سیستمی بۆڵۆنیا لە زانکۆ ئەهلییەکان بارگرانیی بۆ وانەی عبور دروستکردووە

10:02 - 2023-04-04
ڕاپۆرت
349 جار خوێندراوەتەوە
#بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ ئەهلییەکان داوای کەمکردنەوەی کرێی وانەی عبور دەکەن

راپۆرتی-  ئەسرین محەمەد

سیما ساڵح خوێندکاری قۆناغی سێیەمە لە کۆلێجی پزیشکی لە یەکێک لە زانکۆ ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان کە لەو بەشەی ئەودا خوێندن بە سیستمی بۆڵۆنیایە، ساڵی رابردوو وانەیەک عبور (تێپەڕین)ی هەبووە، بە هەمان شێوەی ساڵی یەکەم پارەی ئەو وانەیەی داوە کە عبور بووە تیایدا، لەوبارەیەشەوە سیما دەڵێت: «هەر لە منداڵییەوە خولیای بەشی پزیشکیم هەبوو، بەڵام لە پۆلی 12دا نەمتوانی ئەو نمرەیە بهێنم تا لە بەشی پزیشکی زانکۆ حکومییەکان وەربگیرێم، بۆیە بڕیارمدا لە یەکێک لە زانکۆ ئەهلییەکان بخوێنم و خەونەکەم بهێنمەدی».
هەروەها دەڵێت: «راستە بە خواستی خۆم و لەسەر رەزامەندیی خێزانەکەم خوێندنم لە زانکۆی ئەهلی هەڵبژاردووە، بەڵام باری داراییمان زۆر باش نییە و ئەو وانەیەی ساڵی رابردوو بووە (عبور)، ئەرکی خێزانەکەمی قورستر کرد، لەبەرئەوەی دووبارە بۆ خوێندنەوەی ئەو وانەیە و دەرچوون تیایدا بڕە پارەی تەواوم دا وەک ئەوەی وانەیەکی نوێ بێت و هیچم نەخوێندبێت.
سیما هەر لە سەرەتاوە دەیزانی سیستمەکە بەو شێوەیەیە، بۆیە رایدەگەیەنێت کە بەهۆی نەخۆشکەوتنەوە ئەو وانەیەی بۆتە (عبور)، بۆیە لەدوای ئەوەوە بڕیاریداوە هەرچی رووبدات بەباشی بخوێنێت تا هیچ وانەیەکی عبور-ی نەبێت و نەبێتە مایەی بارگرانی زیاتر بۆ خێزانەکەی.
روونکردنەوە بە خوێندکار دەدرێت
لەو رووەشەوە ئەحمەد حەمە غەریب بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی لە سلێمانی رایگەیاند: تەواوی کارەکانی زانکۆکەیان بەپێی یاسا لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە رێکخراوە و هەر لە سەرەتای وەرگرتنەوە لە هەر کۆلێج و بەشێکدا روونکردنەوەی تەواو بەخوێندکار دەدرێت لەسەر شێوازی خوێندن و قیستی وانەکان.
جێی ئاماژەیە لە هەرێمی کوردستاندا چەند زانکۆ و پەیمانگەیەکی ئەهلی هەن، ساڵانە هەندێک لە خوێندکاران بەهۆی وەرنەگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان، لەوێ بە بڕێک پارە دەخوێنن و هەندێکی دیکەش لە خوێندکاران بەهۆی ئەوەی نمرەی کەمیان هەیە و لە بەشی دڵخوازی خۆیان ناویان نایەتەوە، بە هەمان شێوە روو لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان دەکەن، کە زۆربەی زۆری بەش و کۆلێجەکانیان هەیە کە لە زانکۆ حکومییەکاندا هەن.
سیستمی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان بەپێی کۆلێج و بەشەکان دەگۆڕێت، هەندێکیان خوێندن تیایاندا ساڵانەیە، واتا لە سەرەتای ساڵەوە تا کۆتایی هەر بەشێک یەک وانە دەخوێنرێت و لە کۆتایی ساڵدا تاقیکردنەوە لە هەموو وانەکەدا دەکرێت، بەڵام لە زۆربەی بەشەکان سیستمی خوێندن بۆڵۆنیا (کۆرساتە) واتە خوێندکار نیوەی ساڵەکە کۆمەڵێک وانە دەخوێنێت و تاقیکردنەوەی تێدا دەکات و کۆتایی دێت، دواتر لە نیوەی دووەمی ساڵەکەدا ژمارەیەک وانەی نوێ دەخوێنێت و تاقیکردنەوەی تیدا دەکات.
