ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف
خۆڵه‌مێش
من به‌دڵ بۆ ئه‌و ئاسن و به‌ردانه ده‌گریم كه ورده ورده ده‌توێنه‌وه، هه‌ندێجار كه‌فاوێك ده‌بینم وێنه‌ی هاوارێكه كه له ژێر خۆمه‌وه ده‌یبینم و ده‌بم به خۆڵه‌مێش، هیچ كاتێك ئه‌وه‌نده نه‌ترساوم كه خۆڵه‌مێش ده‌ورم ده‌دات، ئاخر هه‌ر به‌وجۆره‌یه، تینی ئاگر به خۆڵه‌مێشی خۆی داده‌مركێته‌وه، هیچ هه‌ناسه‌یه‌كم بۆ ناهێلێته‌وه تاوه‌ك ئه‌وانیتر به بێده‌نگی بتوێنمه‌وه. ئه‌م چیرۆكه كورته یه‌ك شتم پێده‌ڵێت ئاگر سڵ ده‌كاته‌وه له خۆڵه‌مێشی خۆی، نه‌وه‌ك تواندنه‌وه‌ی ئاسن و به‌رد كه‌فی هاوار.
یه‌ك چاره‌نووس
خۆت به‌و جۆره دابنێ كه ده‌نكه جۆیه‌كی، نانی جۆش هه‌ر هه‌یه‌و له مێژه هه‌ر بووه، شاعیرێكی میسری ده‌ڵێت، نانی جۆ هه‌یه و بیره‌ش له‌جۆ دروستده‌كرێت، ئیتر نازانم كێ دادگای نانی جۆ و بیره ده‌كات. بیهێنه به‌رچاوت ده‌مه‌و ئێواره‌یه‌كه و باران ده‌بارێت، له ژووره‌وه‌و له‌ودیو هه‌ڵمی په‌نجه‌ره‌وه ئاسمان له چه‌ترێك ده‌چێت به‌ده‌م رێوه بیر له بیره‌یه‌ك بكاته‌وه، بیره‌ی ته‌نهایی، هه‌روه‌ك چۆن نانی غه‌ریبی هه‌یه، ئاسمان و باران و په‌ڵه‌هه‌ور و چه‌تری ته‌نهایی هه‌یه. ئه‌و دێته شوێنی تۆ، تۆ ده‌بیته په‌ڵه‌هه‌ور. ئه‌و به‌و هه‌موو ته‌ڕیی و لێزمه باران و چه‌تره‌كه‌ی له‌شوێنی تۆ دانیشتووه، وه‌ك تۆ بیرده‌كاته‌وه، تۆ ده‌بیته ئاسمان و هه‌ور و باران پیاسه‌یه‌كی ئه‌ودیو په‌نجه‌ره‌ت پێده‌كات به‌ڵام روخسه‌ت له چه‌تره‌كه‌ی ئه‌و ده‌خوازیت، تاوه‌كو ئه‌و ته‌ڕ نه‌بێت به بای ده‌نكه جۆیه‌كانی تۆ، كه دڵۆپه بارانه‌كان مه‌ست ده‌كه‌ن.
دایك
له یه‌كێك له رۆژنامه میسرییه‌كاندا جوانترین كورته چیرۆك بوو به هه‌واڵی ئه‌و رۆژه.
ناوی خۆم ناڵێم، ته‌مه‌نم نۆ ساڵانه له یه‌كێك له‌و قوتابخانانه ده‌خوێنم كه نزیكه له ماڵه هه‌ژارنشینه‌كان، ناچاربووم له‌به‌ر چه‌ند نمره‌یه‌ك هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌و رۆژه دوا نه‌كه‌وم له نووسینی داڕشتن له‌سه‌ر بابه‌تێك.
له‌سه‌ر كورسی پۆل دانیشتووم، مامۆستا ئامۆژگاری كردین، داڕشنێك بنووسین له سه‌ر دایك و میهره‌بانییه‌كانی ( له ناونیشانه‌كه‌وه ده‌ستم كرد به گریان، مامۆستا سه‌ری سوڕما له‌وه‌ی من به‌ته‌نها دێڕێك ده‌گریم، ده‌ستیش هه‌ڵناگرم، ئه‌م دێڕه‌م نووسی. ئه‌مڕۆ سه‌ر له به‌یانی دایكم كۆچی دوایی كرد ئیتر من به ته‌نها مامه‌وه).
په‌ڕینه‌وه
پاش زیاتر له چل ساڵ له ئه‌زموونی نووسین به‌مشێوه ده‌ستیپێكرد:
ئامۆژگارییه‌ك بۆ هه‌موو ئه‌و نووسه‌رانه‌ی كاتێك ده‌ستده‌كه‌ن به نووسین له هه‌موو وشه و دێڕێكدا ئاوڕ له‌ملاو لای خۆت بده‌ره‌وه، له ته‌واوبوونی هه‌ر رسته‌وه په‌ره‌گرافێكدا زیاتر روانینه‌كانت رووه‌و ئاسمان بێت، ره‌شكردنه‌وه‌ی هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپی هێڵی په‌ڕینه‌وه‌یه بۆ ژیانێكی تر، كه خوێنه‌ره، جارجاره پشوویه‌ك بده، هه‌ناسه‌ی قووڵی خه‌یاڵ هه‌ڵمژه، پیاسه‌یه‌ك گه‌رچی كورت و درێژ بێت هیچ كێشه‌یه‌ك نییه، له‌و كاتانه‌ی بیر له نووسین ده‌كه‌یته‌وه تووڕه مه‌به، هه‌وڵبده رۆحت وه‌ك لاپه‌ڕه‌كانی به‌رده‌ستت سپی بن، ته‌مسیل مه‌كه بۆ نووسینی بابه‌تێك كه هێشتا نه‌تنوسیوه، نووسین هه‌ناسه‌یه و گه‌ڕانه‌وه‌ی نییه، هیچ هه‌ناسه‌یه‌كیش وه‌ك خۆی دووباره نابێته‌وه، وه‌ك مه‌له‌كردن، نووسه‌رانی به ئه‌زموون به‌رله‌وه‌ی یه‌كه‌م هه‌نگاو بنێن ئاوڕ له ده‌وروبه‌ر خۆی ده‌داته‌وه، ناسینی ئه‌وانیتر هه‌وڵی یه‌كه‌مه بۆ په‌ڕینه‌وه به‌سه‌ر پردی كتێبدا.
له‌كاتێكدا تۆی نووسه‌ر ناخت ده‌كوڵێت، هه‌وڵبده به‌دیار جوانییه بێده‌نگه‌كانه‌وه دانیشیت، ئه‌و شتانه‌ی هه‌ن و زمانی موزیكی خۆیان له‌ناو بادا دروستده‌كه‌ن، جووڵه‌ی بوونه‌وه‌ره ورده‌كان كاتێك ده‌یانه‌وێت یاریی له‌گه‌ڵ تۆدا بكه‌ن، ئه‌و ره‌نگانه‌ی حه‌زیان پێناكه‌یت ئاشتیان بكه‌ره‌وه، دووكه‌ڵ ده‌یان ره‌نگی هه‌یه، به‌ڵام له‌ژێر كام نووسیندا ئاگرێك هه‌یه، ئاگر كاتێك دارستانێك ده‌سووتێنێت سه‌دان و ده‌یان رێگه ده‌دۆزێته‌وه بۆ ئاوڕدانه‌وه و ئه‌ملاو ئه‌ولای خۆی.
نه‌گه‌یشتمه ماڵه‌وه زه‌نگی مۆبایل لێیدا، هه‌واڵه‌كه به په‌له له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبۆوه، كه فڵان نووسه‌ر له كاتی په‌ڕینه‌وه به شه‌قامدا گیانی له‌ده‌ستدا.
رسته‌یه‌كی رۆمی
شه‌وانه مه‌ست ده‌بم به دیار كتێبێكی رۆمییه‌وه، له شه‌مس گه‌ڕێن كه دوای ئه‌و كه‌وتووه، له خه‌یاڵی مندا شه‌مس جوانییه نه‌وه‌ك رسته.
ماوه‌یه‌كه رقم له خۆم ده‌بێته‌وه، له هه‌موو شتێكی خۆم، ته‌نانه‌ت له سێبه‌ره‌كه‌شم كه هه‌رچه‌ند ده‌ڕۆم له كۆڵم نابێته‌وه. به‌ڵام كاتێك ده‌گه‌مه ئه‌و رسته‌یه‌ی ده‌ڵێت: چه‌نده بێزار بیت ئاوێنه‌یه‌ك هه‌یه شه‌وق و ئیشراقی تۆ له‌وێدایه، به ئارامی ده‌خه‌وم و كاتێك له خه‌و هه‌ڵده‌ستم كتێبه‌كه‌ی رۆمی به كراوه‌یی له‌سه‌ر هه‌مان دێڕ له‌ژێر سه‌رینه‌كه‌مدایه.
ئه‌و شه‌وه بۆ نه‌گبه‌تی شه‌مسی ته‌برێزی هاته خه‌وم، من له به‌غدا بووم. هیچ شتێكم شك نه‌ده‌برد، بۆ به‌ڕێوه‌چوونی عومر. ته‌نها كتێبه‌ی مه‌ولانا نه‌بێت، من. ده‌رگام له هیچ كه‌سێك نه‌ده‌كرده‌وه، كه وتم زه‌لام كێیت؟ وتی شه‌مسی ته‌برێزیم.
بۆ ماوه‌یه‌ك وه‌ستام.
راچڵه‌كیم، ئه‌وه‌ی من بینیم، زۆر زیاتر له‌وه‌ی گوێم لێ‌بوو ترساندمی.
ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له شارع موته‌نه‌بی روویدا.
به ده‌نگ و وێنه‌وه بینیم.
ده‌رگام له شه‌مس كرده‌وه. ئاسمانی به‌غدا پڕ بوو له لاپه‌ڕه، به هه‌موو كتێبه‌كانی ئه‌سمه‌عی، موته‌نه‌بی، ئه‌بولعه‌تاهیه، موعه‌له‌قاتی سه‌بعه. له به‌ختی ئه‌و شه‌وه كه ره‌شه‌با هه‌ڵیكردبوو، یه‌ك لاپه‌ڕه له كتێبی فیه مافیه رۆمی له‌به‌رده‌م شه‌مسدا كه‌وته خواره‌وه.
ئه‌و ماندوو بوو نه‌یده‌تواتی، بچه‌مێته‌وه، ئێ به‌و ژیانه تاریكییه راهاتبووم، هه‌رچۆنێك بێت ده‌ستم گه‌یشته لاپه‌ڕه‌كه، به شه‌مسم وت: ئای كه جوانه لاپه‌ڕه‌كه‌ی مه‌ولانا ته‌نها یه‌ك وشه‌ی تێدا نووسراوه و له ساده‌ترین مانادا وێنه‌یه‌كی خه‌یاڵی تۆ، تۆ بڕوانه، وێنه‌ی خۆرێكه له دوا ئێواره‌ی وه‌رزی پایزدا.
دڵم له ژێر سه‌رینه‌كه‌دایه
مناڵبووم نه‌نكم ده‌یوت، به قوربانیبم بێ ئه‌م سه‌رینه له هیچ شوێنێك هه‌ڵناكه‌م و خه‌وم لێناكه‌وێت. باوه‌شی پێدا ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م شه‌وی بووكێنی بێت. به‌رگی سه‌رینه‌كه پڕاوپڕ بوو له راوچی كه به دوای ئاسكێكدا رایان ده‌كرد. هه‌ندێجاریش باپیره‌م كه دوو هۆده و سه‌ربانێكی گڵی مابوو، له‌گه‌ڵ باگردێنێك كه له چیرۆكی (باگردێنێك كه‌وته قسه) ده‌كه‌م پاسه‌وانی باوه‌شێك له تاریكی بوو، له بیرم دێت هێشتا له ژیاندا مابوو، برۆ ئه‌ستووره‌كانی، چاوه مۆڕه‌كانی، وێنه‌یه‌ك به‌سه‌رسه‌رییه‌وه كه سواربووه، ئه‌وه باپیره‌م بووه.
باپیره‌شم ده‌یگوت، سه‌رین بۆ ژێر باڵی پیاو شه‌هامه‌ت و كه‌رامه‌ته.
ئێستا منیش گه‌وره بووم، پێده‌چێت ببم به باپیره هه‌مان قسه‌ی نه‌نكم دووباره بكه‌مه‌وه.
سه‌رین و شوێن دوو هاوكێشه‌ی جیاواز نین، له هه‌مان كاتیش‌دا دوو وێنه‌ی جیاوازن له شوێن، سه‌رین ده‌ستكرده و شوێن سروشتییه، ده‌كرێت شاخ، پێده‌شت، سه‌حرا بێت، یان سه‌ر رووی ئاو بێت، به‌ڵام سه‌رین سیحره‌كه‌ی له‌وه‌دایه له یه‌ك شوێندا ده‌مێنێته‌وه و بێده‌نگه زۆرجاریش ده‌ستاوده‌ست ده‌كات. پاشان له بیرم نه‌چێت شه‌ڕه‌سه‌رینم بیستووه.
رۆحی سه‌رین، یان لۆكه‌یه، یان په‌ڕی باڵنده.
زۆر قورس نییه، سه‌رین نه شه‌هامه‌ته و نه كه‌رامه‌ته، داپیره‌م راستی كرد، ئه‌گه‌ر وێنه‌كان جیاوازن، لێیگه‌ڕێ سه‌رینه‌كه‌ی داپیره‌م چیرۆكی هه‌موان بگێڕته‌وه وریابن، ده‌نگ له‌ناو په‌ڕی باڵنده‌كاندا ده‌مێنێته‌وه.
پێش خه‌وتنمان له ماڵی باپیره گه‌وره‌مان.
وه‌ك لۆكه مه‌خه‌ون.
باپیره‌م كه چاوه‌كانی له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كانی گه‌وره‌تربوون، له په‌ناوه سه‌رینی مناڵه‌كانی ده‌دزی، تاوه‌كو شه‌و به ئارامی بخه‌وێت. له‌و وێنه گه‌رمانه‌ی جاراندا له پڕێكدا و له‌وپه‌ڕی نا ئارامی خه‌ودا به‌فر ده‌باری.
باپیره‌م ده‌بینی به ناچاری به به‌فرماڵێكه‌وه دڵی ساردی سه‌ر داپیره‌می لاده‌برد.
دایه‌گه‌وره به پێچه‌وانه‌ی باپیره‌وه، چاوه شینه‌كانی وه‌ك ئاسمان، پێسته په‌مه‌ییه‌كه‌ی له‌ژێر له‌چكێكی سپی‌دا كه هه‌میشه نوێژی ده‌كرد، گورجوگۆڵ وه‌ك تووتی، به كورتی بۆنی چێشته‌كه‌ی ئێوارانی حه‌وت گه‌ڕه‌كه‌ڕێ ده‌ڕۆیشت، كه‌چی باپیره‌م هه‌ر بۆڵه بۆڵی بوو، چاوی... هه‌ردوو چاوه‌كانی به برۆ ئه‌ستووره‌كانییه‌وه ئێواره‌ی لێده‌هات هه‌ر له‌سه‌ر تاریكایی دوو هۆده و سه‌ربانه گڵه‌كه بوو.