کەشکۆڵی نەجمەدین مەلا گەنجینەیەکی پڕ لە مرواری

10:55 - 2023-04-04
کەلتور
367 جار خوێندراوەتەوە

د. ئاراس محەمەد ساڵح

کەشکۆڵی نەجمەدین مەلا، یان: یادی شەوێکی بەکرەجۆ، شاکارێکی مامۆستا نەجمەدین مەلایە، ساڵی 1954 نووسیویەتی، ئەم بەرهەمە بە پێزە ساڵانێکی زۆرە بەشێک لە توێژەران و نووسەران وەک سەرچاوە بەکاریانهێناوە و لە بەرهەمەکانیاندا ئاماژەیان پێکردووە، بەڵام لە کتێبخانەکاندا نەبووە، ئەم گەنجینەیە هەتا ساڵی 2022 چاپ نەکراوە و بە دەستنووسی ماوەتەوە و لای مامۆستا بەیاد عەبدولقادر پارێزراوە، نووسەر خەلیل عەبدوڵڵا لە ریگەی مامۆستا بەیادەوە دەستنووسەکەی دەستکەوتووە و سەرپەرشتی چاپکردنی کردووە، مامۆستا عوسمان هەورامی پێیداچووەتەوە، لە قەبارەی 1010 لاپەڕەدا بە دیزاین و ئاستێکی هونەری بەرز لەسەر ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری چاپکراوە.
 لەگەڵ ناردنی درود بۆ گیانی مامۆستایان نەجمەدین مەلا کە هەموو ژیانی خۆی تەرخانکردووە بۆ خزمەتکردن بە بزاڤی خوێندن و رۆشنبیری لە کوردستاندا، درود دەنێرین بۆ گیانی مامۆستایان بەیاد عەبدولقادرو عوسمان هەورامی، هەروەها دەستخۆشی زۆرمان بۆ نووسەر خەلیل عەبدوڵڵا هەیە، کە ئەم کتێبە بەنرخەی ئامادە کردووە و لەسەر ئەرکی وەزارەتی ڕۆشنبیری چاپیکردووە، هەرچەندە دەبوو ئەم کتێبە زووتر چاپبکرایە و کەلێنێکی گەورەی لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ بکردایەتەوە، بەڵام ئێستاش درەنگ نیە، هەوڵ و ماندووبوونی ئەم دڵسۆزانە جێگەی ستایش و نرخاندنی زۆرە.
ئەم بەرهەمە ناوازەیە ماندووبوونی زۆری پێوە دیارە، لە رووی هونەری چاپەوە لە ئاستێکی زۆرباشدایە، هەروەها هەڵەچنی کراوە و پێداچوونەوە و داڕشتنی بۆ کراوە، لەگەڵ کتێبەکەدا جارێکی تر دەستنووسەکە چاپکراوەتەوە، لەگەڵ وێنەی چەند دەستنووسێکی تری نەجمەدین مەلادا، ئەمەش بەهای زانستی و مێژوویی خۆی هەیە بۆ توێژەران و لێکۆڵەرانی بواری ئەدەبی کوردی.
 لە دووتوێی ئەم کەشکۆڵەدا کورتەیەک لە ژیانی پەنجاوحەوت شاعیر تۆمارکراوە، لەگەڵ نمونەی شیعرەکانیان، ئەوەی جێگەی بایەخە لەم شاعیرانە، بیست شاعیریان هاوسەردەمی نەجمەدین مەلا بوون و زانیارییەکانی لە دەمی خۆیانەوە وەرگرتووە، ئەمەش گرنگی زۆری لە رووی میتۆدی لێکۆڵینەوەی زانستییەوە هەیە، چونکە ژیانی زۆرێک لە شاعیران و نووسەرانی کورد لە ریگەی خەمڵاندن و گێڕانەوەی دەماودەمەوە وەرگیراوە، ئەمەیش وایکردووە هەڵە و شتی ناڕاستی تێبکەوێت.
هەرچەندە نووسەر ئەوانەی نەبینیوە
لەو شاعیرانەی باسی کردوون پانزدە شاعیریان نزیکی سەردەمی نەجمەدین مەلا بوون، هەرچەندە نووسەر ئەوانەی نەبینیوە، بەڵام کەسانێکی تری نزیکی ئەو شاعیرانەی بینیوە و زانیاری لەسەر ژیان و بەرهەمە شیعری و ئەدەبییەکانی لێوەرگرتوون، لە هەمان کاتدا بیست و دوو شاعیریان پێش سەردەمی نەجمەدین مەلا بوون، لە ریگەی دەستنووس و کەسانی دەوروبەریانەوە زانیاری لەبارەیانەوە نووسیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ لە زانیاریەکانی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە، بۆ نمونە لە باسی مەولانا خالید و پیر مکائیلی شەش پەنجەدا، پیرمکائیلی دەودانی هێناوە بۆ دوو کیلۆمەتر لە رۆژئاوای سلێمانی، ئەم زانیاریە لە جێگەی خۆیدا نییە و پێویستی بە راستکردنەوە هەیە.
هەرچەندە زانیارییەکانی کورتن، بەڵام بە چڕوپڕی شتی بە نرخی لە بارەی ژیان و بەرهەمەکانیانەوە تۆمارکردووە، بەشێکی ئەو شیعرانە راستەخۆ لە شاعیرەکان وەرگیراون، یان لە کەسێک وەرگیراون کە ئەو شاعیرانەی بینیوە، ئەم شێوازە لە نووسین گرنگی و بایەخی زیاتری هەیە و جێگەی گومان نییە. 
نەجمەدین مەلا بۆ شاعیرەکانی پێش خۆی دەستنووس و بەیاز و سیپارە و کەشکۆڵی دەستکەوتووە، توانیویەتی بە پشبەستن بەو سەرچاوانە بەشێک لە ژیان و نمونەی شیعری ئەو شاعیرانە لەناو کەشکۆڵەکەیدا تۆمار بکات، ئەمەش خاڵێکی بەهێزی نووسینەکەیەتی و وەک سەرچاوەی رەسەن سوودی لێوەردەگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ شاعیرەکانی پێش سەردەمی خۆی لە هەندێ جێگەدا پشتی بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و زانیاری پشتڕاستکراوە نەبەستووە، یان لەو رۆژگارەدا سەرچاوەی پێویستی دەستنەکەوتووە.
کاتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە
نووسەر توانیویەتی سوود لە رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو رۆژگارە و ئەوانەی پێش خۆی دەرچوون وەربگرێت، لە بەشێک لەو سەرچاوانەدا بەرهەمی شاعیرانی کلاسیک بڵاوکراوەتەوە، هەروەها خودی شاعیرانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم کە هاوسەردەمی نووسەر بوون، یەکێکی ترە لە سەرچاوەی رەسەنی نەجمەدین مەلا، بۆ نووسینەوەی کەشکۆڵەکەی راستەوخۆ زانیاری لێوەرگرتوون و بەرهەمەکانی تۆمارکردوون.
ئەم کەشکۆڵە لە باسی ژیان و نمونەی بەرهەمی شاعیراندا گرنگی زۆری هەیە، خاڵیکی تری گرنگی ئەم کەشکۆڵە ئەوەیە باسی پەیوەندی نێوان شاعیران و نووسەرانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمی کردووە، ئەو قۆناغەش کاتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە و سەرەتای گەشانەوەی بزاڤی ئەدەبی و زمانەوانی رۆژنامەنووسی کوردی بووە، هەربۆیە ئەو جوڵانەوە ئەدەبیەی ئەو قۆناغە هەستیارە پێویستی بە توێژینەوەی زانستی فرە رەهەند هەیە.
ئەوەی تێبینی دەکرێت لە کاتی گواستنەوەی نمونەی شیعری ئەو شاعیرانەی باسی کردوون، زیاتر نمونەی شیعری نیشتمانی و نەتەوەیی نووسیوە، یان ئەو شیعرانەی باسی کێشەکانی کۆمەڵیان کردووە، بۆ شاعیرانی سەردەمی نوێش جگە لە شیعری نیشتمانی، نمونەی ئەو شیعرانەی نووسیوە کە هانی خەڵکی دەدەن بۆ خوێندن و خوێندەواری و دژایەتی نەزانی و دواکەوتوویان کردووە، بەم هەنگاوەشی ویستویەتی بە تیرێک دوو نیشان بشکێنی.
سەرچاوەیەکی گرنگە
ئەو شاعیرانەی لەم کەشکۆڵەدا باسی ژیان و شیعریان کراوە، هەندێکیان زۆر ناسراون و دیوانی شیعری چاپ کراویان هەیە، وەک مەولانا خالید و حەریق و زێوەرو رەنجوری و...هتد، هەندێکیان ناویان هەیە وەک شاعیر، بەڵام ژیان و شیعریان بەردەست نیە، وەک حیکمەت و ئەمیر و خەستە و...هتد، هەندێکیان وەک شاعیر نەناسراون، نە شیعر و نە دیوانیان نەبینراوە، وەک: مەلا ئەحمەدی چاوەماری دێلێژە، حاجی قادری مکایەڵی، جەمال عیرفان، ئەحمەد سەردار، لەم کەشکۆڵەدا باسی ژیان و نمونەی شیعریان بڵاوکراوەتەوە، ئەم کەشکۆڵە لەم رووەوە سەرچاوەیەکی گرنگە و دەکرێت لە داهاتوودا هەوڵی دۆزینەوەی ژیان و بەرهەمی ئەم شاعیرانە بدرێت و بەرهەمەکانیان لە لەناوچوون رزگار بکرێت.
ئەوەی پێویست لێرەدا ئاماژەی پێبکرێت چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم گەنجینە بەنرخەی نەجمەدین مەلا، هەنگاوێکی زۆر باشە و جیگەی دەستخۆشی نووسەر خەلیل عەبدوڵڵا و هاوکارەکانیەتی، بەم هەوڵەیان سەرچاوەیەکی ڕەسەنی زمان و ئەدەبی کوردیان خستە سەر خەرمانی نەجمەدین مەلا و کتێبخانەی کوردیان پێ ئاوەدانکردەوە، بەو هیوایەی ئەمە دواکاریان نەبێت لەم بوارەدا. 
نەجمەدین مەلا یەکێکە لەو بەهرەمەندە گەورانەی خزمەتی زۆری بزاڤی خوێندن و ڕۆشنبیری کردووە، بڕوای وابوە خوێندەواری تەنها ریگای رزگاری میللەتەکەیەتی و نیشتمانەکەی تەنها لە ریگەی زانست و خوێندەوارییەوە پێش دەکەوێت، لەو پێناوەشدا هەموو ژیانی خۆی کردووەتە قوربانی و کەشتی نوحی کردووەتە فریادڕەس بۆ رزگاربوونی نەتەوەکەی لە لافاوی نەزانی و دواکەوتوویی.
  خەڵکی فێری خوێندەواری کردووە
ئەم مامۆستا دڵسۆزە لەگەڵ ئەوەدا خوێندنگەی کەشتی نوحی لەسەر ئەرکی خۆی کردووەتەوە و بەردەوام خەڵکی فێری خوێندەواری کردووە، لە هەمان کاتدا رۆشنبیرێکی بە توانای سەردەمی خۆی بووە و لە زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا چیرۆک و شیعر و وتار و گەلێک بابەتی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و سیاسی بڵاوکردۆتەوە.
لە ناو خوێندنگەی کەشتی نوحدا کتێبخانەیەکی کردۆتەوە بۆ دابینکردتی بژێوی ژیانی کە ژیانێکی کولەمەرگی هەبووە، کتێب و رۆژنامە بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەی تێدا فرۆشتوە، بەم کارەشی هەم بژێوی خۆی دابینکردووە، لەهەمان کاتدا خزمەتی بە خوێنەرانیش کردووە.
ئەم مامۆستا دڵسۆزە لە خوێندنگەکەیدا نزیکەی حەوت ھەزار کەسی فێری خوێندەواری کردووە، بەردەوام خولی زمانی فارسی کردوەتەوە و ژمارەیەک خەڵکی فێری زمانی فارسی کردووە، کەشتی نوح لە رۆژگاری خۆیدا رۆڵی گەورەی هەبووە لە خزمەتی توێژی بازاڕ و رۆشنبیران و رۆژنامەنووساندا.
یادی شەوێکی بەکرەجۆ، یان کەشکۆڵی نەجمەدین مەلا، یەکێکە لە شاکارەکانی ئەم نووسەرە، ئەم گەنجینەیە سەرچاوەیەکی زۆر بە پێزە بۆ توێژەرانی بواری ئەدەبی کوردی و بزاڤی رۆشنبیری، دەستخۆشی زۆرمان بۆ نووسەر خەلیل عەبدوڵڵا و هەموو ئەو خەمخۆرانەی لە پێناو چاپکردن و بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە ناوازەیەدا ماندووبوون و هەوڵی زۆریانداوە هەتا بە جوانترین شێوە و بێ هەڵەوپەڵە چاپ و بڵاوبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان