌یه‌تی، چونكه وتار و به‌یاننامه و بروسكه‌كانی ئه‌و مرۆڤه له‌خۆده‌گرێت، كه سه‌رله‌به‌ری خه‌می نیشتمانه‌كه‌ی له كۆڵ ناوه.
خه‌می پێكه‌وه ژیانی گه‌لان
وتار و بروسكه و به‌یاننامه‌كان هه‌ر یه‌كه‌یان بۆ بۆنه‌یه‌كی دیاریكراو و تایبه‌ت نووسراون، وه‌ك یه‌كه‌م وتاری كه له‌م كتێبه دوو به‌رگییه‌دا هاتووه، كه له كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانیی عیراق و بۆ یه‌كه‌مجار كه بوو به سه‌رۆكی عیراق پێشكه‌شی كردووه. ره‌نگه خوێنه‌ر هه‌ر به خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م وتار بگاته ئه‌و رایه‌ی كه مام جه‌لال هه‌موو خه‌مه نیشتمانییه‌كانی هه‌ڵگرتووه و ده‌كرێ ئه‌مه باشترین وتار بێت، چونكه له وتاره‌كه‌دا خه‌مێك نه‌ماوه په‌نجه‌ی بۆ رانه‌كێشێت و برینێك نه‌ماوه له نیشتماندا ئاماژه‌ی بۆ نه‌كات، به‌ڵام مام جه‌لال له هه‌موو وتاره‌كانیدا قووڵ رۆچووه به ژان و ئازاره‌كانی گه‌لی عیراقدا، نه‌ك هه‌ر گه‌لی عیراق به‌ڵكو مام جه‌لال خه‌می مرۆڤایه‌تی هه‌ڵگرتووه و به ته‌نگ پێكه‌وه‌ژیان و هه‌ڵكردنی ئاشتیانه‌ی نێوان گه‌لانی جیهانیشه، ئه‌وه‌تا له وتارێكی دیكه‌یدا كه رۆژی 27\3\2010 له كۆنگره‌ی جیهانی جه‌ژنی نه‌ورۆزدا پێشكه‌شی كرد و كۆنگره‌كه تایبه‌ت بوو به‌و وڵات و گه‌لانه‌ی كه له نه‌ورۆزدا ئاهه‌نگ ده‌گێڕێن، مام جه‌لال له‌و وتاره‌دا په‌یامی ئاشته‌وایی به هه‌موو جیهان ده‌گه‌یه‌نێت و به جۆرێك باسی نه‌ورۆز ده‌كات كه هۆكاری لێكنزیكبوونه‌وه‌ی گه‌لانه.
له په‌ره‌گرافێكی ئه‌و وتاره‌دا مام جه‌لال ده‌ڵێت: «ئه‌مڕۆ ئێمه هه‌موومان پێكه‌وه ئاهه‌نگ ده‌گێڕین به بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه، له وڵاتێكی دۆستدا كه مه‌شخه‌ڵه‌كه‌ی هه‌ڵگرتووه، هه‌مووشمان به ئاواتی جیهانێكه‌وه‌ین كه دیكتاتۆر و سته‌مكاریی تێدا نه‌بێت و جیهانێك تیایدا ئاڵای ئازادی و دۆستایه‌تی و یه‌كسانی بشه‌كێته‌وه».
ژیربێژیی و بیرتیژیی
توانای مام جه‌لال له رووی ژیربێژییه‌وه له ئاستێكی زۆر باڵادایه، هه‌روه‌ها له وتار و به‌یاننامه و بروسكه‌كانیدا زیره‌كی و ئاوه‌زی باڵا و چاوكراوه‌یی و بیرتیژیی به روونی دیاره، كاتێك به‌یاننامه‌یه‌ك به بۆنه‌یه‌كی تایبه‌ته‌وه ده‌نووسێت، خوێنه‌ر بێ سێ و دوو هه‌ست به‌وه ده‌كات كه خاوه‌نی ئه‌م وتاره، ئاگاداری مێژو و جوگرافیا و كات و شوێن و هه‌لومه‌رجه تایبه‌ته‌كانی ئه‌و رووداوه‌یه، ئه‌وجا رووداوه‌كه جیهانی بێت، یان هه‌رێمی و ناوخۆیی.
مام جه‌لال هیچ بۆنه و یادێكی پشتگوێ نه‌خستووه و له وتار و به‌یاننامه‌كانیدا به‌سه‌ری كردوونه‌وه، بۆ نموونه، وتاری رۆژی كۆچ و ئاواره‌یی عیراق، كه له رۆژی 17\11\2005دا پێشكه‌شی كردووه و تیایدا ده‌ڵێت: «ره‌نگه برسێتی و گرانی وا له دانیشتوانی وڵاتێك بكات كۆچ بكه‌ن و به دوای ژیاندا بگه‌ڕێن، به‌ڵام زۆر جار سته‌می دیكتاتۆره‌كان وا له مرۆڤ ده‌كه‌ن ئه‌و خاكه بەجێبهێڵن كه هه‌زاران ساڵه له‌سه‌ری ده‌ژین»، لێره‌دا هێرشی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و هه‌روه‌ها وێرانكردنی هۆڕه‌كان به نموونه دێنێته‌وه، وه‌ك نموونه‌ی له‌ناوچوون و ئاواره‌بوونی مرۆڤ له‌سه‌ر ده‌ستی مرۆڤ.
له وتار و بروسكه و به‌یاننامه‌كانیدا دیاره مام جه‌لال له ژیربێژیدا نموونه‌یه‌كی باڵا بووه و هه‌میشه وتاری نوێ و بابه‌تی نوێی پێبووه، هه‌رگیز وتارێكی پێشووی بۆ بابه‌تێكی دیاریكراو دووباره نه‌كردۆته‌وه، وه‌ك محه‌مه‌د عوسمان له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌دا ده‌ڵێ: مام جه‌لال له وتار و به‌یاننامه و بروسكه‌كانیدا كه بۆ سه‌ره‌خۆشی ده‌یاننووسێت، یان بۆ كردنه‌وه و ده‌ستپێكی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك، ته‌نانه‌ت له كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی خۆشی‌دا ده‌یاننووسێت، سیمای نیشتمانیی و خه‌می نیشتمانیی پێوه دیاره، ره‌نگه توێژه‌ر یان خوێنه‌ر به روونی هه‌ست به‌وه بكات كه مام جه‌لال بۆ هه‌ر بۆنه‌یه‌كی ئاهه‌نگی ساڵانه و ساڵیاد و شتی له‌و جۆره كه وتارێك ده‌خوێنێته‌وه، هه‌مان وتاری ساڵی پێشووی دووباره ناكاته‌وه، به‌ڵكو هه‌میشه نوێ ده‌نووسێت و خه‌می رۆژگار و رووداو و نه‌هامه‌تییه‌كانی ئه‌و ساڵه له وتاره‌كه‌یدا ره‌نگ ده‌داته‌وه.
فراوانیی له مه‌عریفه‌دا
هه‌ر توێژه‌رێك بیه‌وێت به ناو ئه‌و وتار و بروسكه و به‌یاننامانه‌دا بگه‌ڕێت كه مام جه‌لال بۆ بۆنه جیاجیاكان نووسیونی، به روونی بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه مام جه‌لال مرۆڤێكی بیرتیژ و به‌ئاگا بووه، چونكه بۆ هه‌ر بۆنه‌یه‌كی دیاریكراو زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌و بۆنه‌یه له نووسینه‌كه‌یدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، كاتێك بروسكه‌ی پیرۆزبایی بۆ سه‌رۆكی گه‌لی چین ده‌نێرێت به بۆنه‌ی یادی 60 ساڵه‌ی شۆڕشی چینه‌وه، وه‌ك له به‌رگی دووه‌می ئه‌م كتێبه‌دا هاتووه، مام جه‌لال شاره‌زایانه باس له شۆڕشی چین و شۆڕشه جیهانییه‌كان و پێشكه‌وتن و په‌ره‌سه‌ندنی وڵاتان ده‌كات و پاشان دێته سه‌ر باسی دۆستایه‌تی نێوان گه‌لان و به‌تایبه‌تیش هه‌ردوو گه‌لی چین و عیراق، یان كاتێك له كۆنگره‌ی هه‌فته‌ی سێیه‌می كشتوكاڵیدا كه رۆژی 14/3/2012 به‌ڕێوه‌چوو، وتارێك پێشكه‌ش ده‌كات، ئه‌وه‌نده شاره‌زایانه قسه ده‌كات، مرۆڤ هه‌ست ناكات كه جه‌نابیان پسپۆڕی ئه‌و بواره نین.
گرنگی و بایه‌خی ئه‌م دوو به‌رگه‌ی كتێبی خه‌می نیشتمانی له‌وه‌دایه، كه به‌شێك له كۆبه‌رهه‌می سه‌رۆك مام جه‌لال، سه‌ركرده‌یه‌كی هه‌ڵكه‌وتووی كورد و دیپلۆماتكارێكی بێوێنه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌پارێزێت و ئه‌رشیفی ده‌كات، دواتریش رێگە خۆش ده‌كات بۆ پسپۆڕ و توێژه‌ر و لێكۆڵه‌ره‌كان بۆ نووسینی توێژینه‌وه‌ی زانستی و هه‌ر جۆره لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه په‌یوه‌ست بێت به بواری سیاسی و هونه‌ری سه‌ركردایه‌تی و لێهاتوویی دیپلۆماسی و...هتد.