هەر (عبور)ێک دووبارە پارەی دەدرێت
لە سیستمە ساڵانەکەدا خوێندکار یەک جار پارەی ئەو وانەیە دەدات کە دەیخوێنێت و ئەگەر وانەیەکیش (عبور) بێت، دووبارە پارەی وانەکە ناداتەوە، بەڵام لە سیستمی بۆڵۆنیادا هەر وانەیەک ببێتە (عبور) پێویستە خوێندکار ساڵی داهاتوو هەمان بڕە پارەی ساڵی یەکەم بداتەوە بۆ وانە (عبور)ەکەی، واتا هەر وانەیەکی (عبور) دووجار پارەی دەدرێت.
هەر سەبارەت بەو گرفتە ئەحمەد حەمە غەریب بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی وتی: جگە لە بەشی یاسا، لە سەرجەم بەشەکانی دیکەی زانکۆکەدا خوێندن بە سیستمی بۆڵۆنیا پەیڕەو دەکرێت و وانەی هەر کۆرسێک پارەی تایبەتی خۆی هەیە و خوێندکار لە چەند وانەدا دەرنەچێت و (عبور) بێت، پێویستە دووبارە پارەی ئەو وانەیە بداتەوە، لەبەرئەوەی هەرچەندە چۆتە قۆناغێکی نوێ، لەبەرئەوەی دووبارە وانە عبورەکە دەخوێنێتەوە و مامۆستا پێوەی ماندوو دەبێت.
وتیشی، ئامادەبوونی خوێندکار لەو وانەی (عبور)ە لە قۆناغی نوێدا،  100 ٪ نییە و کەمێک چاوپۆشی لە ئامادەبوونی خوێندکار دەکرێت، لەبەرئەوەی ساڵی رابردوو ئەو وانەیەی خوێندووە، لە قۆناغی نوێدا خشتەکەی وا رێکدەخرێت کە خوێندکارەکە بتوانێت لە وانە (عبور)ەکەدا ئامادەبێت و پێویستە لانیکەم ئامادەبوونی بە رێژەی 50 ٪ زیاتر بێت، چونکە ئەگەر بە تەواوی نەیەتە وانەکەوە، ئەوا فەسڵ دەکرێت و دەرناچێت.
سیستمی خوێندنی ئەهلی بە یاسا رێکخراوە
سامان فەیسەڵ باوکی خوێندکارێکی بەشی ئەندازیاریی تەلارسازییە کە لە یەکێك لە زانکۆ ئەهلییەکان دەخوێنێت و ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە وتی: لەبەرئەوەی کوڕەکەم لە زانکۆی حکومی وەرنەگیرا، بە ناچاری لە زانکۆی ئەهلی درێژەی بە خوێندن دا، بۆئەوەی ماندوبوونی 12 ساڵ خوێندنی بە فیڕۆ نەچێت.
وتیشی، لەبەر خوێندنی کوڕەکەم  لە زانکۆی ئەهلی، دوو کار دەکەم، لە ماوەی سێ ساڵی رابردووی خوێندنیدا دوو وانەی (عبور)ی هەبووە واتا بۆ هەر وانەیەک دووجار پارەی خوێندنم داوە کە ئەرکێکی قورس بوو لەسەر شانم، بەڵام تازە دەستی بە خوێندن کردووە و ناچاربووم بیدەم.
باوکی ئەو خوێندکارە باسی لەوەش کرد، سەدان خوێندکاری وەک کوڕەکەی ئەو هەیە بەناچاری دەچنە زانکۆی ئەهلی و پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا وەک لایەنی بەرپرس چاو بەو بڕیارەیدا بخشێنێتەوە و هەر وانەیەکی (عبور) پارەکەی ببێتە نیوە.
لەو رووەشەوە عەباس ئەکرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی هەرێم رایگەیاند: شێوازی خوێندن و کردنەوەی کۆلێژ و بەش و قیستی هەر وانەیەکی زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان، پێشتر لەلایەن وەزارەتەوە پەسەندکراوە و بەپێی یاسا کاردەکەن.
دەشڵێت: «ئەوەی لە سیستمی بۆڵۆنیادا هەر وانەیەکی (عبور)ی هەبێت، پێویستە خوێندکار دووبارە پارەی هەمان وانە بداتەوە، ئەوەش بەپێی بڕگەی یاسایی تایبەت رێکخراوە، وەزارەت ئاگادارە و سیستمەکە بۆخۆی وایە و هیچ بڕیارێکی نوێ نییە بۆ دەستکاریکردن و کەمکردنەوەی پارەی ئەو وانە (عبور)انە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان